‎شیعری شاعیرانی براوەی خەڵاتی نۆبڵ

11:37 - 2025-04-10
ئەدەب و هونەر
87 جار خوێندراوەتەوە
‎شاعیری مەکسیکی ئۆکتاڤیۆ پاز

براوەی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 1990

 

‎ئۆکتاڤیۆ پاز، لەساڵی 1914 لە مەکسیکی پایتەخت لەدایک بووە، هەرلەوێش خوێندویەتی و لەکاتی لاویدا ژیانی لە ئەمەریکا و ئیسپانیا و فەڕەنسا بەسەر بردووە. سوودێکی زۆری لەکەلتوری ئەو وڵاتانە وەرگرتووە. لەدوای جەنگی جیهانی دووەم سەرقاڵی کاری دیبلۆماسی بووە و نوێنەری وڵاتەکەی بووە لە ژاپۆن و هیندستان، کەوتۆتە ژێرکاریگەریی کەلتوری ئەو وڵاتانەیشەوە.
‎کاتێك باڵیۆزبووە لەهیندستان، دەستی لەکار کێشاوەتەوە وەکو ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە ئەو کرداری بەگژاچوونەوەیەی خوێندکاران لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، لەساڵی 1968دا، دواتر وەکو مامۆستا و وانەبێژ لە هەریەکە لە زانکۆکانی هارفارد و کامبرج وانەی وتۆتەوە، وەکو شاعیر و چیرۆکنووس و وتارنووس ناسراوە و بە یەکێک لە لووتکە ئەدەبییەکانی ئەمەریکای لاتین ناوزەد دەکرێت.
ئەو ‎بۆچوونی وایە کە "شیعر پڕۆسەیەکە توانای گۆڕینی جیهانی هەیە. بەسروشتی خۆشی، شیعر نووسین چالاکییەکی شۆڕشگێڕانەیە، هەروەها چالاکیەکی رۆحییە، مرۆڤ ئازاد دەکات"، ئۆکتاڤیۆ پاز ساڵی 1990 خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە. 

 

لەنێوان بەسەرچوون ومانەوەدا

‎لەنێوان بەسەرچوون و مانەوەدا
‎رۆژەکان لە جێی خۆیان دەخولێنەوە،
‎بۆ عیشقە روون و ئاشکراکەی
‎دوای پاش نیوەڕۆیەکی بازنەیی،
‎ئەم ئەمێستا کەنداوێکە
‎کە بوون لەشوێنی خۆی لە بێدەنگیدا راوەستاوە.
‎هەموو شتێک روون و ئاشکرایە و
‎هەموو شتێک سەرەتاتکێ دەکات
‎هەموو شتێک نزیکە وەلێ، ناتوانێت دەستی لێبدات.
‎کاغەز و کتێب و پێنووس و پێکەکەی
‎هەموویان لەسێبەری ناوەکانیاندا پشوودەدەن.
‎ئەوساتەش کە دڵی لێدەدات
‎هەمان پەڵەی خوێن دووبارە دەبێتەوە کە ناگۆڕێ.
‎رووناکیش دیوارە بێمروەتەکە
‎دەکاتە شانۆیەکی مۆتەکە ئامێز
‎لە پەرچەکرداردا.
‎من خۆم لە ناوەڕاستی کانییەکەدا دەبینم
‎چاودێریی خۆم دەکەم لە بازنە بەتاڵەکانیدا،
‎کە لەچرکەیەکدا پەرت دەبن
‎بەبێ جووڵە من دێم و دەچم
‎دەبمە لەمپەر

 

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ئاوات حەسەن ئەمین

 

‎سەرچاوە:قصائد من شعراء جائزه نوبل
إختارها وترجمها د. شهاب غانم، مارس 2009

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان