کورتەچـیرۆک

چاویلکە

10:45 - 2025-04-17
ئەدەب و هونەر
84 جار خوێندراوەتەوە

هێدی گەڵاڵی

زیاد لە جارێک وا رێکەوتووە ئەو کچە قژ زەردە چاویلکە لە چاوە لە کوشنی دواوەی ئەو ئۆتۆمبێلە لاندکرۆزە رەنگ رەشەدا دانیشتوە، لەچاوەڕوانی ترافیک لایتەکەی نزیک زانکۆ وەستابوو سەیری دیمەنی ئەو دیو جامەکەی دەکرد بە رەوخسارێکی گەشەوە خۆی دەنواند! هەموو جارێک بە چاکەتی رەنگ جیاوازەوە دەردەکەوت، بەڵام هەمان چاویلکە رەشەکەی لە چاودا بوو!
 ئەم زۆر دڵی بەوە خۆش بوو کە چەندین جارە لە وەستانی هەمان ترافکیدا کچەکە لە جامەکەوە سەیری دەکات! 
خۆشەویستییەکی یەک لایەنەی لا دروست بوو بوو!
رۆژێکیان لە خۆی پرسی: ئەگەر ئەمجارە رێکەوتی بینینی بکەمەوە چاودێریی ئۆتۆمبێلەکە دەکەم بۆئەوەی رێ و شوێنی بزانم؟!
دوای چەند رۆژێک هەمدیس وەکو جارانی پێشوو لە هەمان ترافک وەستاوە، رێک بە تەک ئۆتۆمبێلی ئەمەوە. بە تەماشاکانی سەرسام بووبوو، نیگا و رامانەکانی خۆشەویستییەکی خەیاڵئامێزی لە دڵیدا دروست کردبوو. بۆیە بڕیاریدا چاودێریی بکات، دوای هەڵبوونی گلۆپی سەوز هەردوو ئۆتۆمبێل پێکەوە دەرچوون، بە هێمنی بێ ئەوەی ئەوان هەست بکەن بە دوایدا دەڕۆیشت. دوای چەند خولەکێک بینی خۆی کرد بە گەراجی زانکۆدا و ئۆتۆمبێلەکەی بە تەک ئۆتۆمبێلی ئەمەوە راگرت.
بۆئەوەی بە تەواوی کچەکە ببینێ کەمێک خۆی دواخست، توشی سەرسوڕمان بوو کچەکە دانەبەزی تا شۆفێرەکە دابەزی و سوڕایەوە پشتەوە و دەرگاکەی بۆ کردەوە، دەستی  گرت و بەرەو حەوشی کۆلیژ هێدی و لە سەرخۆ هەنگاویان دەنا. کوڕەکەش لە دووریی چەند مەترێک سەیری دەکردن بەو دیمەنە رەنگی پەڕی و لێدانی دڵی خێراتر بوو!
کاتێک بینی بە ئاڕاستەی بەشی کاروباری خوێندکاران رێ دەکەن، هەڵوێستەیەکی کرد، تا دوا چرکە سەیری کرد لەسەر کورسییەکی رەنگ قاوەیی داینیشاند و واژووی لەسەر دەفتەرێکی گەورەی چوارگۆشەیی خەتدار کرد، دوای ڕۆشتنی شۆفێرەکە کوڕە خوێندکارەکە شپرزە ببوو بێ ئەوەی کچەکە ئاگای لێبێت بانگی فەرمانبەرێکی بەشەکەی کرد کە ناسیاوی خۆی بوو لێی پرسی : حەزدەکەم ئەو کچە لە نزیکەوە بناسم!
فەرمانبەرەکە وتی: ئەو کچە چاوێکی کز و کەم بینایە، لێرە فەرمانبەرە شتەکان بە تەڵخی دەبینێت!
هەفتەی سێ رۆژ براکەی هاتوچۆی پێ دەکات! 
کوڕەکە هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک و وتی : 
ئەگەر ئەو چاوێکی کەم بینایە من هەردوو چاوم نابینا بوون بە ئەوینی ئەو، هەربۆیە لە ئێستا بە دواوە زیاتر و زۆرترم خۆشدەوێت!!

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان