مەزهەر کەریم
د. فەرمان عوسمان پسپۆری نەشتەرگەریی گشتی لەبارەی ریخۆڵە کوێرەوە چەند زانیارییەکی بۆ کوردستانی نوێ خستەڕوو و دەڵێت: ریخۆڵە كوێرە یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكان و بەبێ جیاوازیی تەمەن و رەگەز مرۆڤ تووشیی دەبێت.
لەوبارەیەشەوە روونیکردەوە کە یەکێک لە هۆكارە سەرەکییەکانی ریخۆڵە كوێرە، تەنگەژەی ناو ریخۆڵەیە لە ئاو غازات و پیسایی کە بەناو بۆریی كۆئەندامی هەرسدا تێناپەڕێت، پێویستە ئەو كەسانەی ئەو حاڵەتەیان هەیە، چارەسەر وەربگرن تا لە حاڵەتی ساردەوە نەبێتە حاڵەتی گەرم و كتوپڕ.
وتیشی: لە رێگەی وەرگرتنی زانیاری و پشكنینەوە دەردەكەوێت کە ئاخۆ ئەو كەسە ریخۆڵە گیرانەكەی بەردەوامە یان نا؟ یاخود شێرپەنجەی ریخۆڵەی هەیە، كە ئەگەر لە چەند سەعاتێک زیاتر ریخۆڵە گیران رووبدات، لێدانی دڵ زیاد دەكات و ریخۆڵەكە تووشی گانگرین دەبێت و پێویستە سیتی سكان و تیشکی ئێكس بۆ نەخۆشەكە بكرێت و ئەگەر پێویستیشی كرد نەشتەرگەریی خێرای بۆ بكرێت.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە جەختیشیكردەوە لەوەی كە لە كاتی ئازاری ریخۆڵەدا، پێویستە نەخۆش ئەشیعەی ئێكس بگرێت، چونكە كاتێك ناوسك پڕە لە غازات، سۆنەر و پشكنینێكەکەی ورد نابێت و هەموو شتێك ئاشكرا ناكات. تیشکی ئێکسیش ئەوكاتە بۆ نەخۆش دەكرێت کە دوو ریخۆڵە چوونەتە ناویەكەوە و بوونەتە گرێی شێرپەنجەیی، كە لەناو منداڵاندا ئەم حاڵەتە تەنیا بە نەشتەرگەریی چارەسەر دەبێت و دەرمان چارەسەری ناكات.
وتیشی: لەدوای نەشتەرگەریی ریخۆڵە، بەیەکدالکانی ریخۆڵە روودەدات، كە لەدوای نەشتەرگەریی، نەخۆش نابێت هیچ بخوات لەو ماوەیەی بۆی دیاریكراوە، بۆیە سۆندەیەك بۆ گەدەی دادەنرێت و خواردن لە رێگەی كانیۆللاوە وەردەگرێت، کەی توانیی پیسایی بكات و رشانەوەی نەما، ئەوكات رێنمای وەردەگرێت تا ئەو خواردنانە بخوات کە نابنە هۆیی قەبزی و بەو رێگەیەش دەتوانرێت خواردن بخوات و نابێتە هۆی پێکدالکانی ریخۆڵە.
روونیشیكردەوە كە لەدوای نەشتەرگەریی ریخۆڵە، پێویستە هەناوبینی بۆ نەخۆشەکە بكرێت، چونكە چانسی پێکدالکان و قەبزی و خوێن دانان لە ریخۆڵەدا بەرێژەی 70 % كەم دەبێتەوە، هەركات ئەم حاڵەتانەش روویاندا، ئەوا نەخۆش بەبێ سەردانی پزیشكی تایبەت لە خۆیەوە چارەسەر وەرنەگرێت و لە ماوەكی زوودا چارەسەر وەربگرێت.
د.فەرمان هەروەها دەڵێت: نیشانەكانی پێکدالكانی ریخۆڵە لەدوای رووداوەكانی هاتوچۆ و تووشبوونی ریخۆڵە كوێرە و دروسبوونی گۆشتی زیادە لە ناوەوەی ریخۆڵە دەبێت، كە برتییە لە سك ئاوسان و قەبزیی و ئازاری بچڕ بچڕ و بەردەوام.