لەبارەى پەروەردەوە پێویستە بیزانین

10:16 - 2025-04-23
کەلتور
56 جار خوێندراوەتەوە
پەروەردە دوو دیوی ئەرێنی و نەرێنی هەیە

د. سەمەد ئەحمەد

رەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین: مێژووى پەروەردە یەکسانە بە مێژووى مرۆڤ و مرۆڤایەتى، کاتێک ئەمە دەڵێین، ماناى ئەوە نییە کە ئامانجەکانى و جۆر و شێوازەکانى پەروەردە هەتا ئێستا گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە و وەکو خۆیان ماونەتەوە...نەخێر، بەپێچەوانەوە، ئەوەى گرنگى و بایەخى پەروەردە وەکو کایەیەکى مەعریفى دەردەخات، ئەوەیە کە هۆکارێکى سەرەکیى بووە بۆ پێشکەوتن و رۆڵێکى گەورەى بینیوە لەسەر گۆڕان و گەشەى تاک و کۆمەڵ، لەڕووى کۆمەڵایەتى و دەروونى و عەقڵى و جەستەیی و تەنانەت ئاینى و زانستى سیاسى و ئابوورى و هەموو بوارەکانى ترى ژیانەوە.

ئایا پەروەردە ئەرێنییە؟
لێرەدا پرسیارێک رەوایە بکرێت، ئەویش ئەوەیە: ئایا پەروەردە لە گۆڕانکارییەکانى ژیانى مرۆڤدا هەمیشە رۆڵى ئەرێنى هەبووە، یان ئەویش وەک هەر بوارێکى تر، رۆڵى نەرێنیشى هەبووە و هەیە؟ 
وەڵامى ئەم پرسیارە پێویستى زۆرى بە کات و بیرکردنەوەى قوڵ نییە و بێ دوودڵى دەتوانین بڵێین: بەڵێ پەروەردە هەندێ جار رۆڵى نەرێنی هەبووە و هەیە و هەمیشە ئەرێنى نەبووە، هۆکارى ئەمەش ئەوەیە کە پەروەردەش وەکو زۆر بوارى تر، جۆر و شێوازى ئەرێنى و نەرێنى هەبووە و هەیە.
بۆ سەلماندى راستى ئەم بۆچوونە، دەتوانین رەفتار و هەڵسوکەوت و بیرکرنەوەى مرۆڤ وەک نموونە بهێنینەوە، دەبینین کە چەند لە یەک جیاوازن و هەندێجاریش چەند دژ بەیەک و ناکۆکن، بەوەى هەندێ کەس راستگۆن و هەندێکى تر درۆزن. هەندێک میهرەبان و بە بەزەیین، هەندێکى تر دڵڕەق و توندوتیژ. هەندێک خێرخواز و بەخشندەن، هەندێکى تر رەزیل و چاوچنۆک. هەندێک کراوە و کۆمەڵایەتین، هەندێکى تر داخراو و شەرمن و گۆشەگیرن و...هتد.
سەبارەت بەم رەفتارانەى ئاماژەمان پێدان، راستییەکى زانستى سەلمێنراو هەیە دەبێت درکى پێبکەین، ئەویش ئەوەیە کە هیچێک لەم رەفتارانە خۆڕسک نین و لەگەڵ لەدایکبوونى مرۆڤدا لەدایک نەبوون، بەڵکو هەموویان دەستخراون و بەرهەمى پەروەردەن، باشەکانیان پەروەردەى ئەرێنى بەرهەمى هێناوە و خراپەکانیش ئاکامى پەروەردەى نەرێنین.

پەروەردە لە نێوان دامەزراوەکاندا
ئێستا با بپرسین: ئایا پەروەردە پرۆسەیەکە تەنها پەیوەستە بە خێزانەوە؟ یان دامەزراوە فێرکارییەکان (باخچەى منداڵان، قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگاکان)، دەزگاکانى راگەیاندن، حزبە سیاسییەکان، رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، دەزگاکانى یاسادانان، دادوەرى، جێبەجێکرنیش بەرپرسیارییەتی پەروەردەییان دەکەوێتە ئەستۆ؟ وەڵامى سادە و کورت بۆ ئەم پرسیارانە ئەوەیە کە: بەڵێ، جگە لە خێزان، پەروەردە لە گەیاندنی پەیامەکانیدا بە شێوەکى ئەرێنى، پرۆسەیەکى گشتگیرى گرنگى مرۆییە، هەموو دەزگاکان بەرپرسیارییەتیان دەکەوێتە ئەستۆ. 
لە پەراوێزى ئەم چەند دێڕەدا، چەند پرسیارێکى گرنگی دیکە هەن بیانکەین: پەروەردە چییە؟ پیشەیە، یان زانست، یان هونەر؟ ئایا بریتییە لە ئامۆژگارى و رێنمایی کردنى منداڵ؟ یان بریتییە لە بونیاتنانى کەسێتى مرۆڤ؟ ئایا سەپاندنى خواستەکانى گەورەکانە بەسەر منداڵدا؟ ئایا لێسەندنەوە، یان بەخشینى ئیرادەیە بە منداڵ؟ ئەمانە و دەیان پرسیارى ترى تایبەت بە پەروەردە، لەلایەن پسپۆران و شارەزایانەوە وەڵامى جیاجیا و هەندێجار جیاواز و دژبەیەکیان دراوەتەوە.
پەروەردەش وەک هەر چەمک و بوارێکى ترى زانست، لەلایەن پسپۆڕان شارەزایانەوە پێناسەى جیاجیاى بۆ کراوە، هەندێک پێیانوایە کە پەروەردە بریتییە لە چەند هەنگاوێکى زانستى کە لەلایەن گەورەکانەوە دەگیرێنەبەر بۆ تێگەیشتن و پێگەیشتنى منداڵ لە ساتى لەدایکبوونییەوە تا گەورەبوونى. بە ئامانجى ئەوەى کە لە ئایندەدا مرۆڤێکى باش بێت بۆ خۆی و بۆ خێزانەکەى و بۆ کۆمەڵگاکەى و بۆ مرۆڤایەتى.
لەم پێناسەیەدا ئەوە دەخوێنینەوە کە منداڵ پێگەیشتووى ژینگەى کۆمەڵایەتى گەورەکانە و خۆیان بەرپرس نین لە بیرکردنەوە و رەفتارەکانیاندا، هەروەها ئەوە دەردەخات کە پەروەردە رۆڵى گەورە و یەکلاکەرەوەى هەیە لە دروستکردن و بەرهەمهێنانى مرۆڤى چاکەکاردا.

کاریگەریی پەروەردە لەسەر منداڵ
هەندێکى تر لەوبڕوایەدان کە پەروەردە: بریتییە لە پێگەیاندن و گەشەپێدانى منداڵ لەڕووى عەقڵى و دەروونى و جەستەیی و کۆمەڵایەتییەوە. بە ئامانجى ئەوەى کە منداڵ بیرکردنەوە و تێفکرینى ورد و قوڵى هەبێت بۆ شتەکانى دەوروبەرى و راگوزەر بەسەریاندا تێنەپەڕێت، هەروەها دەرونێکى ئارام و هێمنى هەبێت، لەڕووى جەستەییشەوە ساغ و بەهێز بێت، لەڕووى کۆمەڵایەتیشەوە کەسێکى گونجاو بێت.
لەم پێناسەیەشدا ئەوە دەخوێنینەوە کە زیرەکى و هۆشیارى منداڵ، جگە لە هۆکارى بۆماوەیی، راستەوخۆ پەیوەستە بە لەبارى ژینگەى خێزانى و کۆمەڵایەتییەوە سەبارەت بە بەخشینى زانست و زانیارییەوە، کە گەورەکان سەرچاوەى یەکەمن بۆیان. هەروەها هاوسەنگ راگرتنى بارى هەڵچوونى و دەروونى و لەشساغى منداڵ و گونجان و تەبایی کۆمەڵایەتی منداڵیش هەر بەرهەمى پەروەردەیە.
هەشە دەڵێن: پەروەردە بریتییە لە سەلیقە و هەوڵى زانستیانەى پەروەردەکاران (باوکان و دایکان و مامۆستایان) بۆ پشکنین و دۆزینەوەى توانا شاراوەکانى منداڵ، هەروەها پەرەپێدان و پێشخستنیان، پاشانیش ئاڕاستەکردنى منداڵ بۆ ئەو بوارانەى کە توانا و حەزیان لێى هەیە.
لەم پێناسەیەدا ئەوە دەخوێنینەوە کە منداڵ بە کۆمەڵێ توانستەوە لەدایک دەبێت، منداڵان لە توانستەکاندا جیاوازییان هەیە، لەڕووى بڕ و جۆرەوە وەکو یەک نین، کارى یەکەم و لە پێشینەى پەروەردەکاران ئەوەیە کە سەلیقە و هونەرى پەروەردەییان هەبێت بۆ پشکنینى توانستەکانى منداڵ، ئینجا چاوەڕێى ئەوە لە منداڵ دەکرێت کە لە ئایندەدا ببێتە کەسێکى داهێنەر و بەهرەمەند.
هەندێک لە شارەزایانى تریش دەڵێن: پەروەردە بریتییە لە دروستکردن و بەهێزکردنى کەسێتى مرۆڤ بەگشتى و منداڵ بە تایبەتى، بە ئامانجى ئەوەى ئەو کەسە لە ئایندەدا و لە ژیانى رۆژانەیدا ببێتە کەسێکى خاوەن ئیرادە و خۆى بڕیار لەسەر کار و پیشە و حەز و ئارەزوەکانى بدات.
لەم پێناسەیەدا ئەوە دەخوێنینەوە کە مرۆڤ کاتێک لەدایک دەبێت، بوونەوەرێکى بایۆلۆجییە و تەنها خاوەنى غەریزەیە، پاشان لە رێگەى پەروەردەوە ئەو کەسە دەبێتە بوونەوەرێکى بیرکەرەوە و هەندێجار رەخنەگرى کۆمەڵایەتى، پاشان هەوڵدەدات بگات بە ئامانجەکانى خۆى، بۆگەیشتن بە ئامانجەکانیش، هەوڵ و تێکۆشان و ماندووبوون پێویستە، لەم نێوەندەشدا شکست و سەرکەوتن ئەگەرێکى چاوەڕوانکراوە، هەر پەروەردەش مرۆڤ فێرى ئەوە دەکات لە شکستدا کۆڵنەدات و لە سەرکەونیشدا گومڕا و لە 
خۆبایی نەبێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان