لە دەفتەری بیرەوەریم، نەورۆزی ساڵی 1969

11:15 - 2025-04-09
دووتوێ
67 جار خوێندراوەتەوە

هیوا سەرهەنگ/ هۆڵەندا

ساڵی 1969 بوو، چەند هەفتەیەك پێش هاتنی جەژنی نەورۆز، وەكو یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ئاگاداركراینەوە كە كۆبوونەوەیەك بكەین لەگەڵ مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەوكاتە لێپرسراوی لقی هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان باڵی (مەكتەبی سیاسی) بوو، بە ئامادەبوونی ئەوانەی لەبیرم ماون هەر یەك لە شێخ لەتیف بەرزنجی و مەلا محەمەد بەحركەیی و عەزیز هەركی، دەربارەی چۆنیەتی یادكردنەوەی جەژنی نەورۆز.
 لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا خۆمان ئامادە بكەین بۆ نەورۆزی ئەو ساڵە، بە سازدانی ئاهەنگێكی گەورە و شایستە بە جەژنی نەورۆز و شارەكان بڕازێندرێنەوە. هەر لە دوای كۆبوونەوەكە كەوتینە كار و چەند لیژنەیەكمان دروستكرد بۆ جێبەجێكردن و پێداویستییەكانی ئاهەنگەكە، هۆڵی (سینەمای سیروان)مان گرت بۆ رۆژی ئاهەنگەكە لەبەر ئەوەی نەوەكا رۆژی نەورۆز باران ببارێت و ئەم یادە خۆشەمان لێ تێكبچێت، لیژنەكە دەستبەكار بوو. 
من و سەعدوڵڵا پەرۆش چووینە لای تیپی مۆسیقای چالاكیی قوتابخانەكان لەم بارەیەوە قسەمان لەگەڵ كردن و بە شانازییەوە ئامادەیی خۆیان دەربڕی و هۆڵی قوتابخانەی سەرەتایی ئەیووبییەی كچانمان وەرگرت كە پاش دەوام پڕۆڤەی گۆرانی و مۆسیقای تێدا بكەین. هەروەها ئاگاداریان كردینەوە كە گەنجێك هەیە ناوی (حەمە جەزا عەلی )یە لە سلێمانی تازە هاتۆتە هەولێر و دەنگی خۆشە و لە كارگەی جگەرەی هەولێر دامەزراوە، ئەوەبوو چووین سەردانمان كرد و پێمان راگەیاند ئەگەر بكرێ لە ئاهەنگی نەورۆز لەگەڵ هونەرمەندانی تر بەشداربن و ئاهەنگەكە بەڕێوە بەرن،  زۆری پێخۆش بوو.

 

هەر لەو ساڵەشدا بوو چەندین بڕیار و رێككەوتن كرا لە بەرژەوەندیی میللەتەكەمان وەك؛ دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی، بە رەسمی ناساندنی نەورۆز وەك جەژنی نەتەوایەتیی كورد، كردنی دهۆك بە پارێزگا

گۆرانیبێژەكان ئەوەندەی بیرم مابێت، مامۆستا تایەر تۆفیق، رەسوڵ گەردی، عەبدوڵڵا دڵسۆز، حەمە جەزا و شەوكەت تۆفیق. تیپێكی شایی و هەڵپەركێشمان لە قوتابیانی كچ و كوڕ پێكهێنا خۆم و سەڵاح شەفیع سەرپەرشتی مەشق و راهێنانی شاییەكانمان پێدەكردن، كچەكان هەر لە هەمان هۆڵی ئەیووبییە مەشقیان دەكرد ئەو ناوانەی لە بیرمن (گەلاوێژ شەفیع، ئومێد ئیسماعیل، پرشنگ و رەوشەن سەرهەنگ، هیوا ئیسماعیل) و كوڕانیش لە دارستانەكەی هەولێر، پاش ئەوەی هەموو ئامادەكارییەكان وەك خۆی جێبەجێ كراون و هەفتەیەك پێشتر هەولێریش وەك بووك رازایەوە بە تاق دروستكردن و ئۆتۆمبیل رازاندنەوە و دروشم و گڵۆپی رەنگاوڕەنگ.. 
رۆژی نەورۆز ئاهەنگەكە زۆر بە رێكوپێكی وەك پلانمان بۆی كێشابوو بەڕێوەچوو، كە پڕ بوو لە وتار و شانۆگەریی كاوەی ئاسنگەر كە (جەوهەر كرمانج، سەڵاح شەفیع، سابیر ساڵح گۆران و خالید غەریب) رۆڵیان بینی، دەمەتەقێیكی شیعری لە نێوان زیرەك سەرهەنگ و سەدیق گۆران و جگە لە  چالاكی هەمەجۆر، لە شایی و هەڵپەڕكێ و گۆرانی و سروود و شیعری شۆڕشگێڕی و نیشتمانی لەلایەن شاعیران (عەبدوڵڵا پەشیو، جەمیل رەنجبەر و سەعدوڵڵا پەرۆش و ..) دەخوێندرایەوە و بووە مایەی خۆشحاڵی و رەزامەندی ئامادەبووان.
هەر لەو ساڵەشدا بوو چەندین بڕیار و رێككەوتن كرا لە بەرژەوەندی میللەتەكەمان وەك؛ دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی، بە رەسمی ناساندنی نەورۆز وەك جەژنی نەتەوایەتی كورد، كردنی دهۆك بە پارێزگا، زمانی كوردی بوو بە رەسمی لە خوێندنگاكانی كوردستان، مۆڵەتی وەرگرتنی دامەزراندنی یەكێتی نووسەرانی كورد، دانانی چەندین پارێزگار و قایمقامی كورد لە شارەكانی كوردستان، دەرچوونی گۆڤاری رزگاری لە سلێمانی (نەوشیروان مستەفا ئەمین و شازاد سائیب خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری بوون)، دەرچوونی رۆژنامەی (النور) بە زمانی عەرەبی و هەفتانەی رووناكی بە كوردی (عومەر دەبابە و حیلمی عەلی شەریف) خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری بوون و وەرگرتنی قوتابی كورد لە كۆلیژەكانی سەربازی و پۆلیس. من خۆم ئەوكاتە لە بەغداد رۆژانە لە بیرۆی پارێزەر كەمال محیەدین، چەندین قوتابی سەردانیان دەكردین و لیستی ئەو ناوانەشم دەنووسی و رێكدەخست كە لە شارەكانی كوردستانەوە دەنێردران.. 
یادەوەرییەكی چەند شیرین و جوان و ناوازەیە، كۆمەڵێك خوێندكاری گەنج و هاوڕێی خەبات و رێبازی كوردایەتی راستەقینەی ئەوێ رۆژێی دڵسۆزی و پاكی و راستگۆیی و خۆشەویستی، پڕۆڤە و خۆمان ئامادە دەكەین بۆ ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی ساڵی 1969 لە هەولێر.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان