کورتیلە چیرۆک

من کچی باپیرم بووم..!

10:08 - 2025-03-06
ئەدەب و هونەر
382 جار خوێندراوەتەوە

ژوان باقی

ماڵی باپیرە و داپیرە هەمیشە ئەو ماڵە بووە کە پڕە لە سۆز و خۆشەویستی و بۆنی ژیان. هەمووان بە شێوەیەکی گشتی یادگاری زۆر جوانمان لەگەڵ ماڵی باپیرە و داپیرەدا هەبووە و هەیە. کچێكی بچووك کە یەکەم منداڵی کچ بێت لە ناو خێزانەکەدا و لە نەوەکانیاندا بێگومان بایەخێکی زۆریان پێ دەدا و نازی زۆریان هەڵدەگرت، هەر بەم هۆکارە زۆرترین یادگارییەکانی منداڵیم لەگەڵ ئەم ماڵە خنجیلانە پڕ لە عەشقەی داپیرە و باپیرەیەدایە، ئەو یادگارییە شیرینانەی رۆژە تاڵەکانی ئێستام پێ شیرین کردوە و چێژ لە ژیان دەبینم پێی. باپیرم نابینا بوو منیش وەکو کچەزا بچکۆلانەکەی و یەکەم نەوەی، گۆچانی دەستی باپیرە گیان بووم. من بە چاوە بچووکەکانم و هەنگاوە وردەکانم و دەستە بچووکەکانم گۆچانی دەست و چاوساغی رێگا و هەنگاوەکانی باپیرم بووم، وەلێ ئەو بە وشەکانی چاو ساغی ژیانی ئەمڕۆی من بوو. دەزانم تێگەیشتن لەم شتە کەمێك ئاڵۆزە بەڵام هەوڵدەدەم روونتر بدوێم.
ئەو کاریزمای ژیانم بوو، ئامۆژگاریی دەکردم و چیرۆکی بۆ دەگێڕامەوە کە پڕ بوو لە پەند و ئامۆژگاری، هەر لە ناو چیرۆکەکاندا پێی دەوتم: (تۆ ئەم کەسایەتییەی ناو چیرۆکەکەیت)، هەتا زیاتر شانازیی بە خۆمەوە بکەم و بەڕاستی پەند وەربگرم لە گێڕانەوەکانی. ئەو دەیزانی ئاکارێکی باش بداتە پاڵ نەوەکەی، بێگومان کاریگەریی لەسەر کەسایەتی داهاتووی دروست دەکات، هەر لەبەرئەوە ئەم کارەی دەکرد. منداڵان بەو شێوەیە حەزدەکەن خۆیان بەراورد بکەن بە پاڵەوانی ناو چیرۆکەکان و بە کەسایەتییە بێ هاوتاکانی ناو فیلمەکان، ئیدی منیش ئەو منداڵە بووم کاتێك باپیرم دەیوت: "تۆ ئەم کەسایەتییەی ناو چیرۆکەکەیت"، بێ وێنە دەفڕیم لە خۆشیدا. 
لە پشووەکاندا کە خوێندنگەکان دادەخران، چەند رۆژ پێش ئەوە جل و پێویستی خۆمم کۆدەکردەوە و چاو لە رێگا و تامەزرۆی تارمایی و سێبەری خاڵم دەبووم، هەتا بێت بە دوامدا و بمبات بۆ لای باپیرم. هەر لە دوورەوە کە دەردەکەوت وەك گزگل کە لە دار بەردەبێتەوە دەکەوتمە هەڵبەز و دابەز، هەتا دەگەشتە ماڵمان پاشان دەوتمە هەلەکە سەما لەبەردەمی خاڵمدا. 
ماڵئاوایم لە دایكم و باوکم و براکانم دەکرد و بە پەرۆشییەوە لەگەڵ خاڵم بەڕێ دەکەوتم بۆ پێنجوێن، بۆ ماڵی باپیرە گیانم، بۆ سێبەری گوێزەکە و بۆ هەوا پاك و سافەکەی. شەوێك نەخۆش کەوتم بارودۆخم زۆر خرپ بوو، خوا خوام بوو یەك دەقە خەوم لێ بکەوێت، ئازار نەی دەهێشت. دەمەو بەیان بوو بێ هێز و شەکەتی ئازار بووم، داپیرەم لە تەنیشتم خەوتبوو، باپیرەم نوێژی دەکرد، لە نوێژکردن تەواو بوو سەلامی دایەوە و دەستی بە نزا کرد، نزایەك هەتا ئێستا لە مێشکمدا دەنگدەداتەوە، هەرگیز چاوەڕێی ئەوە نەبووم باپیرم ئەوە بڵێت. ئاشکرایە پیاوان زۆر بەدەگمەن دەگرین بە تایبەت ئەو پیاوانەی سەردەمانی پێشوو، من زۆر کەم بینیومە باپیرم بگری، زۆری خۆشدەویستین و میهرەبانییەکەی بێ سنوور بوو، بەڵام دەری نەدەبڕی.
باپیرەم دوای نوێژ دووبارە سوجدەی برد و فەرمووی: "خوایە گیان گلەیی ناکەم رازیم بە بەشت، بیناییت لێ وەرگرتمەوە و لە بینینی رووخساری کچەزاکەم بێ بەشتکردم، بەڵام خوایە وەك لە بینینی رووخساری بێبەشم، بێ بەشم مەکە لە بوونی.. بە نەبوونی تاقیم نەکەیتەوە خوایە، ئازاری زۆرە بەرگە ناگرم، کچەزاکەم تاقانەیە جەرگ سوتاوم نەکەی یا اللە"،  ئەم نزایەی بە دڵپڕیی و گریانەوە کرد. خودا هەر وایکرد باپیرەمی بە نەبوونی من تاقی نەکردەوە، منی بە نەبوونی ئەو تاقیکردەوە، کە "من کچی باپیرم بووم..!"
ئەو کاتە زۆر منداڵ بووم لە مانای ئەو نزا و داواکارییە تێنەدەگەیشتم، تەنها ئەوە نەبێت کە باپیرم نزام بۆ دەکات چاكببمەوە، دڵم پڕ بوو خەو بردمیەوە.
ئێستا هەرچی ئەو دیمەنە دێتە بەرچاوم بیر لەو نزا و ئەو داواکارییەی باپیرم دەکەمەوە؟ بەو سۆزە خەمناکەی خۆیەوە ئینجا لە گەورەیی ئەو نزایە تێدەگەم.
بەیانی رۆژ بووەوە و خەبەرم بۆوە؟ ئازارەکەم زۆر کەم بوو بوو، باپیرم بە پەرۆشییەوە هەواڵی پرسیم کە ئێستا چۆنم و ئازارەکەم چۆنە؟ وتم بابە گەورە باشم ئازارەکەم باشترە، لە وتنی ئەمە زۆر دڵخۆش بوو.
منداڵ بە مردنی دایك و باوك پێی دەڵێن: (هەتیو)، من بە لە دەستدانی باپیرم هەتیو بووم، بەوەی ئیتر گوێم لە ئامۆژگارییەکانی نەبوو، بۆ دواجاریش لە نزا پیرۆزەکانی بێ بەش بووم.
*چیرۆکێکی راستەقینەیە 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان