58 پەرلەمانتار دژی هاتنی سەرۆكی سوریان بۆ بەغدا

11:05 - 2025-04-22
عیراق
58 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی لێدوانێكی یوسف كیلابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تائێستا 58 پەرلەمانتار رازی بوون نووسراوی رەتكردنەوەی هاتنی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بۆ بەغدا، پێشكەش بە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن.
بەشداریكردنی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا لە لووتكەی جامیعەی عەرەبی، كە بڕیارە رۆژی 17ی ئایاری ئەمساڵ لە بەغدا رێكبخرێت، شەقامی عیراقی دابەشكردووە، لەلایەك حكومەتی عیراق بانگهێشتنامەی رەسمی ئاراستە كردووە، لەلایەكی دیكەشەوە بەشێك لە هێز و لایەنەكان بەتایبەتی شیعەكان هاتن و بەشداریكردنی، رەتدەكەنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا یوسف كیلابی پەرلەمانتار داواكارییەكی بە ناو و ئیمزای 58 پەرلەمانتارەكەوە ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە و داوا دەكەن نووسراوێك لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەوە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوە و حكومەتی عیراق بكرێت بۆئەوەی ئەحمەد شەرع سەردانی بەغدا نەكات و بەشداری لووتكەی عەرەبی نەكات.
لە نووسراوی 58 پەرلەمانتارەكەدا ئاماژە بۆئەوە كراوە، كە هۆكاری داواكەیان پەیوەندیی بە تۆماری تاوانكاریی سەرۆكی ئێستای سوریاوە هەیە لە عیراقدا و وەفایەكیشە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیان.
هەروەها یوسف كیلابی لە لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە تائێستا نازانن چۆن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە قەتەر چاوی بە ئەحمەد شەرع كەوتووە، لەكاتێكدا سەرۆكی سوریا لەلایەن دادگای عیراقییەوە داواكراوە و مامەڵەكردن لەگەڵیدا شكاندنی سوێندی یاساییە. ئەو دیدارەش پرسیارگەلێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان