شــین، وەک رەنگــی پرســە

11:00 - 2025-04-17
ئەدەب و هونەر
90 جار خوێندراوەتەوە

محەمەدفەریق حەسەن




رەنگ کاریگەریی بەهێزی لەسەر هەست و ناخی مرۆڤ هەیە. رەنگ بۆی هەیە کاریگەریی لەسەر ئاوەز و جەستەش دابنێت، بۆ نموونە: سوور، کە رەنگێکی گەرمە، رەنگی ئاگریشە. مرۆڤ وەختێ ئەو رەنگە دەبینێت هەست بە گەرمی دەکات. رەنگی شۆڕشیشە، واتە بۆی هەیە سەربکێشێ بەرەو هەڵچوون و تووڕەبوون، هەروەک ئاماژەیشە بۆ خوێن.
رەنگ گوزارشت دەکات، هەر رەنگە دەلالەت یان کۆمەڵێک دەلالەتی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەگەر رەنگی زەردمان لە گەڵ شیندا تێکەڵ کرد، ئەوا رەنگی سەوز دروست دەبێت. سەوزیش دەلالەتی دیکەی هەیە. سەوز دەکاتە ژیان. واتە هەستێکی دیکەی ئەوتۆ بە بینەر دەبەخشێت کە نە زەرد دەیبەخشێت، نە شین.
سەبارەت بە رەنگ، زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەندە. زمانێکە ناوی بۆ تۆنی هەندێک رەنگیش هەیە وەک: شین، کەوە، کەوگ، یان عابی، دەچێتەوە سەر رەنگە ساردەکان. واتە رەنگێکی هێمن و ئارامبەخشە و سەردەکێشێ بۆ ئارامی و میهرەبانی، هێندێک جاریش بۆ خەمێکی تەنک. ئاسمان بەو هەموو فراوانی و بەخشندەییەی خۆیەوە شینە. دەریا بەو هەموو شەپۆل و جووڵە و جوانییەی خۆیەوە، کە سینگی بۆ بەلەم و پاپۆڕەکان راخستووە و لە هەناوی خۆیدا جێی بۆ سەدان جۆر زیندەوەر کردۆتەوە، شینە. تۆ ئەگەر دڵتەنگ و خەمباریت بڕۆ کەنار دەریا تاکو ئارامی و سوکناییت بۆ بگەڕێتەوە و دڵ ئاسوودە بیت. بە گشتی مرۆڤ بە بینینی رەنگی شین هەست بە ئارامی و حەوانەوە دەکات و لە دڵەڕاوکێی کاتیی رزگاری دەبێت. 
وەک دەبینیت، متیلی دۆشک و بەرگی لێفە و پشتی، بە زۆریی رەنگیان شینێکی کاڵە، ئەمەش بۆ ئەوەیە، مرۆڤ لەو جێیەدا بە ئارامی بنوێت. وەلێ لەبارەی مرۆڤی کوردەوە، رەنگی شین نیشانەیەکی تر، یان مانایەکی تری جیاواز و تەواو پێچەوانەی هەیە. منیش بەنیازم سەبارەت بەم جیاوازییە بدوێم.
هەڵبژاردنی رەنگ، زیاتر پێوەندیی بە مگێز(ئارەزوو)ی مرۆڤەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە گەلێکەوە بۆ گەلێکی دی بڕێک جیاوازیی هەیە. ئاسایییە ئەگەر سروشت و مگێزی تاکی کورد وەک میللەتانی دەوروبەر نەبێت. سپی، لە هیندستان رەنگی پرسەیە، لە حاڵێکدا لای زۆربەی گەلان بە پێچەوانەوە، جلکی سپی دەکرێتە بەری بووک. رەنگی رەش هێمای خەم و پرسەدارییە.
لە هەموو دۆخێکدا، کورد لەو گەلانەیە، کە گرنگیی زۆر بە رەنگ دەدات. رەنگ لە پۆشاکدا، بەتایبەتی پۆشاکی ژنان. رەنگ لە جاجم، پۆپەشمین و چنینی نەخشی بەڕە و قاڵیدا. لە رازندنەوەی زەمبەری ئەسپدا، وەک: زین، نەرمەزین، سینەبەند و خورجێن و خورجەزین.
سەبارەت بە رەنگ و رووی مرۆڤیش، مرۆڤی خۆرئاوایی پێی وایە: (چاوی شین بە قژی زەردەوە وابەستەیە. لە سەدەکانی ناوێنەوە تا ئێستاش، قژ هەتا زەردتر بێت پێیان جوانترە. بۆیە هەردەم ژنان پێیان خۆشە قژیان زەرد بکەن، کە زیاتر لە تاڵە تیشکی خۆر دەچێت. هەتا ئێستاش پێستی سپی یان سووروسپی و مەیلەو تیوار، یان مەیلەو زەرد بۆ رەگەزی مێ پەسەندە.)
وەک چۆن لای خۆشمان بۆ پەسەنی رەنگی سپی دەڵێن: (مێوژە رەشە بخوات لە سای گەردنیەوە دیارە) خۆراوایییەکانیش لەم رووەوە دەڵێن: (شەرابی سوور بخواتەوە لە سای گەردنیەوە دیارە)
هەر چۆنێک بێت رەنگ، زمانی تایبەت بە خۆی هەیە و گوزارشت دەکات. رەنگ مانا و هێمای هەیە. هەندێک رەنگ بۆیان هەیە ببن بە رەمز، بۆ کۆمەڵە مرۆڤێک یان ئۆلێک. رەنگەکانی ئاڵای هەر وڵاتیک بەرز و پیرۆز سەیر دەکرێن. (هیرمان بلای) پێی وایە: (شین، خەیاڵی مرۆڤ بەرەو ئاسمان سەر دەخات و دەبێت بە رەنگێک لە نێوان زەمین و ئاسماندا)
رەنگ، ئەگەرچی لە شکانەوەی تیشکەوە چێ دەبێت و سپیش بە رەنگ نایەتە ژماردن، وەک هیرمان بلای دەڵێت: لە خۆرئاوایییەکانەوە، بە تایبەتی لە سەدەکانی ناوین و دواتردا، پێیان وا بووە(رەنگی سپی درەوشاوە، نووری خواوەندانەیە و لە دونیای غەیبەوە دێت) هەر ئەو نوورەشە، لە کەڤاڵە کۆنەکاندا ئامادەیە و بە دەوری سەری مەسیح و مریەمەوە دەبینرێت.
ئەوەندە هەیە، هێما و دەلالەتی رەنگەکان لەگەڵ رۆژگاردا گۆڕانیان بەسەردا دێت. هیرمان بلای، لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی (رەنگە شەیتانی و پیرۆزەکان) مانا و دەلالەتی رەنگەکان لە سەدەکانی ناوین و دواتری ئەورپا دەکۆڵێتەوە و دەڵێت: (شین، واتە پێداگرتن لەسەر بیروڕا و هێزی ئیرادە. ل 42)، کەچی هەر لە سەدەکانی ناویندا رەنگی شین چەند رەمز بووە بۆ دڵسۆزیی، ئەوەندەش رەمز بووە بۆ دووڕوویی و رووپامایی و فێڵ، ل 128)
هەر سەبارەت بە رەنگ، بلای پێی وایە: (چاوی مرۆڤ، کاتێک رووبەری سەوزایی دەبینێت، پێی دەحەسێتەوە) بۆ رەنگی شینیش، بلای دەڵیت: (شینایی تاقی ئاسمان پێوەندیی نێوان ئاسمان و زەوییە. ل 135)، ئەو پێی وایە شینایی ئاسمان جیاوازە لەگەڵ شینیی سەر زەوی. لە سەردەمێکدا (سەماکەرە شینەکان و سۆزانییەکان زۆریان لێ دەکرا عەبا و کڵاوی شین بپۆشن. رەنگی شین هێما بووە بۆ سۆزانی. دەگوترا فیلمی شین) ئیدیۆمێکی ئینگلیزییە، بە واتای من خەمبارم. I am blueجێی وتنە وشەی (شین) گەلێک جاران یەکسانە بە (شیوەن)، بۆ نموونە، بڕوانە ئەم دێڕە شیعرەی شەریف:
شینی هێلانەی دەکات، ئەگری و سەربەستیی دەوێ
بـــانگ و ئـــاوازی قەفەس، ئەو شیوەن و گریـــانەیە.
رەنگی شین، لە شیعری فۆلکلۆر و قەسیدەی شاعیرانی خۆماندا ئامادەیە.

دیلان دەڵێت: 
کێ شین پۆشە، شەوە بەرگە، داماوە
جـگەر ونــە، ئێسقانی داکــرمـــاوە؟
حەسیب قەرەداغی دەڵێت:
هۆ خەڵکینە، ئەوا سەد و چل ساڵ ئەبێ
لە شارەزوور، سەری حەبیبە هەر شینە
حاجی قادر دەڵێت:
لە خمخانەت بنێن وەك خۆت لە خم نا
جەلیزادە دەڵێت:
خومی دونیا بکەین بەسەر خۆمان
بۆ عەزیزانی ئەرزەڕۆم و وان
جەلیزادە دیسان دەڵێت:
بەڵێ ئەم شینە شینی قەومی کوردە
قیامەت رابووە، لەم دار و بەردە
جەلیزادە هەمدیس دەڵێت:
بەهاریش ئەلبیسەی شینی لەبەر کرد
نە گوڵ پشکفت، نە بولبول چەهچەهەی کرد
نالی دەڵێت:
لیباسم ماتەمە، شینە، لە شیندام
سروشکم سوورە، رەنگم زەردە بێ تۆ 
سالم دەڵێت:
سروشکم قرمز و دیدەم سفیدە
روخم زەرد و لیباسم شینە بێ تۆ


دوو دێڕە شیعرەکەی نالی و سالم، لە رووی داڕشتن و کێشەوە وەک یەکن. تەنانەت لە رووی وشەئاراییشەوە لە یەک دەچن. وەک ئەوەی یەک شاعیر هەردووکیانی نووسیبێت. ئەمەش لەو سۆنگەیەوەیە، کە ئەم دوو شاعیرە، لە هەمان ژینگە و سەردەم و هەلومەرجدا ژیاون. هەڵبەت لە هونەری شیعریشدا کاریگەرییان لەسەر شیوازی یەک هەبووە. بۆیە بە نزیکەی وەک یەک، رەنگی دەوروبەر و دونیاشیان بینیوە. لای هەردوو شاعیریش، شین رەنگی ماتەمە. ئەوەندە هەیە نالی شینی بە دوو واتا بە کارهێناوە شینی یەکەم رەنگە، هەرچی شینی دووەمە یەکسانە بە (شیوەن، گریان و پرسەباری)، رەنگی شین بە هەمان واتا و مەبەست لە شیعری نوێشدا دووبارە دەبێتەوە. سوارە ئێلخانیزادە دەڵیت: (لەسەر ماتەمی ئاوە بەردینە، سەرشین و سەرگەرمی شینن) 
لە رۆمانی (هاووارەبەرە)ی فەتاح ئەمیری، ب 1، ل 125 زڵەیخا رەشید، کە خۆشی دەوێ، دەڵێت: (ئەگەر خۆشت دەوێم بمکوژە، بمکوژە با وەحەسێم، با ئەو پەڕۆ شینەم لەسەر شانی لاچێ. رەشید! ئەوە بوو پیاوەتی؟ لەسەر چی راوەستاوی؟)
 جێی گوتنە زڵەیخا مەبەستی لە پەڕۆی شین ئەوەیە، بە منداڵی کچێنیی دۆڕاندووە. لە هەمان رۆماندا هاتووە: (ئێستاش گرێیە لەسەر دڵم بۆتە پەڕۆی شین لەسەر شانم دووراوە، ئەوە بوو؛ خەڵک هەر خەڵکەکەی جاران بوو، ئەمنیش هەر قەل دزەکەی پێشوو؛ کەچی هەموو کەس مۆڕەی لێ دەکردم)
 لێرەدا، پەڕۆی شین وەک لەکەی شوورەیی و ئابڕووچوون بەکار هاتووە.
 دیسان رەنگی شین بۆ مەبەستی ناجۆر بەکار هاتووە. وەک دەبینی شین بە هەمان واتا لە شیعری فۆلکلۆر و گۆرانیی میللیدا دووبارە بووەتەوە:

نەشمیل نەشمیل نەشمیلانە
سەرشینەی بابان وێرانە.

 

 

رەنگی شین، لە پێکهاتەی دوعای شەڕدا بەسەر زاری خەڵکەوەیە، بۆ نموونە: «لاولۆت شین کەی»، بە واتای سەرت شین کەیت، پرسەباربیت، ئازیزت لێ بمرێت، یان: «وەی لە خمت نێم/ ئەی لە خمت نێم»، جووتە وشەی «شین و شەپۆڕ»یش مانای وایە هەردوو وشەکە تەواوکەری یەکن چونکە شەپۆڕ دەکاتە گریان بە دەنگی بەرز بۆ مردوو. 
 مەحموودی لە شیعرێکیدا دەڵێت: «ئەوەی منی سەربەھەش کرد/ یان تۆی لە ژیان بێ بەش کرد» 
«سه‌رت شین که‌یت» دوعای شەڕە، دایک وەختێ تەواو تووڕە بوو، ئەوجا وا بە منداڵی خۆی دەڵێت. بە واتای پرسەبار بیت، ئازیزت بمرێت. «سەرت شێن کەیت لە خومخانە» مانای چییە؟ زەمانی زوو، لە کۆڕی پرسەدا یەکێک بە جامێک خومەوە گەڕاوە، ژنان و پیاوان بۆ بەشداریی و هاوخەمی، نەختێک لە فەقیانەی خۆیان خوماوی کردووە. جوولەکەکانی کوردستانیش لە پرسەی ئازیزانیی خۆیاندا، بڕێک رەنگی شینیان بەسەری خۆیاندا کردووە. کەچی هەر ئەو ژنەی کە دوعای شەڕ لەویتر دەکات و پێی دەڵێت: «سەرت شین کەیت» خۆی کەوا و کراسی شینی پۆشیوە و بە لاشیەوە ئاسایییە!
هەش بەسەر: «هەش: خم یان خوم»، گیایەکە رەنگی شینی لێ بەرهەمدێنن. شینیش رەنگی پرسەبارییە، بۆیە ئیدیۆمی هەش بەسەر، واتە: 
1 - کەسی نزیک و ئازیزت لێ بمرێت، هێمن دەڵێت: «لە جزیرە هەتاکو بەحری رەش/ نییە کیژێ سەری نەنابێ لە هەش»
2 - بەدبەخت، کڵۆڵ، ماتەمبار، قوڕبەسەر «وەی هەشت بە سەر» هەرچی دەستەواژەی «سەرشین»ە، زیاتر بە ژنی پێ رەش و شووم دەوترێ.
 رەنگی شین لای ئێزیدییەکان؟
وا باوە ئێزیدییەکان جلوبەرگی شین ناپۆشن و کەیفیان بە رەنگی شین نایەت. راستت دەوێت هەر ئێزیدییەکان بە رەنگی شین هەستیار نین، بەڵکو سابیئەکانیش هەمان کێشەیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا پشتوێنەکەی بابەشێخ، کە رابەری ئایینی ئێزیدییەکانە، هێڵێکی شینیشی تێدایە. دۆزینەوەی هۆکارێکی دروست و پڕبە پێست بۆ دیاردەی ئەفەرۆزکردنی رەنگی شین، ئاسان نییە. (لیسیکۆ) پێی وایە: رەنگ رۆڵێکی گرنگ لە خورافاتە رۆژهەڵاتییەکاندا دەگێڕێت. ئەوەی راستی بێت کوردەکان وەک گەلە رۆژهەڵاتییەکانی دیکە بڕوایان وایە چاوی شین کاریگەریی خراپی هەیە، بۆیە چاوەزاری شینیان پێ باشە بۆ پاراستنی منداڵەکانیان لە شەڕی حەسوودیی بردن. ژنانی ئێزیدیش موورووی چاوەزار دەدەن لە یەخەی خۆیان. موورووی چاوەزاریش هەردەم شینە. 
