كوردستانی نوێ/ هەولێر
چیمەن محەمەد چالاكوانی بواری رێكخراوەكانی مەدەنی، ماوەی چەند ساڵێكە لەو بوارە كاردەكات و سەرپەرشتی چەندین كۆڕو سمینارو خولەكانی هۆشیاركردنەوە لەبارەی بابەتەكانی خێزانی و توندو تیژییەكان كردووە، لەوەڵامی چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێ، تیشكدەخاتە سەر هۆكــارەكانی زیادبوونی تاوان و توندتیژییەكان لە كۆمەڵگای كوردستان و رێگاكانی كەمكردنەوەیان.
سەرەتا وتی: بەهۆی ناهاوسەنگی لەمامەلەكردن لە نێوان هەردوو رەگەزی نێر و مێ لەكۆمەڵگای كوردستان، هاوكات لەئەنجامی هەندێك تێگەیشتنی هەڵەوە، هەردوو رەگەزەكە لەیەكتر دوورخراونەتەوە، كاتێكیش ئەو دوورییە هەبێت و هەڵچوون و توڕەبوون لە نێوانیان روودەدا، لە ئەنجامدا تاوان و توندوتیژی لێدەكەوەێتەوە، كە بەداخەوە لەماوەی رابردوو، رێژەی زۆر زیادیكردووە.
وتیشی: بۆ كەمكردنەوەی ئەو دیاردانە و هێنانەكایەی كۆمەڵگایەكی ئارام و هاوسەنگ لەنێوان خێزانەكان بەگشتی و هەردوو رەگەزی ژن و پیاو بەتایبەتی، چەند هەنگاوێك پێویستە، لەوانە بەردەوامیدان بە كۆڕ و سمینارەكان و كردنەوەی خولی هۆشیاركردنەوە بۆ چین و توێژەكان، هەرچەندە لەرابردوو ئەو كارەكراوە و كاریگەریی زۆرباشی هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی تاوان و توندتیژییەكان، بەڵام پێویستە ئەو بوارە فراوان بكرێت و هەمووان بەشداریی تێدا بكەن و هەوڵەكان زیاتر بكرێن.
چیمەن محەمەد راشیگەیاند: جگە لە كردنەوەی خول و سمینار، بوونی یاسا رێگایەكی دیكەیە بۆ كەمكردنەوەی تاوان و سزادانانی تاوانباران، بۆئەوەی هیچ كەسی تر جورئەتی ئەوە نەكات تاوانی هاوشێوە ئەنجامبدات.
پێشیوابوو: راستە لە هەرێمی كوردستان یاسامان هەیە بۆ دادگایی كردنی تاونباران، بەڵام پێویستمان بە یاسای توندتر هەیە، چونكە بە هەبوونی یاسایەكی بەهێز، وادەكات مرۆڤ خۆی لە توڕەبوون و هەڵچوون كۆنتڕۆڵ بكات و بیر لە سزای تاوانەكەی بكاتەوە.
تەئكیدیشیكردەوە: بە پێچەوانەوە پشتكردن لە یاسا و پەنا بردن بۆ دانیشتنەكانی دەرەوەی دادگاكان، نەوەك مافی قوربانییەكان وەرناگیرێتەوە، بگرە تاوانباران ئامادەن جارێكی تر تاوان ئەنجامبدەنەوە و رووداوە دەڵتەزێنەكان دووبارە بێتەوە.