عەباس عەبدولڕەزاق
بە پێویستمزانی ئەمجارەیان كچە هونەرمەندێكی شانۆكاری كرماشانیی بناسێنم كە لە شارە كوردەوارییە خۆشەویستەكەی كرماشان و لە گروپی (نیگا) چالاكانە كاری شانۆ دەكات.
(رەوا سەرابی كیادەر)، لەدایكبووی گەڕەكی (تاق بوستان)ی كرماشانە . باوكی خەڵكی خانەقینە و دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە كرماشان جێگیر دەبێت و ناتوانێت بگەڕێتەوە بەتایبەتی پاش لە سێدارەدانی(شەهید سەلام)ی برای، کە یەكێكە لە شەهیدانی هەڵۆی سوور. وەك كارمەندێكی پیشەیی بەشی ئەلیكترۆنی لە دامەزراوەی (شێر و خورشید)ی نەخۆشخانەی (200 قەرەوێڵەیی) ئەو سەردەمە دەستبەكار دەبێت. هەر لەوێش خێزان پێكەوە دەنێت، لەگەڵ كچێكی خەڵکی كرماشاندا.
رەوا لەژێر کاریگەریی خاڵی دا دەبێت، كە هونەرمەندێكی ناودار و بەناوبانگی كرماشانە و ناوی (سادق سەراب خوشكە)یە، هەروەها پوریشی هونەرمەندە و ناوی (ئازیتا سەراب خوشكە)یە. هەر لە منداڵییەوە شانۆ دەبێت بە گەورەترین خولیای و هەر لەو تەمەنەشەوە لە چەند بەرهەمێكدا بەشداریی دەکات، دواتر بڕوانامەی باڵا لە هونەری تەلارسازیدا بەدەست دەهێنێت، وەك ئەندازیاری تەلارسازیی چەند كارێکی لە كرماشان و تاران ئەنجامداوە.
لەبواری شانۆدا لەگەڵ گروپی (نیگا) و چەند گروپێكی تردا، بەشداریی چەندین شانۆگەریی كردووە كە لە كرماشان و تاران و شارەكانی تر نمایشكراون، لەوانە شانۆیی(بی حسی موچعی ـ باغ ئاڵباڵو) لە نوسینی (ئانتوان چخۆف ـ تابستان داغ ـ شایعات) و هتد، هەروەها بەشداریی لە كورتە فیلمی (بركە میرا)دا کردووە .
بیرەوەرییەكانم لەگەڵ خاتوو (رەوا سەرابی كیادەر) ئەوەیە، دوای ساڵێك دابڕان و پێشمەرگایەتی، چەندین ساڵ هێرشی دوژمن و بۆردمانی شار و شارۆچكەكان و تۆماركردنی ئەو رووداونە بەتایبەتی بۆردمانی كیمیایی شاری هەڵەبجە و خەباتی بێوچانمان و بڕوا بوونمان بە مافی رەوای گەلەكەمان، سەردانی ماڵی كاك عەلی برام كرد، کە چەند رۆژێك پێشتر خوا كچێكی پێ بەخشیبوون، داوایان لێكردم ناوێکیان بۆ هەڵبژێرم، منیش ناوی (ڕەوا)م هەڵبژارد. لەوساوە ئەم خانمە ناوی رەوایە و ئاگاداری كار و چالاکییەکانیم و ئایندە لە چاوی گەنجە بەهرەمەندەكانمانەوە دەبینم.