راپۆرتی/ ئهیاز ههركی
بەپێی ئامارە رەسمییەکانی ساڵی 2024، رۆژانە پێنج بۆ حهوت حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە، تەواوی ساڵەكه کردویەتییە 2023 حاڵەتی جیابوونەوە.
کاڵێ ژنێکی تەمەن 28 ساڵە، لە دادگا داوای جیابوونەوەی کردووە لەو پیاوەی ماوەی دوو ساڵ لەگەڵی ژیاوە و منداڵێکی لێی هەیە.
کاڵێ بۆ کوردستانی نوێ وتی، بێزار بووم لە ژیانی پڕ لە شەڕ و ئاژاوە بۆیە داوای جیابوونەوەم کرد، هەر لە دوای پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی زۆر گۆڕا، رەفتار و گوفتارەکانی تەواو جیاواز بوون لەو کەسەی لە ماوەی دەستگیرانداری ناسیم، وەک ئەوەی پێشتر ماسکی کردبێت.
هۆکارەکانی جیابوونەوە
نهوزاد سهعید پارێزهر له دادگای دهۆك باسی لە هۆکارەکانی جیابوونەوە کرد و بۆ كوردستانی نوێ وتی: هۆکاری جیاواز ههیه بۆ کێشەی خێزانی و جیابوونەوەی هاوسهران، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان نەگونجاندنی هاوسەرەکانە لەگەڵ یەکتر، بەپێی ئامارەکان لە ساڵی رابردوودا 1067 حاڵهتی جیابوونهوەی نێوان هاوسەران لە پارێزگای دهۆک بەهۆی نهگونجاندن بووه.
وتیشی: ناپاکیی هاوسەری لە ریزی دووەمی هۆکارەکانی جیابوونەوەدایە، دوای ئەو هۆکاری کۆمەڵایەتی دێت، پاشان خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، دواتر هۆکاری ئابووری و هەندێک حاڵەتی جیابوونەوەش هۆکارەکەی هێنانی ژنی دووەم و ئالوودەبوون بە ماددەهۆشبەرەکانەوە بووه، بە گشتیی ئەمانە هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەن لە پارێزگای دهۆک بە قەزا و ناحیەکانیشەوە.
گرنگی پێنەدان هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەی کاڵێیە لە هاوسەرەکەی و دەڵێت: سەرچاوەی کێشەکانمان گرنگی پێنەدانی هاوسەرەکەم بوو بە خۆم و مناڵەکەم بۆ هەموو کەس باش بوو، بەڵام هیچ حسابێکی بۆ ئێمە نەدەکرد، هەموو رۆژ لە ماڵم شەڕ و ئاژاوە بوو، هەستی بە بەرپرسیارێتی نەدەکرد بەرامبەرمان، بۆیە جیابوونەوەم بەباش دەزانم.
گرێبەستی هاوسەریی پێویستە بە فلتەری لیژنەیەکی تایبەتمهندا تێپەڕێت، بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کچان و کوڕان کەسانی گونجاون بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوبهش
ئاماری جیابوونەوە لە دهۆک
بەپێی ئامارێک لە دادگای دهۆک، دەرکەوتووە زۆرترین رێژەی جیابوونەوە لەناو گەنجانی تەمەن 18 بۆ 35 ساڵدا تۆمارکراوە، هاوکات رێژەی جیابوونەوە لە ساڵی 2024دا کە 2023 حاڵەت تۆمارکراوە، بەراورد بە ساڵی 2023 کەمی کردووە کە 2124 حاڵەت بووە.
نهوزاد سهعید پارێزهر له دادگای دهۆك دەڵێت: پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زۆربوونی تۆڕە جیاوازەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی وایکردووە ئارەزووی هەردوو رەگەز زیاد بکات، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی کێشەی خێزانی لە سنووری پارێزگای دهۆک، بەڵام پێویسته هاوسەرەکان زیاتر هۆشیارییان ههبێت لهسهر ئهم پرسە هەستیارە بە تایبەت لە سەرەتای پێکهێنانی ژیانی هاوسەرییدا، لەبەرئەوەی کاتێکی دەوێت بۆئەوەی دوو کەسی جیاواز کە لە دوو ژینگەی جیاوازەوە هاتوون پێکەوە بگونجێن، 11 ساڵە لە دادگادا کار دەکەم، زۆربەی کێشەکانی نێوان هاوسەران هی ئەوەنین لەسەری جیاببنەوە، بەڵام خێرایی لە بڕیاردان و پشوو كورتی لە نێوان ژنان و پیاواندا بووەتە هۆی جیابوونەوەیان.
هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی
ئەو پارێزەرە بە سەرسوڕمانەوە باسی لە هۆکارێک کرد کە بووەتە هۆی جیابوونەوەی دوو هاوسەر و وتی: ساڵی رابردوو کەیسێکی زۆر سەیر هاته لام، ژن و پیاوێک ماوەی چوار مانگ بوو ژیانی هاوسەرییان پێكهێنابوو، بهڵام بەهۆی رەنگی فەرشی ژوورەکەیانەوە ژنهكه داوای جیابوونەوەی له پیاوهكهی کرد، پیاوهكهش گەنج بوو و کار و كاسبی تایبەتی خۆی هەبوو هیج كهموكورتییهكیشی نهبوو.
کۆمەڵناسان هۆشداری دەدەن لەوەی کاتێک مرۆڤ بڕیاری ژیانی هاوسەریی دەدات، نابێت تەنها بیر لە غەریزەی سێکسی بکاتەوە، بەڵکو دەبێت بیر لە دەرئەنجام و بەرپرسیارێتی خێزانی بکاتەوە، لەبەرئەوەی بەشی سەرەکیی له پێكهێنانی ژیانی هاوبهش و هاوسەریی بەرپرسیارێتی و پەروەردەکردنی منداڵ و خێزانە. ئەمەش بارگرانییەکی تایبەت دەخاتە سەرشانی پیاوان، بۆیە پێویستە ژنان و پیاوان پشوو درێژبن لەگهڵ یەکتر و بیر لە بەرپرسیارێتی خێزانیی بکەنەوە، ئەمە ژیانێکی هاوبەش و هەمیشهییه.
هەڵمەتی هۆشیاری گرنگە
پارێزەر نهوزاد سهعید ئاماژەی بەوەکرد: زۆر گرنگە میدیا و راگهیاندنهكانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر قسە لەسەر ئەو پرسە گرنگە بکەن و کەلتووری كوردهواری و رۆشنبیری هاوسەریی بڵاوبکەنەوە، جگە لەوەش هاووڵاتیان تاڕادەیەکی باش بڕوایان بە وتاری مامۆستایانی ئایینی هەیە و گوێیان لێ دەگرن بۆیە پێویستە لە وتارەکانیاندا زۆر گرنگی بە باسکردنی بابەتە خێزانییەکان بدەن.
وتیشی: گرێبەستی هاوسەریی پێویستە بە فلتەری لیژنەیەکی تایبەتمهندا تێپەڕێت کە پێکبێت لە پسپۆڕانی دەروونناس و کەسانی ئایینی کە ئەزموونیان لەو بوارەدا هەبێت، بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی ئەو کچ و کوڕە دوو کەسی گونجاون بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوبهش، ئەم هەنگاوە کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی کێشەکانی ناتەبایی و نهگونجاندن کە کێشەیەکی بەربڵاوە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆماندا.