ئا: كوردستانی نوێ-هەولێر
لەگەڵ كردنەوەی حەڤدەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بە دروشمی (جیهان بە كوردی دەدوێت) رێژەیەكی زۆر لە خوێنەران و رۆشنبیران و چین و توێژەكان سەردانی دەكەن، وتەبێژی پێشانگەكەش رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ زیاتر لە یەك ملیۆن ناونیشانی كتێب لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر نمایشكراوە، تەئكیدیشیكردەوە كە كتێبەكان لە سەرجەم بوارەكان پێكدێت، هەرئەمەش وایكردووە رێژەی سەردانی و بەسەركردنەوەی پێشانگەكە لە ساڵانی رابردوو زیاتر بێت.
لەو بارەیەوە د.بێوار پیرۆت ساڵح وتەبێژی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دوای ئەوەی لە 9/4/2025 لە پاركی سامی عەبدولرەحمان لە شاری هەولێر حەڤدەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بە دروشمی (جیهان بە كوردی دەدوێت)كرایەوە، رێژەیەكی زۆر لە نووسەران و رۆشنبیران بە هەموو چین و توێژەكان سەردانی دەكەن.
وتیشی: رێژەی سەردانی بۆ پێشانگەكەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر زیاترە، ئەوەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە زۆری ژمارەی ناونیشانی كتێبەكان، كە ژمارەیان یەك ملیۆن و 200 هەزار ناونیشانە لە بوارەكانی (مێژووی، جوگرافی، ئەدەبی، ئایینی، زانستی، منداڵان و ژنان)دا، بە جۆرێك سەرجەم بوارەكانی گرتۆتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: خاڵێكی دیكەی زۆری رێژەی سەردانكەرانی پێشانگەی كتێب لە هەولێر، بۆ هەرزانی نرخی كتێبەكان دەگەڕێتەوە، چونكە ئامانجمان بوو زۆرترین كەس بتوانێت كتێب بۆ خۆی بكڕێت و نرخەكان نەبنە هۆكاری بێ بەش بوونیان، هەروەها ئامادەبوونی نوسەرانی كتێب و خاوەن دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە لەناو پێشانگەكە، هۆكارێكی دیكەیە لەوەی كتێبەكان زۆرتر بفرۆشرێن.
راشیگەیاند: بە درێژایی رۆژانی پێشانگەكە چەندین پانێڵ و دیبەیتی رۆشنبیری لەبارەی وەرگێڕان و زمانەوە بەڕێوەدەچن، هاوكات بە بەشداری رۆشنبیران و شارەزایانی كورد و عەرەب چەند وۆركشۆپێك لەسەر دۆخی كتێب و گەشەی پیشەسازی بڵاوكردنەوە رێكدەخرێت، ئەمانەش گروتینێكی دیكە بە پێشانگەكە دەدات و هانی خوێنەران و رۆشنبیران دەدەن سەردانی بكەن.
جێی ئاماژەیە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب ساڵانەیە و لەلایەن دامەزراوەی (ئەلمەدا) بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر و بە هاوكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمساڵیش 350 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە لە 22 وڵات بەشدارییان تێيداكردووە و تا 19ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.