گومرگی ئەمریكا كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر عیراق و كوردستانهەیە؟

09:53 - 2025-04-17
ئابووری
56 جار خوێندراوەتەوە
ئەمریکا لەم جەنگەدا دۆست و دوژمن لێک جیا ناکاتەوە

ئا: تەها عەبدوڵڵا


ئابووریناسان و مامۆستایانی زانكۆ جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، کە بڕیارەكانی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا لە بارەی تاریفەی گومرگی و زیادكردنی باج لەسەر كاڵاكان، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان نابێت، لەبەر ئەوەی كەمترین ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە. ئەو پسپۆڕانە ئاماژە بەوەش دەكەن، کە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكا و كۆماری ئیسلامی ئێران كاریگەریی بڕیارەكانی ترامپ لەسەر ئابووریی جیهان كەم دەكاتەوە.
د. ئەیوب ئەنوەر سماقەیی سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان و مامۆستای زانكۆ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سەبارەت بە سەپاندنی باجی گومرگی ئەمریكا لەسەر وڵاتانی جیهان بە گشتی و لەسەر عیراق بە تایبەتی، ئەو بڕیارە پاشەكشە لەسەر بەرهەمهێنان دروست دەكات، بەهۆی ئەوەی كاڵاكان نرخیان گران دەبێت فرۆشیان كەم دەبێتەوە.
وتیشی: لە ئەنجامی كەمبوونەوەی جموجۆڵی بازرگانی، خواست لەسەر نەوت لە لایەن كۆمپانیا و كارگەكانەوە كەم دەبێتەوە، بەمەش نرخەكەی دادەبەزێت، لەم حالەتەشدا عیراق زەرەرمەند دەبێت، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكەی نەوتە.

هەنگاوەکانی ئەمریکا و دوو مەبەست
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەمریكا لەو هەنگاوەی دوو مەبەستی هەیە، یەكەم هێزی ركابەری كارگە و كۆمپانیاكانی خۆی بەرز بكاتەوە، دووەم جۆرێك لە داهات بۆ خەزێنەی وڵاتەكەی بەدەست دەهێنێت.
پێشیوابوو: بەڵام هەمان بڕیار زیان بە خودی ئەمریكا دەگەیەنێت، چونكە كاتێك ئەمریكا باج لەسەر وڵاتان زیاد دەكات، بە هەمان شێوە ئەوانیش ئەو كارە دەكەن، ئەو جۆرە ململانێیە و سەپاندنی باج بەسەر یەكتردا، وادەكات جموجۆڵی بازرگانی سست بێت و رێژەی بێكاری بەرزبێتەوە.
هەر لەو بارەیەوە شەماڵ نوری، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی بڕیارەكانی سەرۆكی ئەمریكاوە لە بارەی تاریفەی گومرگی لەسەر هاوردەكردنی كاڵاكان، كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت هەیە، بەمەش وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت زەرەرمەند دەبن، بە تایبەتی وڵاتێكی وەك عیراق كە لە %٩٥ی داهاتەكەی پشت بە نەوت دەبەستێت، كاتێكیش ئەو دابەزینەی نەوت بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبێت، عیراق كێشەی كورتهێنانی بودجەی زیاد دەبێت و توانای پێدانی مووچە و جێبەجێكردنی پرۆژەكانی زۆر كەم دەبێتەوە.

عیراق دەبێ چاکسازی بکات
وتیشی: راستە ئەوە ئەگەرێكە و پێویستە حكومەتی عیراق حسابی بۆ بكات، بەڵام ئاماژەی دیكە هەن كە ئەو مەترسیانە كەمتر دەكەنەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێدەكرێت، ئەویش بەرەوپێشچوونی دانیشتن و گفتوگۆكانی نێوان ئەمەركا و كۆماری ئیسلامی ئێرانە، چونكە نزیكبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە وادەكات بەشێك لەو بڕیارانە رابگیرێن، كە سەرۆكی ئەمریكا داویەتی.
پێشیوابوو: ئەگەر عیراق بیەوێ كاریگەرییە دەرەكییەكان لەسەر خۆی كەم بكاتەوە و پارێزگاری لە ئابوورییەكەی بكات، ئەنجامدانی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە، چونكە ناكرێت وڵاێكی وەك عیرق رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت و ئەوەش حاڵ و گوزەرانی خەڵكەی بێت، بۆیە پێویستە لە پێناو زیادكردنی سەرچاوەكانی داهاتدا، وەبەرهێنان لە بوار و کەرتە نانەوتییەکانی دیكەدا بكات و رێژەی هاوردە كەم بكاتەوە و هەناردە زیاد بكات.

وڵاتانیش وەڵامی خۆیان دەبێت
د. ئیدریس رەمەزان، ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ رایگەیاند: بەو پێیەی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، جگە لە هەندێك كاڵا، كەمترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیان لەگەڵ ئەمریكا هەیە و ئەو کاڵایانەش کە هاوردەیان دەكات زیاتر لە چین و وڵاتانی دراوسێوەیە، كاریگەرییەكانی كەمتر دەردەكەوێت.
پێشیوابوو: راستە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا نرخی كاڵاكان بەرز دەكاتەوە، ئەویش بەهۆی زیادكردنی باج لە سەریان، بەڵام وڵاتانیش رێوشوێنی خۆیان بەرامبەر بە ئەمریكا هەیە و ئەوانیش وەڵامیان دەبێت، بە تایبەتی وڵاتێكی گەورەی وەك چین، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بارودۆخەكە تا ئەو رادەیەش خراپ نەبێت كە قسەی لێ دەكرێت، بە تایبەتی لەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان