قەسری باداوەی هەولێر

ئەو قەسرەی شا فەیسەڵی دووەمی عیراق بۆماوەی مانگێك بۆ خۆپاراستن لەكودەتا تێیدا مایەوە

11:31 - 2025-04-16
دووتوێ
43 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێکی کۆشکی باداوەی هەولێر

ئا: رەوەست نەوزاد



(كۆشك) یا(قەسری باداوە) یەكێك بوو لە كۆشكە بەناوبانگەكانی شاری هەولێر، كە خاوەنداریەكەی بۆ كەسایەتی شارەكە (مەلا ئەفەندی) دەگەڕێتەوە، كە ناوی تەواوی مەلا ئەبوبەكر كوڕی عومەر كوڕی مەلا گچكە بوو، خۆی لە قەڵای هەولێر لە دایكبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زەوییەكی زۆری كشتوكاڵی لە گوندی باداوە هەبووە، بۆیە بڕیار دەدات كۆشكێك بۆ شوێنی حەوانەوە و كاروباری كشتوكاڵی لە گوندەكەی خۆی دروستبكات.

مەلا ئەفەندی

كەنعان موفتی كەسایەتی شاری هەولێر و شارەزا لە مێژوو لەبارەی مێژووی قەسری باداوە و مەلا ئەفەندی بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەو كۆشكە بە یەكێك لە باڵەخانەی كوردییەكانی سەدەی 19 و 20 دەژمێردرێت، من چەندین ساڵ لەمەوبەر لە وەستا شەهاب بەننامم بیستووە، كە ئەوكات تەمەنی زیاتر لە 90 ساڵ دەبوو بۆی گێڕامەوە، لەكۆندا ئەندازیارێكی بیناسازی لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەناوی ئیسماعیل سنەیی هاتۆتە شاری هەولێر، لەنێوان ساڵانی 1880 تا 1890 بە هاوكاری چەند وەستایەكی شارەكە كۆشكەكەی مەلا ئەفەندیان دروستكردووە.
موفتی وتیشی: كۆشكەكە لە دوو نهۆم پێكهاتبوو، نهۆمی یەكەمی زیاتر لە 25 ژووری تێدابووە، هەر ژوورەی جۆرە نەخش و نیگارێك و جامخانەیەكی تایبەتی تێدابوو، سەقفەكەشی بەداری نەخش و نیگار دروستكرابوون، هاوشێوەی سەقفی سانەوی بوون، لە بەشی پێشەوەی كۆشكەكەش حەوزێكی گەورە دروستكرابوو، لەبەشی دواوەشی بە پانتایی 15 دۆنم جوانترین درەختی تێدا چێنرابوو.

ئەو كۆشكە چەندین رووداوی سیاسی گرنگی بەخۆوە بینیوە، یەكێك لەوانە داڵدەدانی خانەوادەی پاشایەتی ئەوكاتەی عیراق  بوو

باسی لەوەشكرد: هۆكاری دروستكردنی كۆشكەكە لەلایەن مەلا ئەفەندی بۆ ئەوە بوو، كە زەوی كشتوكاڵی لەو گوندە هەبوو، ئەوكات (باداوە) كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێر دوو بەش بوو، یەكێكیان گەڕەكی سەرەوە بوو هی بنەماڵەی موفتی بوو، ئەویتر گەڕەكی خوارەوە بوو بنەماڵەی مەلا ئەفەندی خاوەنداریەتیان دەكرد.
هەروەها كەنعان موفتی باسی لەوەشكرد: ئەو كۆشكە چەندین رووداوی سیاسی گرنگی بەخۆوە بینیوە، یەكێك لەوانە داڵدەدانی خانەوادەی پاشایەتی ئەوكاتەی عیراق  بوو بۆ ئەمەش موفتی دەڵێت: كاتێك شا فەیسەڵی دووەمی شای عیراق لەساڵی 1941 تووشی كودەتای بزووتنەوەكەی رەشید عالی گەیلانی بوو، بە ناچاری هاتۆتە هەولێر و ماوەی زیاتر لە مانگێك لە میوانداری مەلا ئەفەندی بوو لەو كۆشكە مایەوە، تاكو دۆخەكە ئاسایی بۆوە ئینجا گەڕایەوە بەغدا.
بەهۆی فراوانبوونی شار ماوەی چەندین ساڵە (گوندی باداوە) بووەتە یەكێك لە قەرەباڵەغترین گەڕەكەكانی شار، بۆیە شوێنی كۆشكەكە لە ئێستادا بووەتە خانوو و باڵەخانە، لەو بارەیەوە كەنعان موفتی دەڵێت: دوای نەمانی كۆشكەكە زەوییەكە لەنێوان خانەوادەی مەلا ئەفەندی دابەشكرا و فرۆشرا و پاشان كرا بە خانوو. 

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان