بەهۆی كەمیی بارانبارینەوە ئەمساڵ وشكەساڵی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە

هەولێر زۆرترین زیانی وشكەساڵیی بەردەكەوێت

11:30 - 2025-04-09
دووتوێ
96 جار خوێندراوەتەوە
لە هەولێر ڕێژەی باران بارین لە 110میلم تا نزیكەی 200 میلم باریووە

ئا/ هێدی گەڵاڵی

״ چوار تۆن گەنمم چاندبوو، هیچم دەست نەکەوت״

بەهۆی كەمی بارانبارین ئەمساڵ وشكە ساڵی رووی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەهۆیەوە ئافات و زیانێكی زۆر بە بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان و دەغڵ و دان لەوانە گەنم و جۆ كەوتووە، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەراورد بە شارەكانی دیكە زیانی زیاتری بەركەوتووە .
كاكەخان ئەنوەر، یەكێكە لە جووتیارەكانی گوندی مەلەك ئاغا لە سنووری ناحیەی دیبەگەی باشووری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەمساڵ بڕی چوار تۆن گەنمم چاندبوو، بەڵام بەهۆی بێ بارانییەوە هیچ بەرهەمێكم دەست نەكەوت. جگە لەخۆم چەندین جووتیاری دیكە زەرمەند بوون، و بۆیە داواكارم حكومەتی هەرێم قەرەبووی زیانلێكەوتوانی جووتیارانی دەڤەرەكەمان بكاتەوە.
وتیشی: ماوەی چەند ساڵێكە رێژەی بارانبارین وەكو پێویست نییە، بۆیە بۆ چاندنی گەنم و جۆ ناتوانین تەنیا پشت بەبارین ببەستین، چونكە جووتیار زەرمەند دەبێت، تاكە چارەسەر ئەوەیە ئاسانكاری بكرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەی ئاودێری بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان دابین بكرێت.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەبارەی بەرهەمی بەروبوومی ئەوساڵ و مەترسییەكانی ئەو وشكەساڵییەدا بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ماوەی چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان و عیراق بە ئامانج یا بە هەر هۆكارێك كەوتۆتە بەر شەپۆلەكانی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا، بەڵام لە ساڵێكەوە بۆ ساڵێكی تر و لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە دەگۆڕێت.
وتیشی: بەو پێیەی 80 %ی جووتیارانی كوردستان پشت بە باران دەبەستێت، كاتێكیش باران نابارێت یان بە پچڕ پچڕ دەبارێت، راستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمەكانیان دروست دەكات، بە تایبەتیش لە هەولێر كە زۆربەی جووتیاران زەوییەكانیان بەگەنم و جۆ دەچێنن .
روونیشیكردەوە: لە هەولێر رێژەی باران بارین لە 110ملم تا نزیكەیی 200 ملم باریووە، ئەم رێژەش كەمە و ناتوانێت زەوی پاراو و تێر ئاو بكات، بۆیە وشكەساڵییەكە بە تایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر دا چڕبۆتەوە، هەرچەندە وشكەساڵییەكی سەرتاسەری نییە، بەو پێیەی لە سنوورەكانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە، تا دەگاتە قەزای دوكانیش كەمتر وشكەساڵییەكەی پێوە دیارە.

 

 

باشترین چارەسەر بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی وشكەساڵی، بریتییە لە دروستكردنی چەندین پڕۆژەی ئاودێریی لەسەر لق و رووبارەكانی زێی گەورە و زێی بچووك

هەر لەبارەی وشكەساڵی و زەرەرمەند بوونی جووتیاران، هەڵكەوت محەمەد ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی جووتیارانی كوردستان پێیڕاگەیاندین:  ئێمە وەك یەكێتیی جووتیاران بەردەوام داكۆكی لەمافی جووتیاران دەكەین، بەتایبەتی لەكاتی زەرەرمەندبوون، ئینجا بەهۆی وشكەساڵییەوە بێت، یان ئافات و رووداوێك زیان بەبەرهەمەكانیان بگات.
 وتیشی: دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی برا جووتیارەكانمان، پێویستە حكومەتی هەرێم كار بۆ پێشكخستنی كەرتی كشتوكاڵی بكات و زیانەكانی وشكەساڵ كەمبكاتەوە، ئەویش بەدابینكردنی پڕۆژەی ئاودێری و هاوكاریكردنی جووتیاران، چونكە ماوەی چەند ساڵێكە رێژەی بارانبارین وەكو پێویست نییە، بەمەش زیانێكی زۆر بەو كەرتە دەكەوێت.
لەلای خۆیەوە رێبوار كاكەیی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاودێری پارێزگای هەولێر وتی: كەشوهەوای هەرێمی كوردستان كیشوەری نیمچە وشكە، لە هاویندا گەرم و وشك، لە زستاندا سارد و شێدارە، لە ساڵانی 1950 ەوە گۆڕانی بەرچاوی كەشوهەوا روویداوە، هاوكات بەرزبوونەوەی تێكڕای پلەی گەرمیی ساڵانە و گۆڕانكاری لەشێواز و رێژەی بارانبارین ئاماژەن بۆ ئەو گۆڕانكاراییانە. بێگومان گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەریی دەبێ لەسەر كەرتی ئاو، كەرتی كشتوكاڵ و جۆراوجۆریی زیندەوەران. 
لەبارەی چارەسەرییەكانیش، رێبوار كاكەیی وتی: باشترین چارەسەر بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی وشكەساڵی، بریتییە لە دروستكردنی چەندین پڕۆژەی ئاودێری لەسەر لق و رووبارەكانی زێی گەورە و زێی بچووك، بۆ ئەوەی ژێرخانێكی ئاوی خۆڕاگر دروست بكرێت، بەمەش گوندەكانمان خۆڕاگر و خۆ بژێو دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كوردستان بە خۆڕاگری و هەمیشە سەوزی بمێنێتەوە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان