فولكەكانی هەولێر و ناوەكانیان

11:12 - 2025-04-09
دووتوێ
70 جار خوێندراوەتەوە

فوئاد عوسمان


بە هۆی ئەوەی هەڵكەوتەی هەولێر بە دەوری قەڵات هەڵكەوتووە و شێوەیەكی هێلكەیی هەیە، شەقامەكانی هەولێریش لە سەرەتاوە بەشێوەیەی بازنەیی لە دەوریدا رێكخراوە، هەر شەقامێكیش لەو شەقامانە بەگوێرەی بوونی فەرمانگەیەك یان گەڕەكێك ناوی لێندراوە، بۆ نموونە شەقامی پەروەردە ( بەناوی بەرێوەبەرایەتی پەروەردە نراوە، كە دەكەوێتە باكووری قەڵا، شەقامی 30 مەتری یەكەمین شەقامی بازنەییە چەند گەرەكێكی كۆنی هەولێری بەسەرەوەیە، وەكو تەیراوە و باخچەی كلكەند و سەیداوە و بەشی خوارەوەی سێتاقان وچەند گەرەكێکی تر.
بازنەی دووەمی شەقامەكانی هەولێر بازنەی 60 مەترییە، لەسەرەتاوە چەند شەقامێك لە باكوور بۆ باشوور و لە راست بۆ چەپی هەولێر دروستكران، ئەو شەقامانە لەگەڵ هەردوو شەقامەكەی 30 مەتری و 60 مەتری یەكتریان دەبڕی و ئەو یەكتر بڕانە كرانە فلكە بۆ سوڕانە و رێكخستنی شەقامەكان داندرابوون.
ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ كردنە ناوی فلكەكانی هەولێر گۆڕا و هەریەكەیان ناوێكی تازەیان بۆ داندرا، لەوانە ئەو فولكانەی دەكەوێتە سەر شەقامی 30 مەتری بریتیبوون لە فلكەی ئاوی كەس و سوور، لەو نزیك هوتێلی شیراتۆن و نەقابەی كرێكاران و هوتێل زەیتونە و هوڵی میدیای ئێستا بوو، ئەو فلكەیە بۆیە ناوی نرابووا ئاوی كەس و سوور، لەبەر ئەوەی نافورەیەك لەو شوێنەدا هەبوو، چەند بلاجكتورێكی رەنگاورەنگی بۆ دانرابوو، كاتێ پێدەكرا ئاوەكەی رەنگی سوور و كەس و شین و زەردی دەبەخشی، تا سەرەتای هەشتاكانیش ئەو فولكەیە مابوو.
هەروەها فلكەی مەحەتە، ئەوەیش نزیك بوو لە شەقامی 30مەتری بەناوی وێستگەی شەمەندەفەر ناونرا بوو. فلكەیەكی ترمان لە هەولێر هەبوو،  لەم دواییە ناوندرا فلكەی بەتەمای خوای، بەو پێیە چەندین یەكتر بڕی تێدایە و  شوفێران كاتێك پێدا دەڕۆیشتن پێویستیان بە وریاییەكی زیاتر دەبێت، ئەوەیش دەكەوێتە كۆتایی شەقامی مزەفەریەی ئێستا و نزیك پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی كۆنی هەولێر.

 

ئێستاش بەهۆی فراوانبوونی شار و دروستكردنی  یەكەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی بەرز، ناوی تازە لە فلكە و ناونیشانەكان نراوە، بەجۆرێك ناوی ئەوەی كۆنەكانیش گۆڕاوە و ئیتر خەڵك باسیان ناكات

فلكەی چایخانەی بایزی، ئەو فلكەیە دەكەوێتە بەردەم دەرگای ئەنجومەنی وەزیرانی ئێستا، ئەوەیش بەناوی چاخانەیەك نزیكی ئەو شوێنەكراوە، كە خاوەنەكەی ناوی بایز بووە. هەندێكی تر بۆ لای تەیراوە بەسەر دەكەوێت، فلكەی گازینۆ عەنتەر دێت، كە لایەكی بۆ عەنكاوە و لایەكی تر بەناو شەقامی پزیشكان ناو بازاڕ دەێت و دەكەوێتە سەر شەقامی 30 مەتری.
فلكەی كورد و عەرەب یەكێكی ترە لەو شوێنانەی ئێستاش ناوەكەی ماوە، كە دەكەوێتە گەڕەكی تەیراوە، فلكەی فەرید، دەكەوێتە گەڕەكی سێتاقان سەرەتای شەقامی كۆیە و 30 مەتری یەكتردەبڕن، فلكەكە بەناوی هوتێل فەرید كراوە بەرامبەرەكەی باڵەخانەی مانگی سوری عیراقی(هلال احمر).
فولكەی سەیداوە یان پردی سەیداوە، سێڕیانێكە دەكەوێتە گەڕەكی سەیداوە، كۆتایی شەقامی (شێخ الله) لەگەڵ 30 مەتری یەكتر دەبرن، لەلایەكی تر فلكەی گەل بەناوی هۆڵی گەل(قاعة شعب) كراوە سەرەتای شەقامی ئیسكان لەگەڵ  30 مەتری یەكتر دەبڕن.
هەرلە هەولێر ژمارەیەك فلكەی دیكەمان هەیە، دەكەونە سەر شەقامی 60 مەتری، لەوانە فولكەی زەعیم، ئەو فولكەیە دەكەوێتە سەر شەقامی كەركوك نزیك یاریگای فرانسۆ هەریری ئێستا بەناوی عەبدولكەریم قاسم نراوە، بەڵام ناوی گۆڕاوە بە بەرزە پردی ئەكرەم مەنتك. فلكەی چوارڕیانی موسڵ دەكەوێتە بەردەم بینای پەرلەمان و 60 مەتری و سەرەتای شەقامی موسڵ، كە ئێستا نزیك یەكێتیی زانایانی كوردستانە.
فلكەی عەنكاوە، بەناوی شەقامی عەنكاوە ناونراوە، چونكە شەقامی عەنكاوە و 60 مەتری بەیەكتر دەبەستێتەوە و بەرامبەر بە وەزارەتی دادە، ئێستا كراوەتە بەرزە پرد، فلكەی شۆڕش بەناوی گەڕەكی شۆڕشكراوە شەقامی شەقڵاوە و 60 مەتری و نەخۆشخانەی كۆماری لێوە نزیكە، ئەوەیش كراوەتە بەرزپرد.
فولكەی كۆیە، بەهەمان شێوە دەكەوێتە سەر شەقامی كۆیە لە كۆتایی شەقامی سێتاقان لەگەڵ 60 مەتری یەكتر دەبڕن. 
ئێستاش بەهۆی فراوانبوونی شار و دروستكردنی  یەكەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی بەرز، ناوی تازە لە فلكە و ناونیشانەكان نراوە، بەجۆرێك ناوی ئەوەی كۆنەكانیش گۆڕاوە و ئیتر خەڵك باسیان ناكات.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان