دەبێت نۆژەنكردنەوەی هاوینە هەواری بێخاڵ لە بەرژەوەندیی خەڵک و خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەكاندا بێت

11:21 - 2025-04-09
دووتوێ
68 جار خوێندراوەتەوە
نەخشەئ نوێی هاوینەهەواری بێخاڵ

كوردستانی نوێ/ هەولێر

هاوینەهەواری بێخاڵ یەكێكە لە شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، لەماوەی رابردوودا چەند جارێك گۆڕانكاریی لە شێوازی كەپر و دوكان و ریستۆرانت و هەموو جۆرەكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تێدا ئەنجامدراوە، دواجار لە ساڵی 2017 لە رێگەی ماستەرپلانێكەوە كە حكومەتی هەرێم ئامادەی كردبوو‌، لەلایەن خاوەنەكانییەوە و لەسەر ئەركی خۆیان نۆژەنكرایەوە، ئەم هەنگاوەش بووە هۆی پێشخستنی شوێنەكە و بێخاڵ گۆڕانـكارییەكی تــەواوی بەسەرداهات، ئێستاش جارێكی دیكە هەوڵی جێبەجێكردنی ماستەرپلانێكی دیكە بۆ بێخاڵ دەدرێت، لەو بارەیەوە بەشێك لەخاوەن پڕۆژەگەشتیارییەكان لەو هەنگاوە نیگەرانن و داوا دەكەن نۆژەنكردنەوەی هاوینە هەوارەكە لەبەرژەوەندیی خەڵك و خاوەن پرۆژە گەشتیارییەكاندا بێت.
ئاراس سەید غەفور وەك یەكێك لەخاوەن پڕۆژەكانی گەشتیاریی لە هاوینەهەواری بێخاڵ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوەی ئێمەی نیگەرانكردووە لەكاتی ئێستادا حكومەتی هەرێم هەوڵدەدات لە رێگای ماستەرپلانێكی دیكەوە هاوینەهەواری بێخاڵ تێكبدات و بەدیزاینێكیتر دروستی بكاتەوە، كە لە رووی كردارییەوە لەگەڵ سروشتی شوێنەكە و خواستی خاوەن موڵكەكان و پێداویستیی گەشتیارانیش نەگونجاوە، بۆیە هەمووان گومانمان لەوە هەیە كەئەم بڕیارەی حكومەت بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی هاوینەهەوارەكە بێت و شوێنەكە لەخاوەن پڕۆژە گەشتیارییەكان بسەنرێتەوە و بدرێت بە وەبەرهێنی دەرەوەی سنوورەكە، بەمەش خەڵكێكی زۆر زیانیان بەردەكەوێت.
 وتیشی: ئێمە ئەو جۆرە هەوڵانە رەتدەكەینەوە و بەهەموو شێوازێكی مەدەنی و یاسایی و عورفییش رێگری لێدەكەین، چونكە لەلایەك ناكرێت حكومەت لەماوەیەكی كەمدا دوو ماستەرپلان بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، لەلایەكیتریش خاوەندارێتیی هاوینەهەوارەكە لە خاوەنە رەسەن و راستەقینەكان وەربگرێتەوە و بیداتە خەڵكی دیكە، بۆیە تا ئەوكاتەی حكومەت گرەنتیی یاسایی لە زامنكردنی مافی خاوەن موڵك و كاسبكاران نەدات، نابێت دەست بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەكی لەو شێوەیە ببات.
راشیگەیاند: ئێمە وەك خاوەن پرۆژە گەشتیارییەكان لە هاوینەهەواری بێخاڵ لەهەموو كەس زیاتر خەمخۆری ئەوەین بێخاڵ لە رووی گەشتیارییەوە بەرەوپێش بچێت و گەشە بكات، هەروەك خۆشمان بەخاوەنی حكومەت و هەرێمەكەمان دەزانین، چونكە بەشدارییەكی كاریگەرمان لە شۆڕش و خەبات كردووە لەپێناو ڕەتكردنەوەی ژێردەستەیی و هێنانە كایەی حوكمڕانی خۆماڵی و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆرمان داوە و ئەزموونەكە بەهی خۆمان دەزانین.
تەئكیدیش دەكاتەوە: ئەگەر بەمەبەستی جوانكاری، یان دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئاسانكاریی زیاتر بۆ گەشتیاران و پێشخستنی كەرتی گەشتیاری، پێویست بكات گۆڕانكاری لەبەشێكی هاوینەهەوارەكەدا ئەنجام بدرێت، ئێمە ئامادەین ئەو ئەركە لەئەستۆ بگرین، بەڵام رێگە بە جێبەجێكردنی پیلانێك نادەین كە ئایندەی ئێمە و پرۆسەی گەشتیاری شوێنەكەش تیایدا روون نەبێت.
هەروەها وتی: هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، لەكاتی ئێستادا كە هاوینەهەواری بێخاڵ لەلایەن خاوەنە راستەقینەكانی خۆی بەڕێودەچێت، هەموو كەسێك بۆی هەیە سەردانی بكات، ئینجا ئەو كەسە توانای دارایی باش بێت یان خراپ، چونكە نرخەكان لە ئاستی توانای سەرجەم گەشتیارانە، هەر ئەمەش وایكردووە ساڵانە لەهەموو وەرزەكان و بەتایبەتی لەوەرزی هاوین زۆرترین گەشتیار سەردانی بكەن و لە ‌‌100 ٪ ئەو كرێكار و كاسبكارانەی كاری تێدا دەكەن خۆماڵین و خەڵكی دەڤەرەكەن.
ئەوەشی خستەڕوو: بەڵام ئەگەر هاوینەهەواری بیخاڵ یان هەر شوێنێكی گەشتیاریی دیكە بدرێت بەوەبەرهێنێكی بیانی، یان دەرەوەی سنوورەكە، بارگرانییەكی زۆر دەكەوێتە سەر گەشتیاران و نرخەكان بەرز دەكرێتەوە و دەرفەت بۆ كرێكار و كاسبكارانی خۆماڵی كەمدەبێتەوە و ئەولەویەت دەدرێت بە كرێكار و كاسبكاری هاوردە، بۆیە ئێمە رەتیدەكەینەوە هاوینەهەوارەكان بەو ئاراستەیە بڕوات كە كاسبكاران و گەشتیارانیش تیایدا زەرمەندبن.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان