ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(19)
وتەیەک
هەرێم عوسمانی هاوڕێم، کۆرسێک دەربارەی فەلسەفەی فیلم دەڵێتەوە. ئەمجارەیان وەک هاوکارییەک بۆ خوێندکارەکانی ئەو، ئەم گۆشەیە دەنووسم و عوسمانیش دەکەم بە هاودایالۆگم لە نووسینەکەدا. دەشبێت بڵێم، گەرچی من و عوسمان سەدەها سەعات دایالۆگمان کردووە و باسی جۆرەها پرسی فەلسەفیمان کردووە؛ بەڵام ئەمەیان ئەندێشەییە و هەر کەموکورتییەکی تێدا بێت، تەنها خۆم لێی بەرپرسم، ئەمەش بەشێکی دیکەی دایالۆگەکەمانە.
سوڵتان: لە سەرەتای دانیشتنی پێشووماندا کۆمەڵێک پرسیارمان خستە روو، چۆنە خەریکی ئەو پرسیارانە ببین؟
عوسمان: پرسیارێکیان زۆر سەرنجی راکێشام: ئایا ئەنیمەیشن فیلمە؟ پێت چۆنە؟
سوڵتان: ئەمە پرسیارێکی ماقووڵە، ئەگەر پرسیارەکە لە تۆ بکەم چی دەڵێیت؟
عوسمان: تۆ پێم بڵێ!
سوڵتان: بە بڕوای من دەتوانین بڵێین بەڵێ! چونکە هەموو خاسییەتە بنەڕەتییاکانی فیلمی تێدایە.
عوسمان: وەک چی؟
سوڵتان: گێڕانەوەی چیرۆک، واتە سیناریۆی هەیە، سێگۆشەکەی ئەرەستۆ (سەرەتا، لوتکە، چارەسەر) هەروەها وێنەگرتنی سینەماییش.
عوسمان: ئەمە راستە، ئەمیش وەک هەموو فیلمەکان، ئەوانەی کەسە راستەقینەکان رۆڵی تێدا دەبینن، بونیادی گێڕانەوەی بە تەواویی هەیە.
سوڵتان: وایە، تەنها جیاوازیی ئەوەی هەیە لەبری ئەوەی لۆکەیشنی هەبێت بۆ ئامادەکردنی گرتە سینەماییەکان و رێکخستنیان بە زنجیرە؛ هەموو کارەکە بە کۆمپیوتەر دەکرێت.
تەمەڵەکە (فیلمی چاخی سەهۆڵین) 2002
عوسمان: ئەمە کێشە نییە، چونکە هەموو فیلمەکان زنجیرەیەک وێنەی یەک لەدوای یەکن کە وەهمی جووڵەمان لا دروست دەکەن. تەنها جیاوازیی ئەوەیە کامێرا بەکارناهێنرێت، ئەگینا هەموو تەکنیکە سینەماییەکان بەکاردەهێنێت وەک لەچوارچێوەگرتن، گۆشەکانی نمایشکردن، رووناکی، دیکۆر و هەموو شتێکی دیکە.
سوڵتان: مەبەستت لە فرەیمینە (framing) بە واتای چۆنێتی ریزکردنی توخمە پێکهێنەرەکان(کەسەکان و شتەکان و ژینگەی کارەکە) هەموویان لە چوارچێوەی شاشەی سینەمادا. بێگومان ئەمە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە و راکێشانی سەرنجی بینەر و هەژاندنی هەست و سۆزەکانی.
عوسمان: هەروەها دروستکردنی ئیستاتیکایەکی بینراو.
سوڵتان: بەڵام ئەوەی زیاتر بۆ ئێمە گرنگە دیوە فەلسەفییەکەیەتی.
عوسمان: دەی ئەوەشیان کاری تۆیە.
