كوردستانی نوێ، هەولێر
دكتۆر كەنار فازڵ وەك دەرمانسازێكی پسپۆڕ لە شاری هەولێر لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، قسە لەسەر چەند لایەنێكی گرنگی دەرمان و چۆنیەتی بەكارهێنانی دەكات، تەئكید لە هەستیاری دەرمان و هۆشیاری نەخۆش و بەكاربەر دەكاتەوە، لەوەی هەر جۆرە بەكارهێنانێكی هەڵە یان بەبێ رێنمایی دكتۆری پسپۆڕ مەترسی لەسەر ژیانی ئەو كەسە دروست دەكات، هۆشداریش دەدات لەوەی دەرمان لەرێگەی رەسمی و بە ئاگاداری حكومەت داخلی وڵات بكرێت و بەسەرجەم رێكارەكانی پشكنین تێپەڕێت.
سەرەتا وتی: پێویستە ئەوە بزانین كە دەرمان وەك خۆراك ئاسایی نییە، هەرچۆنێك بمانەوێ بیخۆین و بەكاری بهێنین، بەڵكو چەند هۆكارێك هەیە وادەكات وەك چارەسەر یان خۆپارێزی لە نەخۆشی بەكاری بهێنین، هەندێكجاریش بۆ نەهێشتنی نیشانەكانی نەخۆش، جگە لەوانەش دەرمان وەك تەواوكەری خۆراك بەكاردێت، بەتایبەتی بۆ بەدەستهێنانی ڤیتامین و كانزاكان.
وتیشی: ئەو كەسەی دەرمان بەكاردەهێنێت و لەلایەن دكتۆری پسپۆڕ جۆرەكانی بۆ دەستنیشان دەكرێت، پێویستە بەر لە بەكارهێنانی دڵنیابێت لەوەی هەمان ئەو دەرمانەی وەرگرتووە كە دكتۆرەكە بۆی نووسیوە، بۆ ئەمەش پێویستە داواكار هۆشیار بێت و هەموو ئەو پرسیارانە لە دەرمانخانەكە بكات، كە پەیوەندی بە چۆنیەتی بەكارهێنان و جۆر و ماوەی بەكارهێنانییەوە هەیە، لەدەرمانخانەكانیش دەبێ دەرمانساز هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێ وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە لای نەخۆش یان بەكاربەر روون نیە.
دكتۆر كەنار فازڵ ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لە هەندێك جۆری دەرمان كە دەتواندرێ بەبێ پرسی دكتۆر بەكاربهێندرێ و بە ئاسانی دەست دەكەوێت، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی كورتخایەن و ئازارشكێنی سەرەتایین، بۆ ئەوانی تر بەهیچ شێوەیەك رێگە پێدراو نیە، نەخۆش بەبێ پرسی دكتۆر و رێنماییە تەندروستییەكان بەكاری بهێنی، چونكە دەرمان خۆی كاریگەری لاوەكیان هەیە و ئەو كاریگەرییانە لە كەسێكە و بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت.
تەئكیدیش دەكاتەوە: پێویستە هێنانی دەرمان لە رێگەی كوالێتی كۆنتڕۆڵەوە بێت و بە ئاگاداری حكومەت و بەشێوەیكی رەسمی داخڵی وڵات كرابێت، زۆرجار گوێمان لێدەبێت بەدەر لە رێنماییەكان دەرمان بۆ كوردستان دەهێندرێت، ئەمە كێشەیەكی گەورەیە و كاری حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانە رێگری لێ بكەن، بۆیە نابێت هاووڵاتیان هیچ جۆرە دەرمانێك بكڕن ئەگەر ستیكەری كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی پێوە نەبێت.