ئا/ ئەدەب و هونەر
کتێبی «ئەدەب و هونەری منداڵان» لە دیمانە و ئامادەکردنی د. هاوژین سڵیوە و رۆستەم خامۆش، چاپی دووەمی کەوتە نێو کتێبخانەکانی کوردستانەوە.
کتێبی «ئەدەب و هونەری منداڵان» سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ تێگەیشتن لە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵان، چونکە لەم کتێبەدا، ئاوڕدراوەتەوە لە (ئەدەب، هونەر، پەروەردە، دەروونزانی، کۆمەڵناسی، رۆشنبیری و مافی منداڵان)، بەڵام ئەدەب و هونەر پشکی زیاتر و سەرەکییان بەرکەوتووە، لە ئەدەب و هونەریش، ئەدەب زیاتر گرنگیی پێدراوە و بووە بە چەقی مەبەست و سەرەکیی، بۆیە ئەم کتێبە کۆکراوەیەکی پڕ لە زانیارییە لە هەموو لایەن و بوارەکانی تایبەت بە منداڵان. لە چاپی دووەمدا، کە (849) لاپەڕەیە و لە سێ بەش پێکهاتووە، لە بەشی یەکەمدا: (22) تەوەری جۆراجۆر لە خۆدەگرێ لە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵاندا.
لە بەشی دووەمدا: (60) کەس لە شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان و شارەزایانی بواری ئەدەبی منداڵان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ كراوە. لە بەشی سێیەمیشدا: چەندان بابەت و راوبۆچوون لەبارەی ئەدەبی منداڵانەوە خراونەتەڕوو، لەگەڵ کۆمەڵێک وتار و پەیڤ و وتەی جوان و بە نرخ لەبارەی کتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان.
لە هەر سێ بەشەکەدا، دید و بۆچوون و دنیابینی (147) شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەم کتێبەدا بەرچاو دەکەون، کە پێکهاتوون لە: (188) بابەت و لێدوان و چاوپێکەوتن.