مەزهەر کەریم
لە ماوەكانی پێشوودا بەیاسایی كردنی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی لەسەر درا، كە تێیدا رێگە بە كچانی کەم تەمەن دەدات هاوسەرگیریی بكەن، بەبێ گوێدانە زیانە تەندروستییەکانی ئەو پڕۆسەیە بۆ دایكەكە و کۆرپەکەی.
لەوبارەیەشەوە دكتۆر كانی محەمەد فەلاح پسپۆڕی كۆرپەلەزانی و منداڵی بلووری و ژنان بە كوردستانی نوێ – ی راگەیاند: جەستەی دایكەكە لەڕووی فیزیكییەوە گەشەی تەواوی نەكردووە و قورساییەكی زۆر لەسەر لەشی دروست دەبێت کە ئەوەش مەترسییەكانی بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن و تووشبوون بە شەكرە و كەم خوێنی و لەبارچوون لە لەدایكبوونی پێشوەختەدا زیاد دەكات.
وتیشی: لەبەرئەوەی منداڵدان و ئێسكی حەوز بە تەواوی گەشەیان نەكردووە و ئامادە نین بۆ قۆناغی دووگیانبوون و لە دایكبوون، دایكەكە تووشی ماكەكانی كاتی لە دایكبوون دەبێت وەك ماوەیەكی زۆر بۆ پڕۆسەی لەدایكبوون، نەشتەرگەریی منداڵبوون و دڕانی ماسولكەكانی حەوز لەكاتی لەدایكبوونی منداڵەکەدا.
جەختیشیكردەوە لە لەدایكبوونی پێشوەختەدا بەشێوەیەكی گشتی سترێسێكی زۆر دروست دەبێت بۆ دایكەكە، بەتایبەتی لەسەر بیر و هۆشی، چونكە كەسەكە لە مێشك و هزردا منداڵە، بەڵام ئەركەكەی ئەرکی كەسێكی پێگەیشتووە، ئەمەش دەبێتەهۆی تووشبوون بە خەمۆكی و ترسی بەردەوام.
روونیشیكردەوە دایكێكی 12 ساڵ گەشەی تەواوی نەكردووە، ماددە پێویستەكانی جەستەی لە ئاستێكی پێویستدا نییە، لەبەرئەوە دەبێتەهۆی لاوازیی گەشەی كۆرپەکەی و مەترسیی نەخۆشییە زگماكییەكان زیاتر دەبێت.