ئا: رەوەست نەوزاد
ژمارەیەكی زۆر باڵەخانەی جیاواز لەهەولێر هەن چەند ساڵێكە بەتەواو نەكراوەیی ماونەتەوە، كە بەمەبەستی دروستكردنی هۆتێل و شوققە و بینای بازرگانی دروستكراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی دروستكردنیان نەبووەتە هۆی سوودی ئابووری بۆ خاوەنەكانیان، بۆیە بەرلەوەی تەواوبكرێن كاركردن تێیاندا وەستێنراوە، بەهۆیەوە بەشێكیان بوونەتە كەلاوە و جێگای مانەوەی ئاژەڵی بێلانە و دیمەنێكی ناشارستانی نیشاندەدەن.
خالید تەها، هاووڵاتیەكی شاری هەولێرە لەبارەی ئەو باڵەخانە تەواو نەكراوانە بۆ كوردستانی نوێ وتی: هۆكاری بوونی ئەو هەموو بینا تەواو نەكراوانە بۆ كەمتەرخەمی پلانی حكومەتی خۆجێیی شارەكە دەگەڕێتەوە.
وتیشی: بۆ ئەوەی ئەو جۆرە حاڵەتانە بەردەوام نەبێت، پێویستە بەر لەدەستپێكردنی كارەكان بۆ دروستكردنیان، لەرووی سوودی ئابووری و بازرگانی و پێویستیی بوونی باڵەخانەیەكی لەو جۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، لەلایەكی دیكە دەبێت لەسەرەتاوە مەرجی تەواوكردن لەسەر خاوەنەكانیان دابنێن.
ئاراس ئەنوەر وەك یەكێك لەخاوەن دوكانێكی تەنیشت باڵەخانەیەكی تەواو نەكراو بۆ كوردستانی نوێ وتی: بوونی باڵەخانەی لەو جۆرە كە چەند ساڵێكە وەك هەیكەل ماوەتەوە، جگە لەوەی دیمەنێكی ناشارستانی هەیە، زۆرجار دەبنە شوێنی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و پاشماوەكان، هەروەها بوونی ئەو جۆرە باڵەخانانە كاریگەری لەسەر جموجۆلی بازرگانی و كڕین و فرۆشتن دەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی لەنزیكیەوە نیشتەجێبوون كە بە تەواو نەكراوەیی ماونەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار پێویستە كاتێكی دیاركراو بۆ تەواوكردنی باڵەخانەكان دابنێن، چونكە شوێن هەیە 10 ساڵە بەو جۆرە ماوەتەوە، بەشێك لەوانە پەرژینەكەی تا سەر شۆستەكان هاتووە، بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە.
زرار، خاوەنی یەكێك لە باڵەخانە تەواو نەكراوەكان لە شاری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: باڵەخانەكەمان لەهەشت نهۆم پێكدێت لە ساڵی 2000 دەست بە دروستكردنی كراوە، بەڵام لەساڵی 2003 كارەكانی وەستێندرا و تاكو ئێستا بە هەیكەلی ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو باڵەخانەیەمان بە ئامانجی كردنەوەی هۆتێلێك دروستكردووە، هەر كاتێكیش دۆخی ئابووری هەرێم باشتر بێت بەتەئكید تەواوی دەكەین.
هەروەها رایگەیاند: تەواونەكردنی باڵەخانەكە بەبڕیاری خۆمان بووە و هیچ هۆكارێكی ئەمنی یان شتی دیكەی لەپشت نەبووە، تا ئێستاش حكومەت پاڵەپەستۆی نەخستۆتە سەرمان بۆ تەواوكردنی.
سەبارەت بە هۆكاری تەواونەكردنی ئەو باڵەخانانە لە شاری هەولێر، عوسمان ساڵح جێگری سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بۆ كوردستانی نوێ وتی: مانەوەی باڵەخانەكان بە تەواونەكراوەیی بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە زۆری رێوشوێنی دەرهێنانی مۆڵەت، كە كۆمەڵێك مەرجی زۆر قورس بەسەر خاوەنەكانیان دەسەپێنن، ئەمەش وا دەكات خاوەنەكەی پڕۆژەكەی بۆ تەواو نەكرێت.
وتیشی: ئەو كەسانەی دەیانەوێت باڵەخانەی بازرگانی یان هۆتێل یان شوققەی نیشتەجێبوون دروست بكەن، پێویستە حكومەت بە هەموو شێوەیەك هاوكارییان بكات بۆ تەواوكردنی بیناكانیان و ئاسانكارییان بۆ بكات، هەر لە دەرهێنانی مۆڵەتەوە تا دەگاتە دابینكردنی كەلوپەلەكانیان، لە زۆربەی وڵاتانیش ئەو كەسانە دەتوانن هاوكاری لە دەوڵەت وەربگرن یان لە بانكە حكومییەكان قەرز وەربگرن.
ئەو پارێزەرە باسی لەوەشكرد: مانەوەی باڵەخانەی تەواونەكراو بۆ ماوەیەكی زۆر پێچەوانەی یاسایە، چونكە مەترسی رووداوی دڵتەزێن و نەخوازراوی لێدەكەوێت، لەوانە كوشتن و خۆكوشتن، یان رمانی هەیكەلی باڵەخانەكە و زیانگەیاندن بەدەورووبەرەكەی، بەمەش خاوەن موڵك بەرپرسیار دەبێت و بەپێی ماددەی یاسایی سزادانی عیراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 خاوەن موڵكەكە سزا دەدرێت، كە سزای بەندكردنی تێدایە، لەگەڵ پێبژاردن بەپێی ئەو زیانەی كە خاوەن قوربانییەكە داوای دەكات.