عەقڵی جەماوەری و نائاگایی سیاسی، وەک مەڕەکانی پانورگ

10:50 - 2025-07-28
د. تارق جەوهەر سارمەمی
74 خوێندراوەتەوە

سیاسەت قەدەر نییە، گوێڕایەڵییش فەزیلەت نییە، کۆمەڵگە بەهێزەکان ئەوانەن، کە منداڵەکانیان بە شێوەیەکی وا پەروەردە دەکەن، رەخنەگر و بە گومانی ئەرێنی بن، بەرپرسیارێتی تاکەکەسی هەڵبگرن، نەک کەسێکی ملکەچ و کوێرانە گوێڕایەڵ بن

لەسەردەمی تەنگەژە سیاسییەکاندا، جەماوەر لەڕووی سۆزەوە، نەک عەقڵەوە،  زیاتر ئامادەیی تێدایە بۆ ئەوەی بەڕێوەببرێت، رۆمانێکی تەنزئامێزی فرانسوا رابێلی فەرەنسی هەیە، بەناوی Gargantua and Pantagruel 
(«گارگانتوا و پانتاگرول) کە لە سەدەی شانزەیەمیندا نووسراوە، من نامەوێ تەواوی رۆمانەکەتان بۆ باس بکەم، بەڵام دیمەنێکی سەیری زۆر رەمزیی تێدایە جێگەی سەرنجە.

ئایا بەڕاستی ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و زیندوو و دیموکراتدا دەژین؟ یان وەک چیرۆکی مێگەلە مەڕەکە بەرەو دەریا دەڕۆین؟ ئایا کە کۆمەڵگە شاری گوێڕایەڵی کوێرانە بوو، ئەرکی دەستەبژێری سیاسی، ئاینی، رۆشنبیر، میدیاکار و چالاکوانی چاوکراوە ئەوەیە دەست بەچاویانەوە بگرن؟

 لە رۆمانەکەدا پیاوێک بە ناوی (پانورگ) لەگەڵ بازرگانێکی مەڕداری چاوچنۆک کە ناوی (دۆندۆ)یە لەسەر کەشتییەک دەبن، دەبێتە شەڕ و دەمەقاڵێیان، پانورگ هەست دەکات سووکایەتی پێکراوە و لە دڵی خۆیدا پلانێکی ژیرانە دادەنێت بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆی لە (دۆندۆ)ی بازرگان بکاتەوە، بۆ بەیانییەکەی پانورگ دەچێتە لای دۆندۆی و بە پارەیەکی زۆر باشترین مەڕی لێدەکڕێت و لەپێش چاوی ئەوەوە، مەڕەکە فڕێ دەداتە ناو دەریاکەوە. 
هەر کە مەڕەکە دەکەوێتە خوارەوە، باقی مەڕەکانی دیکەی دوندی یەک بەدوای یەک خۆیان فڕێدەدەنە ناو دەریاکە و هەموویان دەخنکێن. تەنانەت خودی بازرگانەکەش، کە دەستی بەدوا مەڕەوە گرتووە، ئەویش دەکەوێتە ناو ئاوەکە و لەگەڵ مەڕەکانیدا دەخنکێت. 
تائێرە رەنگە چیرۆکەکە وا دەربکەوێت کە بابەتێکی ئەدەبی و کۆمیدییە، بەڵام لە راستیدا مانایەکی قووڵی هەیە و ئاوێنەیەکی روونە بۆ هەڵسەنگاندنی رەفتاری مرۆڤەکان کە لە هەموو سەردەمەکاندا لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤایەتی چەندبارە دەبێتەوە و پێی دەوترێت: گوێڕایەڵیی کوێرانە، رەفتاری مەڕانە و وازهێنان لە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە کە ئەمە کڕۆکی سەرەکیی ئەم نووسینەمانە.
 بیرمەندی فەڕەنسی گوستاڤ لۆبۆن، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی «سایکۆلۆژیای جەماوەر» بە قووڵی باسی ئەم بابەتەی کردووە و دەڵێت: کاتێک کەسێک دەچێتە ناو حەشاماتی جەماوەرەوە، واز لە هۆشیاریی خۆی دەهێنێت، وەک ئەوەی هیپنۆتیزم (خەواندنی موگناتیسی) بۆ کرا بێت، بە وێنە و دروشمی بریقەدار سەرکردایەتی دەکرێت. 

جەماوەر بیرکردنەوەی خۆی هەیە؟
لۆبۆن پێیوایە جەماوەر بیرناکاتەوە، بەڵکو هەست دەکات، لەلایەن سەرکردەیەکەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هەستەکانیاندا بکات. 
مەسەلەکە پەیوەندیی بە زیرەکی یان نەزانییەوە نییە، بەڵکو دۆخێکی دەروونی کۆمەڵایەتییە کە دەبێتە هۆی پەکخستنی عەقڵ و گەورەکردنی غەریزە و قبووڵکردنی هەر کردارێک ئەگەر لە چوارچێوەی کۆدەنگیدا بکرێت.
ئەم رەفتارە (دەستەجەمعییە) کە لە مێژوودا لە کاتی قەیرانەکاندا دووبارە دەبێتەوە، پێدەچێت بە توندی لە دیمەنی سیاسیی عیراق و هەرێمی کوردستانیشدا رەنگدانەوەی هەبێت، چونکە لێرەش لە شێوازی حوکمڕانی و سەرکردایەتیکردنی خەڵکدا، گوتاری سۆزداری بەسەر دیدگای عەقڵانییەتدا زاڵە. 
لەدوای هەڵبژاردنەکان دەبینین چەندین کەس لە جەماوەر کەسێک یان حزبێک هەڵدەبژێرن دواجار خزمەتیان ناکات، زۆر جار خەڵک داکۆکی لە سیاسییەک کردووە، بەڵام لەکاتی تەنگانەدا بێ هیوایان دەکات، تەنها لەبەرئەوەی شوێن پێی مێگەلی مەڕەکە کەوتوون، یان خۆیان داوەتە دەست پەتای ترس لە حزب و ئیمتیازات، مەزهەبی ئایینی و هێماسازییەوە.

ئامادەبووان بەبێ پرسیار
لە دۆخی سیاسیی کۆمەڵایەتی زۆرێک لە وڵاتان بە عیراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، بە ئاشکرا هەست بەم حاڵەتەی مەڕەکانی پانورگی دەکەین، چونکە تەنها بە قسە و ئاماژەیەکی سەرکردەکان یا سەرۆک هۆز و پیاوە ئایینییەکان بە شەو و رۆژێک هەڵوێستی تاک و بارودۆخەکان دەگۆڕدرێن. 
لەناو حزبەکاندا هەندێ لە بەرپرسانیان لە هەندێ پرس و بابەتدا ناوێرن رای راستەقینەی خۆیان دەربڕن لەترسی بێزاربوون و توڕەبوونی سەرکردە باڵاکان، لەبەر ئیمتیازات و پۆستەکانیان لەگەڵ بڕیارەکەی سەرۆک یان سکرتێرەکەیان کۆک نین، بەڵام بێ هەڵوێستانە خۆیان دەگونجێنن، ناوێرن رای راستەقینەی خۆیان دەربڕن.
 لەناو بەشێکی بەرچاوی نوخبەی رۆشنبیری و راوێژکاران و میدیاکاران لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، لە کات و شوێنی خۆیدا وەک پێویست لەگەڵ سەرووی خۆیاندا ناتوانن رای جیاواز و راستەقینەی خۆیان بخەنەڕوو، یان لە هێڵە سوور و گشتییەکەی حزب یان دامەزراوەکەیان لابدەن، نەبادا بکەونە بەر سەرکۆنە و رەخنەی سەروویان و لە کارەکەیان دوور بخرێنەوە. 
دیمەنی ناو کایەی سیاسی و کۆبوونەوەی حزبایەتی و دەرکەوتنی میدیایی و تەنانەت لە مەجلیسی نێو دیوەخانەکانیشدا، زۆرجار مرۆڤەکان، بە سیاسی و رۆشنبیر و هاووڵاتیانیشەوە خاوەنی را و هەڵوێستی خۆیان نین، دیمەنەکان وەک مەڕەکانی پانوگن، وا دەردەکەوێت کە هەمووان چاوەڕێی «مەڕی یەکەم» بکەن تا باز بداتە ناو ئاوەکەوە و ئەوانی دیکەش بێ دوودڵی بەدوایدا بڕۆن.

بۆچی کۆمەڵگە دەبێت بە مەڕ؟
گۆڕینی رەفتاری مرۆڤەکان بۆ رەفتاری مەڕئاسا بێ هۆکار دروست نابێت، وەک دەڵێن هیچ  دووکەڵێک بێ ئاگر نییە، رەنگە بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەمانەوە هەبێت:
- نەبوونی پەروەردەیەکی راست و دروست بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆی تاک.
- بڵاوبوونەوەی وتاری دیماگۆگیەت، پۆپۆلیزمی و دروشمە پووچەکان لە سۆشیال میدیاکاندا.
-  گۆڕینی سیاسەت بۆ بەیعەتێکی سۆزداری و (کۆیلەبوون)  نەک عەقڵانییەت. 
کاتێک هاووڵاتیان کە گوێ لە گوتاری سیاسەتمەدارێکی حزبی یان ئایینی و رۆشنبیری دەگرن، لەخۆیان ناپرسن ئەو سیاسییە، جا لە (دەسەڵات بێت یان ئۆپۆزسیۆن) ئەوەچی دەڵێت؟ بۆچی وادەڵێت؟ چۆن شتی وادەبێت؟ واتە پرسیار و گومان لەسەر قسە و هەڵوێستی سیاسییەکان و دەستەبژێران دروست ناکەن؟ وەک گۆستاف لۆبۆن دەڵێت: تاک کە دەکەوێتە ناو حەشامات کەسایەتی و تایبەتمەندێتی بیرکردنەوەی خۆی لەدەست دەدات و دەکەوێتە ژێر کاریگەریی حەماس و وروژاندنی دەستەجەمعی کۆبوونەوەی حزبی یان جەماوەرییەوە، بەم شێوەیە بەشێکی زۆری مرۆڤەکان دەکەونە ناو بازنەی تەسلیم بوون بە گوێڕایەڵی بەکۆمەڵ، کە کۆتایی بە هەر هەوڵێکی رەخنەگرتن یان گۆڕینی هەڵوێستی کەسەکە دەهێنێت.

مەڕی سیاسەت، یان قوربانییەکانی؟
جێگەی داخە کە دەبینین توێژە گەورەکانی کۆمەڵگە بوونەتە ئامرازێک بە دەستی ئەو کەسانەوە کە شارەزان لە هونەری وروژاندن و ئاڕاستەکردنی هەستەکان، بەداخەوە لەم زەمەنەدا بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا:
- زۆربەی حزب و سەرکردەکان لە عیراق و ناوچەکە، ترس و ناسنامە و سەربەخۆیی وەک چەکی کۆنتڕۆڵکردنی ئیرادەی تاکەکان بەکاردەهێن بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا.
- بە ناوی پاراستنی «بەرژەوەندیی باڵا» یان «سەقامگیریی» وڵات، دەرگای پرسیارکردن و رای جیاواز بەڕووی تاکەکاندا دادەخرێن.
- زۆرجار لەلایەن بەشیک لە دەستەبژێری فەرمانڕەواوە بە ئاسانی ئەوانەی رایان جیاوازە و رەخنەدەگرن وەک نەیار یان لایەنگریکردن بۆ لایەنی بەرامبەر تاوانبار دەکرێن.
هەموو ئەمانە وامان لێدەکەن بپرسین: ئایا بەڕاستی ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و زیندوو و دیموکراتدا دەژین؟ یان وەک چیرۆکی مێگەلە مەڕەکە بەرەو دەریا دەڕۆین؟ ئایا کە کۆمەڵگە شاری گوێڕایەڵی کوێرانە بوو، ئەرکی دەستەبژێری سیاسی، ئاینی، رۆشنبیر، میدیاکار و چالاکوانی چاوکراوە ئەوەیە دەست بەچاویانەوە بگرن؟ یان پێشڕەوایەتی خەڵک بکەن و مەشخەڵی رۆشنفکری و هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە داگیرسێنن!

کەس ناچار نییە خۆی  فڕێ بداتە دەریاوە
وەک دەزانین چیرۆکی «مەڕی پانورگ» بە رزگاربوونی هیچکام لە مەڕەکان کۆتایی نەهات، خۆیان و خاوەنەکەیان خنکان، بەڵام ئەگەر تەنها یەک مەڕ بووەستایە و پرسیاری بکردایە: بۆ کوێ دەڕۆین؟ بێگومان چیرۆکەکە بەشێوەیەکی تر کۆتایی دەهات. بۆیە لەم چیرۆکەوە دەربڕینی مەڕەکانی  پانورگ «moutons de Panurge» بووە بە زاراوەیەکی باو لە زمانی فەرەنسیدا، واتە گروپێک بە نائاگایی یان بێ ئیرادەی خۆی بە دوای بۆچوون یان کردەوەی ئەوانی دیکە دەکەوێت.
هەموو جار سیاسەت قەدەر نییە، گوێڕایەڵییش فەزیلەت نییە، کۆمەڵگە بەهێزەکان ئەوانەن، کە منداڵەکانیان بە شێوەیەکی وا پەروەردە دەکەن، رەخنەگر و بە گومانی ئەرێنی بن، بەرپرسیارێتی تاکەکەسی هەڵبگرن، نەک کەسێکی ملکەچ و کوێرانە گوێڕایەڵ بن. 
لەم سەردەمی سۆشیال میدیای پڕ لە دروشمبازی و دووبەرەکییەی ئەمڕۆدا، پێویستمان بە بوێریی پرسیارکردن هەیە، نەک خێرایی گوێڕایەڵی و خۆ فڕێدانە نێو دەریای دەستەجەمعیی مێگەل بوون. پێویستمان بە هاووڵاتییەکی بیرمەندە کە خاوەنی ئیرادە و بیرکردنەوە و رای خۆی بێت، نەک وەک مەڕێک کە بەدوای مێگەلدا بکەوێت، بێ بیرکردنەوە، کوێرانە لاسایی ئەوان بکاتەوە و شوێنیان بکەوێت.
پێویستە لە رۆژگاری باڵادەستیی سۆشیال میدیادا، کە پڕە لە پەیامی وروژێنەر و پۆپۆلیستی و هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری، بە گومانێکی ئەرێنیانە، درۆ و راستییەکان لە قسە و گوفتاری سیاسەتمەدار و مورید و میدیاکانیان جیا بکەینەوە، چونکە بێ رەخنە و پرسیاری جددی و بیرکردنەوەی بابەتی، وەک مێگەلەکەی پانورگ، لەنێو گێژاوی دەریای سۆشیال میدیادا دەخنکێین!. 

وتارەکانی نوسەر