گیو موكریانی خاوەن چاپخانە و وێنەگرەكەی ژێر قەڵای هەولێر

12:23 - 2025-04-16
دووتوێ
38 جار خوێندراوەتەوە
گیو موکریانی و چاپخانەکەی

ئا: رەوەست نەوزاد

 




قسەكردن لەسەر كەسایەتییەكانی شاری هەولێر و كوردستان بەگشتی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام لە دیدارێكی كورتی لەو جۆرە، تەنیا باس لە چەند لایەنێكی كورتی ژیانی كۆچكردوو (گیو موكریانی) دەكەین، وەك یەكێكە لە ناوە دیارییەكانی دونیای چاپ و وێنەگرتن.

 

د. كەمال سەعدی نووسەر و كەسایەتی شاری هەولێر، بیرەوەری خۆی لەگەڵ كۆچكردوو گیو موكریانی خاوەنی چاپخانەی كوردستان لە شاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە ساڵی حەفتاكان مامۆستا گیوی موكریانی لەژێر قەڵای هەولێر چاپخانەی هەبوو، ئێمەش هەندێك نووسەری گەنج بووین تازە دەستمان بە نووسین كردبوو، حەزمان دەكرد بچینە كۆڕی پیاوانی گەورە، یەكێك لەو پیاوانە مامۆستا گیو موكریانی بوو.
وتیشی: ئەوكات چەند رۆژنامەیەكی كوردی لە بەغدا دەردەچوون، ئومێد ئاشنا كە نووسەرێكی شاری سلێمانی بوو، چەند ئەڵقەیەكی لە یەكێك لەو رۆژنامانە لەسەر گیوی موكریانی نوسیبوو، رەخنەی لێدەگرت و دەیوت، گیو دەستكاری شیعری شاعیرانی كردووە و هەموویانی تێكداوە و تێكستەكانی گۆڕیوە، بەڵام مامۆستا گیو وەڵامی ئومێدی نەدەدایەوە، تەنیا لە وەڵامی پرسیاری من لەسەر ئەو بابەتە وتی (من تەنیا هاتووم وشە عەرەبیەكانم فرێداوە و وشەیەكی كوردیم لە شوێنی داناوە، بە مانایەكی تر چەفیە و عەگالەكانیانم فرێداون و جامانەم لەسەر وشەكان داناوە).!!
لەبارەی ئاشنایەتی گیو موكریانی لەگەڵ پیرەمێردی شاعیر وتی: گیو موكریانی جگە لە كاری چاپخانە پێشتر فۆتۆگرافەریش بووە، هەر ساڵێكیش كە یادی جەژنی نەورۆز نزیك دەبۆوە، پیرەمێردی نەمر لە شاری سلێمانی بەدوایدا ناردووە و دەیوت (گیو خۆت و كامێراكەت وەرنە سلێمانی)، ئەویش داواكەی جێبەجێ دەكرد و لەگەڵ پیرەمێرد لە گردی مامەیارە ئاگری نەورۆزیان دەكردەوە، بە ئامادەبوونی شاعیران مامۆستا گۆران و فایەق بێكەس و جەماوەرێكی زۆر فێستیڤاڵێكی شیعریشیان بەڕێوەدەبرد.
د. كەمال سەعدی هەروەها وتی: مامۆستا گیو لە باسی یادی نەورۆز لە سلێمانی ئەوەی باسكرد كە ساڵێكیان ئەو و پیرەمێرد جلی كوردیان لەبەركردووە، بەڵام پیرەمێرد پێیباش بوو شاعیرەكانیش لە كاتی شیعر خوێندنەوە و وێنەگرتندا بە جلی كوردییەوە ئامادەبن، بەڵام  لەبەرئەوەی هەریەكە لە گۆران و بێكەسی شاعیر جلی كوردییان لەبەر نەبوو، بۆیە پیرەمێرد داوای لە گیو موكریانی كردووە لە كاتی شیعر خوێندنەوە جلە كوردییەكەی خۆی بدات بە هەردوو شاعیرەكە، بەو پێیەی یادێكی نەتەوەییە و ناكرێ جلی كوردییان لەبەر نەبێت، ئەوەبوو بە نۆرە جلەكانی خۆی لە پشت گژوگیاكانی ئەو شوێنە داكەندووە و گۆران و بێكەس لە كاتی خوێندنەوەی شیعرەكەیان لەبەریان كردووە.
كەمال سەعدی دەڵێت: گیو موكریانی  پێیوتم چەند ساڵێك بۆ وێنەگرتنی پێرەمێردی شاعیر لە بۆنەی جەژنی نەورۆز بۆ وێنەگرتن دەچووە سلێمانی، كە پێدەچێت هۆكارەكەی بۆ بە توانایی وێنەگرتن لە مامۆستا گیو و هەروەها كەمی ژمارەی وێنەگران لەو سەردەمە بگەڕێتەوە كە دیقەی وێنەكانیشی زۆر بەرز بوون.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان