ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگە بازرگانییەكەی دۆناڵد ترەمپەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا رۆژ بە رۆژ دادەبەزێت و رۆژی چوارشەممە نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت دابەزی بۆ 63.95 دۆلار، واتە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند دۆلارێكی لێبۆتەوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەنزین كە لە نەوتی خۆماڵی دەردەهێنرێت و پاڵاوگەكەشی هەر خۆماڵییە، نرخەكەی دانابەزێت و بەنزینێكی باشت بوێت لیتری لە سەروو هەزار دینارەوەیە.
د.ئومێد قەرەداغی پسپۆڕی ئابووری لەوبارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دیاریكردنی نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستاندا پەیوەندی بە هۆكارە ناوخۆییەكانەوە هەیە و پەیوەندی بە كاریگەری نرخی وزەوە نییە لەناو بازاڕی نێودەڵەتیدا.
د.ئومێد وتی: ئەوەی كە نرخی بەنزین دەستنیشان دەكات، بازاڕی ناوخۆییە، بازاڕی ناوخۆییش راستەوخۆ پەیوەستە بە بڕیاری ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە، هەروەها پەیوەستە بە توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگەكانی كوردستان و بە نرخدانان لەلایەن ئەوانەی سەرقاڵی بەرهەمهێنان و خستنەڕووی بەنزینن، ئەوان تەحەكوم بە نرخی بەنزینەوە دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، بێگومان دەبوو ئەو دابەزینەی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا ئەگەر بە رێژەیەكی كەمیش بێت كاریگەریی هەبوایە لەسەر نرخی بەنزینی كوردستان، بەڵام نییەتی، یان زۆر سنووردارە، لەبەر ئەو هۆكارانەی باسم كردن.