ئا: رەوەست نەوزاد
ئەگەرچی لەلایەن حكومەتی ژاپۆن، لەو قەرزەی كە بەحكومەتی عیراقی داوە، بودجەیەكی گەورەی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەك بۆ پاككردنەوەو چارەسەركردنی ئاوی قورسی ئاوەڕۆی گشتیی شاری هەولێر تەرخانكرد كە لەبەشی رۆژئاوای دەرەوەی شارەكە ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەوەی ئاوە قورسەكە خاوێن بكرێتەوە و دووبارە بۆ ئاودانی زەوییە سەوزاییەكانی شارەكە بەكاربهێنرێت و سوود لەئاوەكە ببینرێت و بەفیڕۆنەچێت، بەڵام ماوەی چەندین ساڵە پڕۆژەكە وەستاوە و تائێستا جێبەجێ نەكراوە.
حەكیم كانەبی هاووڵاتیەكی دانیشتووی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی وا گرنگ بۆ شاری هەولێر زۆر پێویستە، كە دەبوایە چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەنجام بدرێت، چونكە رۆژانە بڕێكی زۆر ئاوی قورس لەو شارە بەبێ سوود بەڕێڕەوی ئاوەڕی گشتیی شارەكە لەنزیك گوندی (توڕەقی) هەولێر دەچێتە دەرەوە.
وتیشی: ئێستا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا دەتوانرێت ئەو ئاوە قوڕسە بپاڵێورێت و بۆ كشتوكاڵ سوودی لێوەربگیرێت، هاوكات ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و پاراستنی زێی گەورە لە پسبوون بە ئاوەڕۆكان و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەڵام بەداخەوە پڕۆژەكە زۆر دواكەوتووە و پێویستە لەسەر بەرپرسانی حكومەتی هەرێم كارەكانی
تەواو بكەن.
لەوبارەیەوە زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەڕۆی هەولێر بەكوردستانی نوێی راگەیاند: پڕۆژەكە ئێستا لەقۆناغی تەندرین دایە، بڕیارە بەشێك لەكارەكانی پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیا ژاپۆنییەكان جێبەجێ بكرێت و حكومەتی هەرێمیش لەبەرنامەیدایە دوو بەشی تری پڕۆژەكە جێبەجێ بكات.
روونیشیكردەوە: هەربۆ ئەو مەبەستە كۆمپانیا راوێژكارەكانی وڵاتی ژاپۆن توێژنەوەیان بۆ هەموو پڕۆژەكە كردووە و نرخاندنیشی بۆ كراوە و ئێستا چەند كۆمپانیایەكی بەڵێندەرایەتی راپۆرتی خۆیان لەسەری ئامادە دەكەن، بۆ ئەوەی بزانین بەر كام كۆمپانیا دەكەوێت، ئەوكات راگەیاندنی دەستپێكردنی كارەكەی بۆ دەكرێت، كە بودجەی قۆناغی یەكەمی لەلایەن حكومەتی ژاپۆنەوە دابین دەكرێت، بەڵام قۆناغەكەی تری لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەڕۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: پڕۆژەكە بریتییە لەوێستگەیەكی چارەسەركردنی ئاوی سووك و قورس كە لەو شوێنەی لە شار دەچێتە دەرەوە، لەوێش كاری پاڵاوتنی بۆ دەكرێت و دووبارە ئاوەكە دەبێتە ئاوێكی بەكارهێنەر بۆ ئاودانی باخچەكان بەكاردەهێنرێت.
زەردەشت عەبدولخالق سەرسام ئاشكراشی كرد: سوودێكی تری ئەو وێستگەیە لەوەدایە كە جگە لەپاككردنەوەی ئاوە قورسەكە، ماددە كیمیاییەكانی ناو ئاوەكەش جیادەكرێنەوە و دەكرێن بە پەینی كیمیایی و دەتوانرێت بۆ بەرهەمی كشتوكاڵی بەكاربهێنرێن و سوودیان لێوەربگیرێت.