سەرۆک بافڵ: وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی رەخنەگرتن و ئازادی رادەربڕین

11:39 - 2025-04-22
کوردستان
87 جار خوێندراوەتەوە

بە بۆنەی یادی رۆژنامەگەریی کوردییەوە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەبۆنەی یادی 127 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی 'کوردستان'ـەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو راگەیاندنکار و رۆژنامەوانانە دەکەم کە پیشەییانە شانیان داوەتەبەر بەجێگەیاندنی ئەرکی میدیایی و وەک خامەیەکی سەنگین و بوێر و ئازا خزمەتی رەوتی رۆژنامەگەریی کوردی و گەلەکەمان دەکەن.
وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی نووسین، رەخنەگرتن و ئازادی رادەربڕین کە پایەیەکی سەرەکی پێشکەوتنی هەرێمەکەمان و کۆمەڵگەی کوردین.
لەم رۆژەدا رۆژنامەوانان دڵنیادەکەمەوە کە بەهەموو توانامەوە رێگردەبم لە بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەوانان. دووپاتیدەکەمەوە کە دەبێت لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ هەر كه‌يسێكى رۆژنامەوانيدا بکەن.
داواکاری من لە رۆژنامەوانانی بەڕێز ئەوەیە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی بێت و ببنە پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌نديی خەڵکە خۆشەویستەکەمان. ئەرکی رۆژنامەوانانە پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرس و رووداوەکاندا بکەن و کارەکەیان تێکەڵی رقی کەسی و حیزبی نەکەن و هەڵگری قەڵەمێكی راستگۆ و بوێربن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #ئازادیی رۆژنامەگەری

بابەتە پەیوەندیدارەکان