ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر
دوای تەواوبوونی حەڤدەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب، بەشێك لە بەشداربووانی پێشانگەكە رایدەگەیەنن، ئەو پێشانگەیە دەریخست رێژەی فرۆشتن و چاپكردنی كتێب لە هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە، ئاماژەی بەوەشكرد كتێبەكانی رۆمان و بیرەوەری پڕفرۆشترین كتێبی پێشانگەكە بوون.
رێبین فەتاح، بەڕێوەبەری ماڵی وەفایی بۆ كتێب، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەك ماڵی وەفایی بۆ كتێب، لە 17مین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بەشداریمان كرد، پێمانوایە ئەو پێشانگەیە یەكێك بوو لە پێشانگە سەركەوتووەكان، بەو پێیەی ژمارەیەكی زۆر لە خوێنەران سەردانیان كرد و بەشێكی زۆریش لە كتێب لەو پێشانگەیە فرۆشراون.
وتیشی: بەگوێرەی زانیارییەكانمان، زۆرترین ئەو كتێبانەی لەماوەی كردنەوەی پێشانگەكەدا فرۆشراون، زیاتر رۆمان و بیرەوەرییەكان بوون، كەبەشی زۆریان لەناوخۆی هەرێم چاپكراون و بەشێكی دیكەیان بەهۆی فریانەكەوتنی چاپخانەكانی ناوخۆ و كەمی تێچووەكە، لەوڵاتانی دەورووبەر بەتایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران چاپكراون.
ئاماژەی بەوەشكرد: حەڤدەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب دەریخست، كە رێژەی خوێنەر لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە شارێكی وەك هەولێر لەزیادبووندایە، ئەوەی زیاتر جێگای دڵخۆشیە توێژی گەنجان بەشێكی زۆر لەوانە پێكدەهێنن.
باسی لەوەشكرد: زۆرترین داواكاری كتێب لەو پێشانگەیە دوای زمانی كوردی، ئەو كتێبانە بوون كە بە زمانی ئینگلیزی نووسراون، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ خواستی گەنجان و فێربوونی ئەو زمانە و شارەزابوون لە تەكنەلۆژیای سەردەم.