سوڵتان: کاری هەردووکمانە. من دەڵێم ئەنیمەیشن بەتەنها ئامڕازێک نییە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان، بەڵکو دەتوانین زیاتر قووڵ ببینەوە و ببینین کە کۆمەڵێك هزری گرنگمان دەربارەی شوناس و ئاکار و ریاڵەت (واقیع) و بوون پێدەدات.
عوسمان: فیلمە مرۆییەکانیش هەر وان.
سوڵتان: راستە، بەڵام جیاوازییەکی گرنگی هەیە: ئەنیمەیشن سنوری نییە بۆ نمایشکردنی جووڵە و دەستکاری کردنی ژینگەی ئاسایی و نزیکبوونەوە لە بابەتە فەلسەفییە ئەبستراکتەکان.
ئەنیمەیشن بەتەنها ئامڕازێک نییە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان، بەڵکو دەتوانین زیاتر قووڵ ببینەوە و ببینین کە کۆمەڵێك هزری گرنگمان دەربارەی شوناس و ئاکار و ریاڵەت (واقیع) و بوون پێدەدات
عوسمان: حاڵی نەبووم.
سوڵتان: یانی ئەنیمەیشن بەگژ سروشتی ریاڵەتدا دەچێتەوە، جیهانی ئەندێشەیی و زێدەڕۆیی تێداکراو، یان با بڵێین سوریالییانە پێشکەش دەکات و وامان لێدەکات بپرسین: بەڕاست هەقیقەت کامەیە؟ کۆمەڵێک جیهانی تەریب بە واقیعی خۆمان دەخوڵقێنێت و نزیک دەبێتەوە لە خەون و هزرەکان لە پێوەستەکانیان بە واقیعی درکپێکراوی ئێمە دادەماڵێت. یانی دەتوانم بڵێم ئەنیمەیشن هزرە پەتییەکانمان پێشکەش دەکات. پرسیارە ئەنتۆلۆجییەکان بە تەواوەتی زەق دەکاتەوە.
عوسمان: پرسیاریکی تریش سەرنجی راکێشام.
سوڵتان: کام پرسیار؟
عوسمان: ئەوەی «ئایا فیلم وێناندنی فۆتۆگرافییانەی واقیعە، یاخود واقیعی تایبەتی خۆی هەیە؟»
سوڵتان: پێموابێت تۆش لەگەڵمدایت ئەگەر بڵێم سینەما هەر بە سروشتی خۆی بەگژ بیرۆکەی ریاڵەت واتا(واقیع)دا دەچێتەوە، جا چ خۆی ریاڵەتمان بۆ پەرچ بکاتەوە یان ریاڵەتێکی تایبەت بە خۆی بخوڵقێنێت.
عوسمان: ئەمەش لەسەر ئەوە راوەستاوە کە ئێمە چۆن پێناسەی ریاڵەت دەکەین، ئایا خۆی هەقیقەتێکی بابەتییانەیە، یاخود بەهۆی درککردنمان پێی و لێکدانەوەمان بۆی دروست دەبێت؟
سوڵتان: بۆ ئەمە ئاڵیگۆری ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون باشترین یارمەتیدەرمانە. من تا ئێستا لە چوار جێگادا باسی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتونم بۆ خوێنەرەکانم کردووە، تۆش دەبێت بۆ خوێندکارەکانی خۆتی باس بکەیت.
عوسمان: باشە.
مۆرفیۆس (فیلمی ماترێکس) 1999
سوڵتان: لەوێدا ئەوەی وادەزانین هەقیقەتە، هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک سێبەر. فیلمیش هەروا بە سادەیی ریاڵەت پەرچناکاتەوە بەڵکو پوختەی دەکات، دەسکاریی دەکات و سەرلەنوێ راڤەی دەکاتەوە.
عوسمان: واتە ریاڵەتی تایبەتی خۆی دەخوڵقێنێت.
سوڵتان: بەڵێ، تەنانەت فیلمی دیکۆمێنتارییش.
عوسمان: فیلمی دیکۆمێنتارییش! ئەمە چۆن؟ خۆ بە حیساب ئەمجۆرە فیلمە ریاڵەت وەک خۆی دیکۆمێنت دەکات و دەیپارێزێت، رێک وەک ئەوەی ئەندرێ بارزین دەڵێت «مۆمیای دەکات». دەتوانیت زیاتر روونیبکەیتەوە؟
سوڵتان: ئەوە راستە کە فیلمی دیکۆمێنتاریی لافی ئەوە لێدەدات وێنای ریاڵەت(واقیع) دەکات، بەڵام ئەگەر ورد ببینەوە، دەبینین ئەو ریاڵەتەی بۆمان نمایش دەکات ئیدیت کراوە، لە چوارچێوە گیراوە و بژاردەکانی سیناریست و دەرهێنەر کاریگەرییان لەسەری هەبووە. بە پێچەوانەشەوە کاتێک سەیری فیلمێکی ئەندێشەیی(خەیاڵی) دەکەین، دەبینین گەرچی هەر بە پێناسەی خۆی هەقیقەت نییە، واتە باس لە ریاڵەتی ئاشنا بە ئێمە ناکات، بەڵام کۆمەڵێک بابەتی شاراوەمان دەربارەی سروشتی مرۆڤ و بەها ئاکارییەکانی و جیهان پێ دەڵێت. ئەمە هیچت بیردەخاتەوە؟
عوسمان: وەک چی؟
سوڵتان: جان بۆدریاری فەیلەسوفی پۆستمۆدێرنەی فرانسەیی! ئەو دیدێکی هەیە سەبارەت بەوەی سینەما وەک بەشێک لە میدیا، ریاڵیزمێکی زێدەڕۆیە! جیهانێک دەخوڵقێنێت تێیدا وێناکردنەکان جێگای ریاڵەت دەگرنەوە، بۆ نموونە ئەگەر لە بیرت مابێت لە فیلمی ماترێکسدا، کاتێک نیۆ و مۆرفیۆس لەناو پرۆگرامە دروستکراوەکەدا هەڵدەسوڕێن، نیۆ دەڵێت: ئەمە راستەقینە نییە! بەڵام مۆرفیۆس وەڵامی دەداتەوە: «راستەقینە چییە؟ چۆن پێناسەی راستەقینە دەکەیت؟ ئەگەر باسی ئەوە دەکەیت کە دەتوانیت هەستی پێبکەیت، بۆنی بکەیت، تامی بکەیت، ئەوە ڕاستەقینە ئاماژە کارەباییەکانە کە مێشک لێکیان دەداتەوە.» ئەوان لەناو ریاڵەتێکدان کە بە هۆی سیستمێکی کۆمپیوتەرییەوە خوڵقێنراوە.
عوسمان: کەواتە ئەگەر دیدەکەی بۆدریار پەسەند بکەین، ئەوە فیلم وێنەی واقیع ناگرێت، وەک بارزین دەڵێت، بەڵکو کۆپییەکی دیکە دەخاتە جێگای کە زۆر بە وریاییەوە دروستکراوە.
جان بۆدریار (1929 - 2007)
سوڵتان: دەی خۆ ریاڵەت(واقیع) خۆی هەر ئەمەیە: ئەوەتا ئیمانوێل کانت دەڵێت: «ئێمە راستەوخۆ درک بە ریاڵەت ناکەین، بەڵکو لە رێگای هەستەکانمان و ئەقڵمانەوە لێکی دەدەینەوە.»
عوسمان: ئێستا باش تێدەگەم، کەواتە فیلم ریالیستانە بێت یان ئەندێشەییانە، دیکۆمێنتەریی بێت یان فیکشن، ئەوە پەرچکردنەوەی ریاڵەت نییە، بەڵکو خوڵقاندنی ریاڵەتی تایبەتی خۆیەتی.
سوڵتان: یانی! دەتوانم بڵێم فیلم ئاوێنە نییە تا ریاڵەتی تێدا ببینین، بەڵکو هاوێنە(عەدەسە)یە و بە رادەی قۆقزیی و قوپاوییەکەی (واتە ئەو دەسکاریکردن و ئیدیتکردن و راڤەکردنەی بکەرەکانی سینەما دەیکەن)، ریاڵەت دەشێوێنێت، دەیگۆڕێت یان سەرلەنوێ و بە جۆرێکی دیکە دایدەڕێژێتەوە. بەمەش دەتوانین جەخت بکەین کە فیلم بەهیچ جۆرێک وێنای ریاڵەت ناکات، ناشتوانێت ریاڵەت دابهێنێت، واتە بیخوڵقێنێت؛ بەڵکو ریاڵەتێکی ناوازەیە، لە توێی درککردن و مەبەستگەرایی و لێکدانەوەوەدا دروست دەبێت. رەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێم فیلمەکان راستەقینەن، هەرچەند خەیاڵییش بن. هەروەها پێچەوانەکەشی راستە: هەرچەند هەوڵ بدەن راستەقینە بن، هەر خەیاڵیین.
عوسمان: ئەمە چۆن؟
سوڵتان: لە زمانی ئینگلیزیدا زاراوەیەکی تایبەت و لەبار بۆ ئەمە هەیە: «هایپەر ریاڵیتی»، نازانم چۆن بیکەم بە کوردی، بەڵام وەک لە دیدی بۆدلیارەوە وتم، ریاڵەتێکە کە زێدەڕۆیی تێداکراوە، بەجۆرێک شتێکی لێ دەرچووە لە ریاڵەت ریاڵەتیترە، هەروەها بە دیوەکەی تریشدا زۆر لەوە زیاتر ئەندێشەییە کە ئەندێشەی دەکەین.
عوسمان: بەمجۆرە ئێمە چیتر خاوەنی ریاڵەت نین، ئەوەی هەیە جۆرێکە لە جۆرەکانی ئەفسانە، هەقیقەتەکان لەوێدا رەسەن نین.
سوڵتان: بە پێچەوانەوە زۆریش رەسەنن، چونکە توانای ئەوەیان هەیە قایلمان بکەن، بەڕاست هەر خۆی ژیانی ئێمە جۆرێک نییە لە فیلم. ئەگەر بچینەوە بۆ لای کانت؛ ئەو بەردەوام جەختی دەکرد لەسەر ئەوەی ئێمە تەنها ئەو شتانە دەزانین کە دەتوانین ئەزمونیان بکەین. ئەو مەبەستی لەوە بوو دەتوانین ئەزموونی جیهانی سروشت(فیزیک) بکەین، بەڵام ناتوانین وەڵامی پرسیارە قووڵەکانی میتافیزیک بدەینەوە. فیلمیش فڕێمان دەداتە ناو میتافیزیکەوە.
عوسمان: سەرنجت رادەکێشم کە دایالۆگە سۆکراتییەکان، ئەوانەی دەربارەی چییەتی چاکە، دلێریی، جوانیی و.... هتدن، ناگەنە کۆتایی و بێ وەڵام دەمێننەوە.
سوڵتان: سۆکراتیش بەردەوام جەختی دەکرد کە ئەو هیچ نازانێت. فیلم خۆی رێک ئەم حاڵەتە هیولاییە دروست دەکات، چونکە لەوێدا ریاڵەت نا، بەڵکو هایپەر ریاڵیتی هەیە، کە تێیدا ریاڵەت و خەیاڵ تێکەڵی یەکتریی دەبن و شتێکی سێهەم دروست دەبێت.
عوسمان: کەواتە هەقیقەت چییە؟
سوڵتان: بژاردەکە لای خۆتە، گولاجە شینەکە یان سوورەکە؟