مووچەكانیان بۆ ماوەی چەندین مانگ دواكەوتووە

خانەنشینانی ئەمساڵ داوای زوو تەواوكردنی مامەڵەكانیان دەكەن

12:31 - 2025-04-23
دووتوێ
44 جار خوێندراوەتەوە
خانەنشینان چاوەڕوانی تەواوکردنی مامەڵەکانیان دەکەن

 ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر



دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پاڵپشت بە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، ژمارە 9ی هەمواركراو، هەروەها پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ. بڕیاریدا تەمەنی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان لە 63 ساڵییەوە كەمبكرێتەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش  وایكرد زیاتر لە  25 هەزار فەرمانبەر لە سێكتەرە جیاوازەكاندا خانەنشین بن، لەوكاتەوە تاكو ئێستا جگە لە ژمارەیەكی كەم، مامەڵەی بەشی زۆری خانەنشیان تەواونەكراوە، بەهۆیەوە لە مووچەی مانگانە بێبەشكراون، هەر بەهۆی تەواونەكردنی مامەڵەكانیان، پاداشتی كۆتایی راژەیان وەرنەگرتووە.
سەدرەدین عەلی تەمەن 63 ساڵ، لە شاری هەولێر، یەكێكە لەو مامۆستایانەی، لەگەڵ هاوتاكردنی تەمەنی خانەنشینی هەرێم لەگەڵ بەغدا، ئەویش خانەنشین كرا، لەو بارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ماوەی چەند مانگێكە خانەنشین كراوم، لەو كاتەوە تاكو ئێستا مووچەمان بۆ نەبەستراوە، هەروەها هیچ بڕیارێكیش بۆ پێدانی پاداشتی كۆتایی راژە نییە، بۆئەوەی قەرەبووی نەبوونی مووچەكەمان بكاتەوە.
وتیشی: ئێمە لەگەڵ هەر بڕیارێكین كە لە بەرژەوەندی گشتی بێت، بەڵام دەبوو زووتر ئامادەباشی بۆ خانەنشینكردنی ئەو ژمارە زۆرە لە فەرمانبەران بكرێت، چونكە ناكرێت مووچەخۆرێك دوو یان سێ مانگ لەسەر یەك مووچە وەرنەگرێت، كە بەهۆیەوە كاریگەری زۆرخراپی لەسەر ژیان و گوزەرانمان دروستكردووە.
ئەسكەندەر خالید، یەكێكی ترە لەو فەرمانبەرانەی ئەمساڵ بڕیاری خانەنشینی بۆ دەرچووە پێیوتین: خۆی لەبنەڕەتدا نەدەبوو تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵ بۆ 60 ساڵی كەمبكرێتەوە، چونكە لەو تەمەنە فەرمانبەر توانای كاركردنی ماوە، بە تایبەتی هیچ دامەزراندێكیش نییە تاكو شوێنەكانی ئێمەی پێ پڕبكەنەوە، ئێستا كە خانەنشینكراوین پێویستە مافەكانمان پێبدەن و چی تر بەو شێوەیە نەمێنینەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە لەكاتێكدا خانەنشین كراوین، رەوشی مووچە لە هەرێمی كوردستان زۆر خراپ بوو، جگە لە دواكەوتن، مووچەی چەند مانگێكمان هەر پێنەدرا، ئەمەش وایكرد رەوشی ئابووری مووچەخۆر و فەرمانبەر خراپ بێت، چ جای ئەوەی خانەنشین بێت، لەلایەك مووچەی كەمبێتەوە، لەلایكی تر چەند مانگێك مووچە وەرنەگرێت.
دارا شەفیق کە لەسەر میلاكی  وەزارەتی رۆشنبیری خانەنشین كراوە، بەهەمانشێوە كێشەی پێنەدانی مووچەی هەیە، لەو بارەیەوە بۆ كوردستانی نوێ وتی: سەرەتا پێیان وتین، تاكو مووچەكەتان بۆ دەبەسترێت، پاداشتی كۆتایی راژە (ئیكرامیە) وەردەگرن، وەك قەرەبووكردنەوەیەك، تا ئەو كاتەی مووچەی مانگانەکەمان بۆ دەردەچێت، وەك چۆن لە بەغدا دەدرێت، بەڵام ئەوە نەكرا.
وتیشی: هەموو ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشینكراون هیچ داهاتێكی دیكەیان نییە، بەهۆی پێنەدانی مووچەی خانەنشینینان تووشی قەیرانی دارایی و قەرزێكی زۆر بوونەتەوە.
پێشیوابوو: بەرپرسیاریەتی ئەو باروودۆخەی خانەنشینان دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی، كە دەبوو زووتر ئامادەباشی بۆ ئەو پرۆسەیە بكات و كارمەند و فەرمانبەر بۆ بەرێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی دابین بكات، بۆ ئەوەی مامەڵەی خانەنشینان بەو جۆرە دوانەكەوێت، چونكە بەگوێرەی ئامارەكان، ئەگەر پرۆسەكە بەم شێوەیە بڕوات، بەشێك لە خانەنشینان تا ساڵێكی تر مووچە وەرناگرن.
لەلایەن خۆیەوە عیماد قادر، فەرمانبەری خانەنشین لە دیوانی پارێزگای هەولێر دەڵێت: گومان لەوەدا نییە كە نەبوونی مووچەی مانگانە كاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر ژیان و گوزەرانی هەموو مووچەخۆران، چونكە هەموو ژیان و گوزەران بە مووچەی مانگانە بەستراوەتەوە، بە تایبەتی بۆ منێكی كرێچی و خاوەن منداڵ.
وتیشی: داواكارین دەست و بردێك بكرێت لە راپەڕاندنی مامەڵەكانمان، بەڕاستی بڕیارەكەش زۆر كتوپڕ بوو هەموو لایەكی تووشی شۆك كرد.
ئەحمەد یوسف خانەنشینكراوێكی دیكەی ئەمساڵە پێیڕاگەیاندین: بە گەواهی هەموو لایەك ئێمەی توێژی خانەنیشینان لەو ماوەیەدا زۆر مەغدوورین، چونكە ماوەی پێنج مانگە مووچەمان پێنەدراوە، ئەویش بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەكانمان، بەڕاستی هەق وایە فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشین زیادبكرێن، تا مامەڵەكانمان بە خێرایی تەواو بكەن.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان