ئەدەبی منداڵان یەکێکە لەو بوارە ئەدەبییە گرنگانەی کە مشتومڕێکی بەرفراوان لای رەخنەگران و لێکۆڵەران لەخۆ دەگرێت، زۆرجار ئەو پرسیارە دەورووژێنرێت کە ئایا ئەدەبی منداڵان ئەو ئەدەبە سادە و ساکارەیە کە تەنها کۆمەڵە وشەیەکی ئاسان و بێ گرێ لە خۆی بگرێت بە ئامانجی ئاسانکاریی و تێگەیشتنی منداڵان؟ یان ئەدەبیاتێکە بەمانا فراوانەکەی ئەدەب کە بابەتی ئاڵۆز و بەها قووڵەکان لەخۆبگرێت؟ بەداخەوە تائێستا زۆرینەی ئەو وەڵامانەی لە ئەدەبی کوردیی منداڵاندا دراونەتەوە، تەنها لە روانگەی چەند خاڵێکەوەیە کە ئەویش سادەو ئاسان و تێگەیشتراو بێت، زیاد لەمەش ناوەڕۆکێکی ئامۆژگاریی و راسپاردە و ناساندنە.
راستە ئەدەبی منداڵ جۆرێکە لەو ئەدەبەی تایبەت بە قۆناغێکی تەمەنی دیاریکراو دەنووسرێت، ئامانجی گەشەپێدانی خەیاڵ و توانای زمانیی منداڵە، دەبێت بابەتەکانی سەرنجڕاکێشبن و بەلای منداڵانەوە خۆشەویستبن و جێگەی گرنگیی پێدانیان بێت ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەدەبی منداڵ بەتاڵ بێت لە بنەما سەرەکییەکانی ئەدەب، ئەدەبی منداڵان تەنها ئەدەبێکی بچوککراوە نییە، بەڵکو جۆرێکی فراوانە لە شێوازە ئەدەبییەکان کە دەکرێت کورتە چیرۆک بێت، تادەگاتە نۆڤلێت و رۆمانی درێژیش.
رەنگە بیانووی ئەوانەی وادەبینن ئەدەبی منداڵ سادەبێت ئەوەبێت کە زیاتر بەلای منداڵەوە تێگەیشتراو بێت(منداڵان لێی تێبگەن)، بەڵام دەبینین لە جیهاندا زۆر بابەتی ئاڵۆز و وردیش نووسراون کە لەڕووی ناوەڕۆکەوە زۆر بابەتگەلێکی دژوار و هێماداریان تێدایەوە، دەنگدانەوەی گەورەشیان هەبووە لە دونیای منداڵاندا، چونکە ئەدەبی منداڵان تەنها بۆ بەشێکی دیاریکراو لە منداڵان نییە، بەداخەوە ئەوەی دەیبینین لە ئەدەبی منداڵانی کوردیدا بە شێوەیەکی گشتی خۆی لە ئەدەبێکدا دەردەخات تەنها بۆ منداڵانی باخچە و بازنەی یەکەمی خوێندن نووسرابن، بەشە فراوانەکەی منداڵان زۆر نادیار و فەرامۆشکراون کە لە قۆناغی تەمەن گەورەترن. زۆرجار ئەدەبی منداڵان بەها و وانەی گرنگ هەڵدەگرێت، رەنگە زمانەکە سادە بکرێتەوە، بەڵام ئەو بیرۆکانەی کە بۆ منداڵان دەگوازرێنەوە دەتوانن قووڵ بن، دواتر زۆر گرنگە بواری بیرکردنەوەی خودیی لای منداڵان بەهەند وەربگیرێت، ناکرێت بواری بیرکردنەوەیان پێ نەدرێت و توانای رەخنەگرتن و شێکردنەوەی خودیان لێ بسەنرێتەوە، لەبەر ئاسان خستنە بەردەستی بەرهەمەکان.
رەنگە ئەم مشتومڕە زۆر هەڵبگرێت، جا بۆ ئەوەی بگەینە چەند خاڵێکی هاوبەش دەبێت ئەدەبیاتی منداڵان هاوسەنگیی لە نێوان سادەیی و قووڵاییدا دروست بکات، ئەدەب دەتوانێت ئاسان بێت بۆ تێگەیشتن و لە هەمان کاتدا بابەتگەلێکی ئاڵۆز بخاتەڕوو، ئەم هاوسەنگییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی تواناکانی بیرکردنەوەی رەخنەگرانەی منداڵان، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ژیان.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین ئامانج لە ئەدەبیاتی منداڵان، هۆکارێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی شێوازی نووسین، منداڵان کاردانەوەی جیاوازیان هەیە بەرامبەر بەو دەقانەی چەندین چین لە مانا هەڵدەگرن، ئەو چیرۆکانەی هێما و مانای ناڕاستەوخۆیان تێدایە دەتوانن زیاتر سەرنجڕاکێش بن بۆ ئەو منداڵانەی کە ئاستێکی بەرزتر لە تێگەیشتنیان هەیە.