زیاتر لە 10 ساڵە، خوێندكارانی بەشەناوخۆییەكی هەولێر داوای دروستكردنی پردێكی پەڕینەوە دەكەن

11:36 - 2025-04-16
دووتوێ
53 جار خوێندراوەتەوە
پایەی ئەو پردەی کە ماوەی 20 ساڵە وەک خۆی ماوەتەوە

كوردستانی نوێ، هەولێر

بەشی ناوخۆیی شەوكەت شێخ ئێزدین دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی هەولێر كەركوك نزیك ناحیەی دارەتوو، ماوەی 20 ساڵە بۆ خوێندكارانی دەرەوەی هەولێر دروستكراوە، ئەویش وەك هەر بەشێكی دیكەی ناوخۆیی خوێندكاران لە كەموكوڕی و ئاوڕلێدانەوە بێ بەش نییە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە هاتوچۆ و پەڕینەوەی خوێندكارانی ئەو بەشەوە هەیە، چونكە جگە لە تاسە و بەربەستی ئۆتۆمبێل، هیچ پردێكی پەڕینەوەی لێنیە، ئەمەش لە كاتێكدا لە ماوەی رابردوو چەندین گردبوونەوەی ناڕەزایی خوێندكاران ئەنجامدراوە و بۆ ماوەیەك رێگای سەرەكیان داخستووە، بۆ ئەوەی ئیدارەی هەولێر پردێكی پەڕینەوەیان بۆ دروست بكات، كەچی تاكو ئێستا جگە لەدانانی بناغەی پردەكە هیچ كارێك بۆ تەواوكردنی نەكراوە.
هەردی ئەسعەد وەك یەكێك لە خوێندكارانی بەشی ناوخۆی شەوكەت شێخ ئێزدین بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دانانی پردی پەڕینەوە لە بەردەم بەشە ناوخۆكەمان زۆر پێویستە، چونكە رۆژانە هاتوچۆی پێدادەكەین، رێگاكەش زۆر قەرەباڵغ و مەترسیدارە، لە ماوەی رابردووشدا چەندین رووداوی نەخوازراوی لێكەوتۆتەوە.
وتیشی: لەكاتی پەڕینەوەدا بەشێكی زۆری ئۆتۆمبێلەكان هاوكاری خەڵكی پیادە ناكەن، هەرچەندە ئێستا تاسە و بەربەست هەیە، بەڵام قەرەباڵغی و جەنجاڵییەكی زۆری لە بەردەم بەشە ناوخۆكەمان و ئاستەنگێكی زۆری هاتوچۆی بۆ ئێمەی خوێندكاران دروستكردووە، ئەو خوێندكارە داواكاربوو، هەرچی زووە ئەو پردە دروست بكەن، بۆ ئەوەی خوێندكاران بە ئاسانی و بەبێ ترس هاتوچۆ بكەن، لەلایەكی تر جەنجاڵی شەقامەكە كەمدەبێتەوە.

لەماوەی 20 ساڵی رابردوو، چەندین پردی پەڕینەوە لە هەولێر دروستكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین داواكاری و گردبوونەوەی ناڕەزایی، كەچی تاكو ئێستا نەتواندراوە پردێك لە بەردەم بەشە ناوخۆكەمان دروست بكەن

ئەحمەد قادر خوێندكارێكی دیكەی ئەو بەشە ناوخۆییە دەڵێ: لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو لەو كاتەی بەشە ناوخۆی شەوكەت شێخ ئێزیدن دروستكراوە، چەندین پردی پەڕینەوە لە هەولێر دروستكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین داواكاری و گردبوونەوەی ناڕەزایی، كەچی تاكو ئێستا نەتواندراوە پردێك لە بەردەم بەشە  ناوخۆكەمان دروست بكەن.
وتیشی: راستە ئێستا بناغەی دروستكردنی پردێكیان داناوە، بەڵام دیار نییە كە ئەمساڵی خوێندن تەواو دەكرێت یان نا، لە كاتێكدا دەكرێت لە ماوەیەكی كەم دروست بكرێت، ئەو كات نەوەك تەنیا ئێمەی خوێندكاران، بەڵكو گەڕەكەكانی نزیك بەشە ناوخۆیی شەوكەت شێخ ئێزدینیش بۆ پەڕینەوە سوودی لێوەردەگرن، چونكە رێگاكە سەرەكییە و رۆژانە هاتوچۆیەكی زۆری لەسەرە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان