بەپێی هەواڵێک کە کەناڵی (المسری) بڵاویکردۆتەوە، لە پارێزگای سلێمانی پرۆسەی تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بانکە فیدراڵییەکان دەستیپێکرد، هاوکات بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بە پەروەردەشەوە، فەرمانبەرەکانیان راسپاردووە بۆ پێداچوونەوە و پڕکردنەوەی فۆڕمی تەوتینکردن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە کەناڵەکە دەستیکەوتووە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و فەرمانگەکانی حکومەت، مامۆستایان و فەرمانبەرەکانیان راسپاردووە ئەو فۆرمە پڕبکەنەوە کە لەلایەن بانکی بازرگانی عیراقەوە دەرچووە و زانیارییە کەسییە سەرەتاییەکانی مووچەخۆرانی لەخۆگرتووە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ یەکلاکردنەوەی مووچەکانیان لە بانکدا.
بانکی بازرگانی عیراق پێشتر پابەندبوونی تەواوی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە خۆجێییکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.