(لێدی دراوەر)، لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی (مەلەک تاوسی ئێزیدی)، لە لاپەڕە(136)دا دەڵێت: «هیچ ژنێکی ئێزیدی جلوبەرگی شین ناپۆشێت، بەڵام دەتوانێت چاوەزاری شین یان کووژەکە و قۆپچەی شین هەڵبگرێت تاکو لە چاوی چڵکن و لە شەڕ پارێزراو بێت»
(تۆماس بوا) لە کتێبەکەی خۆیدا (ئێزیدییەکان)، قسەی لەسەر ئەم پرسە کردووە. لە لاپەڕە(130)دا هاتووە: زەمەخشەری(1075-1144) لەکتێبەکەیدا بە ناوی (الکشاف) دەڵێت: «عەرەب رکیان لە چاوی شین دەبێتەوە، چونکە بێزەنتییەکان چاویان شین بوو»، ئەوان ئاوا وەسفی دوژمن دەکەن: «خاوەنی فێڵی رەش، ردێنی سوور و چاوی شینن» زەمەخشەری دەڵێت: «هۆزە کوردەکانی باکوور جلوبەرگی شین ناپۆشن، بەتایبەتی ئەگەر رەنگ کرابێت»، لە کۆتاییشدا دەڵێت: «هۆکاری راستەقینەی حەرامکردنی پۆشاکی شین لەلایەن ئێزیدی و سابیئەکانەوە نازانم»
لە هەمان سەرچاوەدا هاتووە: (جاک ریتۆریە)، کە یەکێکە لەو مسیۆنێرە دۆمنیکانیانەی نزیکەی پەنجا ساڵ لە تەمەنی لە ئەرمینیا و کوردستان بەسەر بردووە، ئەو دەڵێت: «ئەفەرۆزکردنی رەنگی شین هیچی تر نییە جگە لە ئەفەرۆزکردنی مەرگ.»
 ئەم دیمەنە سروشتییە!
هونەرمەندی شێوەکار، چەند هەوڵیش بدات هێشتا هەر ناتوانێ خۆی لە کاریگەریی سروشت دوور بگرێت، چونکە ئەو ناچارە رەنگەکان لە سرووشتەوە بخوازێت. وەک سروشتیش، لەپاڵ یەکدا دایان دەنێت و تێکەڵیان دەکات و پێکەوە دەیانگونجێنیت. رەنگیش، بە کاریگەریی رووناکیی چێ دەبێت، سەرچاوەی رووناکییش خۆرە. ئێمە زۆر جاران چاو و دەروونمان بە دیمەنێکی سروشتکرد پتر روون دەبێتەوە، هەتا کارێکی دەستکردی شێوەکارێکی بە توانا.
ئەو رەنگە شینەی دەریاش، ئەنجامی شکانەوەی تیشکی خۆرە لەسەر رووی دەریا. بەریەککەوتنی تیشکی خۆر و ئەو گاز و گەردەیشە کە لە ئاسمان و بۆشایی فەزادا هەیە. کاتێک ئەو تەنانە، تیشکی خۆر دەدەنەوە، رەنگی شین پەخش دەکەن. ئێمە کاتی خۆرئاوابوون لە دەم ئاسۆ، زیاتر رەنگەکانی نیللی و پرتەقڵی و سوور دەبینین. لەم دیمەنەدا رووبەری ئاسمان، دەریای شین و ئارامی بە وردە شەپۆلی بریسکەدار و لمی رەنگ ماتی دەم کەناری دەریا بە یەک گەیشتوون و دیمەنێکی سروشتی، یان ئەگەر بشێ بڵێین دیمەنێکی گەردوونییان چێ کردووە، چاو لە بینینی تێر نابێت. 
رەنگی شین، کە پێوەندیی بە ئاسمان و دەریاوە هەیە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر هەستی مرۆڤ هەیە. لەو رووەوەی بە رەنگی ئاسمانەوە وابەستەیە، پێوەندیی بە رۆحانییەتیشەوە هەیە. 
هەتا ئەم دواییانەش، پیاوە بەتەمەنەکانی کورد بە رەنگی شین جامانەکەیان شین دەکرد. وەلێ ئەم کارەیان بۆ خەم و پرسە هێما نەبوو. پیاوان بۆ جوانی جامانەی خۆیان شین دەکرد و دەیانگوت: «فڵان کەس جامانەکەی چیوتلییە»واتە بە (چویت) شینی کردووە. (مەدلوول)ی رەنگی شین، بۆی هەیە بە گوێرەی شوێنی جوگرافیی گۆڕانی بەسەردا بێت. لە لایەکی ترەوە چیا و گوندی کوردستان هەن رەنگی شینیان هەڵگرتووە، وەك: ملە کەوە، کەنە کەوە، کانی کەوە... هەندێک جاران شین یەکسانە بە سەوز، کاتێ کاکی جووتیار دەڵێت: گەنمەکەم شین بووە.
ئەلن پیز، بە ناونیشانی «رەنگی شینی راستەقینە»، دەڵێت: «شین رەنگی هێمنی و ئاشتییە، رەنگی ئەو پارچە زەویانەیە کە لەسەر مانگەوە دیارن و رووی زەوی پیشان دەدەن. ئەو رەنگەیە کە پەیوەستمان کردووە بە ئاوی زەریاکانی سەر زەوییەوە. تایبەتمەندییەکانی ئەم رەنگە بریتین لە: مێینەیی، جێگیری، وەفاداری، راستگۆیی و نیازپاکی و پاکداوێنێ و بەپیتی. بوودییەکان پێیان وایە رەنگی شین، رەنگی بێ کۆتایییە. سەرنجی قووڵ لە رەنگی شین، فشاری خوێن دادەبەزێنێت، لێدانی دڵ هێور دەکاتەوە و پشوو دەدات بە مرۆڤ، کاریگەریشی زۆرە بۆ هێورکردنەوەی جەماوەرێکی تووڕە و بێ تاقەت...» ماوە بڵێم: لە سینەمدا، رۆشنایی شین دەخرێتە سەر دیمەنە سۆزدارییەکان.
 فەرهەنگۆکی رەنگی شین:
پاشا مرد، کەس گونی خۆی بۆ لە خمێ نەدا: کەس شینی نەپۆشی، کەس خەمی لێ نەخوارد.
خم: هەش، بەری گیایەکە خام و بەنی
   پێ شین دەکەن.
خم شێوان: ئاژاوە و پشێوی.
خم لێ شێوان: کاروبار لێ تێکچوون، 
زەرەرکردن، ناکام بوون
خوم شێوێن: ئاژاوەگێڕ، ئاژاوەچی
سه‌رشین: ژنی پێ رەش و شووم،
 پرسەبار.
شینەدرۆ: درۆی زل
عابی: رەنگی ئاسمانی، شین
کاغەز کەو قەی کەلە قەند: مەتەڵێکی دەڤەری خانەقینە، بۆ زمان تێکەڵبوون، بە واتای: كاغەزی شینی دەوری کەللە شەکر.
کەوە: کەوگ، عابی، شین
کەوەڕۆژ: شینەڕۆژ. رۆژی بێ هەتاو. کاتێک تەنکە هەورێک بەری ئاسمان دەگرێت و رووناکیی خۆر بە کزیی دەگاتە زەوی. 
لاولۆت شین کەی: لاو لۆ: پرچ و بسک، دوعای شەڕە، واتە: سەرت شین کەیت، پرسەبار بیت، ئازیزێکت لێ بمرێ.
لە خمێت نێم: لە رەنگی شینت هەڵکێشم، پرسەبار بیت، بە کەسێک دەڵێن درۆی گەورەی کردبێت.
 سەرچاوەکان
(1) هیرمان بلاي، ألوان شیطانیة و مقدسة، ت، د. صدیق محمد جوهر، أبوظبي، 2010
(2) دیلان، بارانی سلێمانی، ئامادەکردنی ئومێد ئاشنا، دەزگەی ئاراس، هەولێر، 2001
(3) حەسیب قەرەداخی، فەرهەنگی خەم، ب 1، دەزگەی ئاراس 2002
(4) ئەلن پیز، زمانی جەستە، وەرگێڕانی: دانا نادر، چ1، سلێمانی2012، ل 251
(5) طاووس ملک الیزیدیة، اللیدی درور، ترجمة: رزق اللە بطرس، ط1، 2008
(6) دیوانی سالم
(7) دیوانی نالی
(8) مەلا موحەمەدی کۆیی جەلیزادە، عبدالخالق علاءالدین، چاپخانەی نەجەف، 1974
(9) ملوانکەی شین، شەریف (حسێن شەریف پەناهی)، چاپی یەکەم، 2020
(10) الیزیدیون، توماس بوا، ت: د. سعاد محمد خضر، الطبعة الثانیة، بیروت، 2013

 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان