له ماوه‌ی دوو مانگی رابردوو له كوردستان بووم و زۆرترین كاته‌كانم به‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ردا دابه‌ش ببوون، یه‌كه‌میان ئاماده‌بوون و به‌شداریی له رێوڕەسمەکانی تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال و سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه و دووه‌میان ئاماده‌بوون و به‌شداریكردن له كۆمه‌ڵێك چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنی و ئاماده‌كردنی چوار رێوڕەسم بۆ نوێترین كتێبمان بەناوی (هۆڵۆكۆست و تاوانی ئه‌نفال).
له‌ناو كاركردن و سه‌رقاڵیدا؛ بابه‌تێك فیكر و خه‌یاڵی ته‌نیبووم كه ئه‌ویش پرسی (به‌ڵگه‌نامه‌كانی تایبه‌ت به تاوانه‌كانی جینۆساید دژی گه‌لی كورد و كوردستان) بوو، به‌تایبه‌تی (جینۆسایدی ئه‌نفال، جینۆسایدی بارزانییه‌كان، جینۆسایدی هه‌ڵه‌بجه، جینۆسایدی فه‌یلییه‌كان، جینۆسایدی ئێزدییه‌كان، جینۆسایدی قه‌ڵادزێ، جینۆسایدی سه‌یدسادق، جینۆسایدی ئه‌شكه‌وتی ده‌كان، جینۆسایدی ئاوایی سوریا، جینۆسایدی ئۆردگای زیوێ).
ئه‌نجام ئه‌م پرسیاره‌ی له‌لا دروستكردم: (هه‌ریه‌ك له‌و تاوانانه‌ی سه‌ره‌وه پشتئه‌ستوور به كۆمه‌ڵێك نووسراوی ئاڵوگۆڕكراو له‌لایه‌ن سه‌ره‌وه و خواره‌وه‌ی بكه‌ری تاوانه‌كان جێبەجێ کراون؛ به‌شێك له تاوانه‌كان، نیو سه‌ده‌یان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیووه و به‌شێكیشیان له نیو سه‌ده نزیك ده‌بنه‌وه و تێشیاندایه نوێیه، بەنموونە (تاوانی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان). كه‌واته كوان به‌ڵگه‌نامه‌كان وه‌ك به‌شێك له سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی تاوانه‌كان و له كوێن؟، بێگومان كاتێك ئێژین به‌ڵگه‌نامه، ده‌زانین (شایه‌تحاڵ و ئه‌وانه‌ی به‌هه‌ر شێوازێك له چوارچێوه‌ی تاوانه‌كان ده‌ربازیان بووه و ئه‌وانه‌شی كه خاوه‌نی بیرۆكه و نه‌خشه‌داڕێژه‌ری تاوانه‌كان بوون) ده‌چنه چوارچێوه‌ی به‌ڵگه‌نامه (به‌ڵگه‌نامه‌ی زاره‌كی) و ئه‌گه‌ر گرنگتر نه‌بن، هیچیان كه‌متر نییه له به‌ڵگه‌نامه نووسراوه‌كان.
ره‌نگه له وەڵامێكی سه‌رپێیدا هه‌بن بڵێن: (ئه‌وه‌نده تۆ‌ن به‌ڵگه‌نامه له ئه‌مریكایه، ئه‌وه‌نده لای فڵان حزب و رێكخراوه، ئه‌وه‌نده لای فڵان كه‌سایه‌تی و لێكۆڵه‌ر و توێژه‌ر و نووسه‌ره)! با ئه‌وانه هه‌مووی راستبن، به‌ڵام ده‌مه‌وێت به پرسیارێكی ئاسان و ساده وەڵامی پرسیاره‌كه‌ی سه‌ره‌وه بده‌مه‌وه و بێژم: (ئایا تائێستا توانیومانه لانیكه‌م هه‌ر شه‌ش دۆسییه بڕیاردراوه‌كه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و فه‌یلی و بارزانییه‌كان و قه‌ڵادزێ و سه‌یدسادق) به‌ورد و درشتییانەوە له دادگا كۆبكه‌ینه‌وه و چاپ و بڵاوی بكه‌ینه‌وه؟
نه‌خێر؛ كه‌واته هه‌ر قسه‌یه‌كی تر زیاده تا به‌رپرسیارانه له رێگەی دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانییه‌وه تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌ستمانی ده‌گاتێ، به‌ڵگه‌نامه‌كان (نووسراو، زاره‌كی) له‌پێش روودان و دوای روودانی تاوانه‌كان و دوابڕیار و قسه‌ی دادگا كۆنه‌كه‌ینه‌وه و نرخ و به‌های خۆیانیان بۆ نه‌گێڕینه‌وه.
هه‌ر كاراكته‌رێك له‌ناو دامه‌زراوه‌ی حوکمڕانیی هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌م به‌رپرسیارێتییه هه‌ڵبگرێت و ده‌ست بۆ ئه‌م كاره ببات، گه‌وره‌ترین ئه‌ركی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی جێبه‌جێده‌كات و تۆمارێكی گه‌وره‌ی مێژوویی له لێواری فه‌وتان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه!