کارمەندانی پرسگەکان و هاووڵاتیان بەدەست یەکترەوە دەناڵێنن

09:38 - 2024-04-14
ڕاپۆرت
293 جار خوێندراوەتەوە
#زۆرترین بەریەککەوتنی کارمەندانی پرسگە و هاووڵاتیان لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتندایە

رووکاری هەر فەرمانگە یان کۆمپانیا و دامەزراوەیەک بە حکومی و ئەهلییەوە، پرسگەکەیەتی کە پێناسەی ئاستی دیسپلین و بەدەنگەوەچوونی هاووڵاتیان و سەردانیکەرانی ئەو دامەزراوەیە دەکەن.
یەکێک لەو فەرمانگە و پرسگانەی کە زۆرترین بەریەککەوتنیان لەگەڵ هاووڵاتیاندا هەیە بەگشتی، پرسگەی نەخۆشخانەکانە بە حکومی و ئەهلییەوە، لەو رووەشەوە هەریەکە لە کارمەندانی پرسگەکان و هاووڵاتیانیش رووبەڕووی مەینەتیی جۆراوجۆر دەبنەوە کە دەهێنێت لە رێی ئەم راپۆرتەوە تیشک بخەینە سەر بەشێک لە لایەنەکانی مەینەتی هەردوولایان و هۆکار و چارەسەرەکانیش بخەینەڕوو.


راپۆرتی: ئالان محەمەد جەزا


کە سەردانی نەخۆشخانەیەكی حكومی دەكەین كەمجار هەیە ئەو دیمەنە نەبینین كە كێشە و دەمەقاڵێ‌ لە نێوان کارمەندانی پرسگە و هاووڵاتیان و سەردانیكەرانی نەخۆشدا دروست دەبێت، ئەم حاڵەتەش لەنێوان هەردوولادا بە بەردەوامی روودەدات بەتایبەتی لە نەخۆشخانە حكومییەكان، بە پێچەوانەشەوە ئەم رووداوە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا یان هەر نییە، یاخود کەمترە.

نە هەموو  هاووڵاتیان پابەندن بە رێنماییەکانی پرسگەی فەرمانگەکانەوە، نە هەموو پرسگەکانیش رێنماییەکان بۆ هەموان وەک یەک دەسەپێنن

بە وتەی بەشێک لەو کارمەندانەی پرسگەکان کە لەبەر نەبوونی رەزامەندیی سەروو خۆیان بۆ لێدوان بۆ میدیاکان داوا دەکەن ناویان نەهێنرێت دەڵێن: هەندێك هۆكار هەیە كە ئەم كێشانە بەردەوام هەن، دیارە هەردوولا هەم هاووڵاتیان و هەم كارمەندانی پرسگەش مەینەتیی و كێشەی خۆیانیان هەیە، زۆرجار هاووڵاتیان گوێ نادەنە كاتی سەردان و دەیانەوێت بەهەر جۆرێك بێت بچنە ژوورەوە و سەردانی نەخۆشەكەیان بكەن و نایانەوێت پابەندی یاسا و رێنماییەکانی كاتی سەردان بن.
بە دیوێکی دیکەشدا زۆر جار كارمەندی پرسگە هەیە لە مامەڵەدا لەگەڵ هاووڵاتیان جیاوازیی دەكەن لە نێوان هاووڵاتییەکی نەناسیاو و یەکێکی دیکەدا کە هاوڕێیەتی لەگەڵ خۆی یان پۆلیسەکان یان کارمەندێکی دیکەدا هەیە و لەڕێی پەیوەندیی تەلەفۆنەوە واستەیان بۆ دەکرێت، کە زۆربەی جارەکان کێشەکان لەوێوە سەرهەڵدەدەن و ئەو کەسانە دەكەنە ژوورەوە بەبێ‌ گوێدان بەو کات و رێنماییانەی هاووڵاتییەکەی تری پێ راگرتووە.
زۆرجاریش كارمەندانی پرسگەکان لەکاتی چاوپۆشی لە هەندێک هاووڵاتی دەرەوەی شار و رەچاوکردنی دووریی رێگەکەی، لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕیی و پزیشک و کارمەندانی تەندروستیدا رووبەڕووی كێشە دەبنەوە، بەتایبەتی هەندێک هاووڵاتی بە بەڵێنی دوو سێ خولەک دەچنە ژوورەوە، بەڵام ئیتر کاتەکە لەبیر دەکەن و دەبنە مایەی شەرمەزارکردنی کارمەندانی پرسگە.
لەو بارەیشەوە كارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەی منداڵان  لەبارەی كێشەی هاووڵاتیان و كارمەندانی پرسگەوە دەڵێت: دۆخی ئابووری، هۆكارێکی سەرەكیی كێشەكانە، بەتایبەتی لە ماوەی رابردوودا کە کارمەندان بەگشتی بە گیرفانی بەتاڵەوە دەوامیان دەکرد و ئەوەش تووشی دەیان گرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونیی کردوون، کاتێک هاووڵاتیانیش پابەندی رێنمایی و یاساو رێساکان و  كاتەكانی سەردان نابن، دەمەقاڵێ‌ روودەدات لە نێوانیاندا.
وتیشی: سەبارەت بە كێشەكانی ئەو نەخۆشخانەیەوە  كە من كاری تێدا دەکەم، كەمترین بەریەکكەوتنمان هەیە لەگەڵ هاووڵاتیاندا كە شایەنی باسكردن بێت، چونكە ئێمەش لە مەینەتیی هاووڵاتیان تێگەیشتوین بەتایبەتی دایک و باوکانی نەخۆشەکان، لەبەرئەوەی ئەو کێشانە زیاتر لە نەخۆشخانە گشتییەکان و فریاکەوتندا روودەدەن.  

خولی رووناکبیرییان پێویستە
ئەو کارمەندە دەڵێت پێویستە لە چۆنێتی وەرگرتنی كارمەندی مەدەنی و پۆلیسیشدا بۆ پرسگەكانی نەخۆشخانەکان رەچاوی کارمەندی خوێندەوار، شارەزا، دەروون ئارام بکرێت و جگە لەوەش ئەوانەی ئێستا لەو شوێنانەن خولی پێویستیان بۆ بکرێتەوە و سزای کارگێڕیش هەبێت بۆ ئەو کەسانەی لەڕێی تەلەفۆن و ناسیاوییەوە تەکلیف لە کارمەندانی پرسگە دەکەن بۆ جیاوازیی لە نێوان هاووڵاتیاندا. 
هەروەها پێویستە ئەوەی لە پرسگەدا دادەنرێت لانیكەم بڕوانامەی هەبێت و جگە لە زمانی دایك زمانی دیکەش بزانێت بەو پێیەی لە شارەکانی دیکەی عیراقیشەوە هەم نەخۆش و هەم هاوەڵی نەخۆش روو لە نەخۆشخانەکان دەکەن و جگە لەوەش خولی تایبەت بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ هاوەڵی نەخۆش و سەردانیکەراندا ببینێت.

پرسگەی فەرمانگە قەرەباڵغەکان  
 جگە لە نەخۆشخانەکان زۆر فەرمانگەی دیکە هەن لە شارەکانی کوردستاندا کە سەردانیکەر و موراجیعی زۆریان هەیە و وەک فەرمانگەکانی کارەبا، باج و دەرامەت، هاتوچۆ، ئاو و...هتد، ئەمانەش ئەگەرچی ئێستا هەندێکیان لە رێی ئامێری ئەلەکترۆنی و وەرگرتنی ژمارەوە جۆرێک لە پڕەنسیپیان تێدایە و سیستماتیکین، بەڵام هێشتا وەک پێویست یەکسانی لە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیاندا رەچاوناکرێت و دیاردەی واسیتە و واسیتەکاری بەجۆرێک لە جۆرەکان دەبینرێت، بۆ نموونە زۆرجار ئاسانکاریی بۆ هەندێک کەس دەکرێت لەسەر بنەمای ناسیاوی لەوەی هەموو پێداویستییەکانی مامەڵەکەی تەواو نییە و کارەکەیان بۆ رایی دەکرێت، بەڵام بۆ هاووڵاتییەکی دیکە ئاستەنگ دروست دەکرێت. ئەوەش بەوە چارەسەر دەکرێت کە هەر لە پرسگەکەوە کارمەندی شارەزا چاو بە مامەڵەی هاووڵاتیاندا بخشێنێت و هەر کەمووکوڕییەکی لە بەڵگەنامە پێوسیتەکاندا هەبێت ئاگارداریان بکاتەوە یان بە تابلۆیەکی بەرچاو پێداویستییەکان وەک رێنمایی بۆ هاووڵاتیان هەڵبواسرێت، تا لە ناوەڕاستی راییکردنی مامەڵەدا هاووڵاتیان کارەکەیان نەوەستێت و ناچاربن رۆژێکی دیکە بچنەوە لەکاتێکدا زۆرێک لەو سەردانیکەرانەش بۆخۆیان فەرمانبەرن و مۆڵەت وەردەگرن لە فەرمانگەکانیان. 

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان