قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە (30/6/2025) بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا.
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم روونیکردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان وەفدە دانوستانکارەکانی هەردوولا لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە و گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە رێککەوتن و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. جەختیشیکردەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی فەڕەنسای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە بواری گەشەپێدانی ناوچەیی. لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوەکرد رێژەیەکی زۆری کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لە شار و شارۆچکە کەمتر گەشەسەندووەکانە، هەربۆیە گەشەپێدانی ئەو ناوچانە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.