ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر
دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق و گەڕانەوەی ئاوارە نیشتەجێبووەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچە دابڕاوەكان، تاكو ئێستا بەهۆی هاوكاری نەكردن و جێبەجێنكردنی ماددەی 140، بەشێك لەو خێزانانە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە، بەشێك لەوانە لە سنووری شاری هەولێر نیشتەجێن، هەرچەندە خوازیارن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن پێویستیان بە هەوڵی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا هەیە، تاكو كارئاسانیان بۆ بكەن.
تەنیا عەلی، وەك یەكێك لە ئاوارەكانی كەركوك و نیشتەجێی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: من وەك یەكێك لە خەڵكی ناوچە دابڕاوەكانی دانیشتوی هەولێر، ماوەی 22 ساڵە فۆڕمی خۆراكم گواستۆتەوە زێدی خۆم لە شاری كەركوك، بەو ئامانجەی بتوانم بگەڕێمەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی توانای ماددی بە تایبەتی خانووی نیشتەجێبوون نەمتوانیوە بگەڕێمەوە.
وتیشی: راستە 10 ملیۆن دینارم وەك قەرەبووی ماددەی 140 وەرگرتووە، بەڵام بەبێ هیچ پارچە زەوییەك نەمتوانی خانووی پێ دروست بكەم، لە لایەكی تر هیچ ئاسانكارییەكمان بۆ نەكراوە لەوەی وەزیفەی حكومیمان بگوازینەوە سەر بەغدا، تاكو لە ئیمتیازەكانی حكومەتی عیراقی سوودمەند بین، بەتایبەتی لە پێشینەی خانوبەرە.
روونیشیكردەوە: مانەوەی من لە هەولێر وەك خەڵكی ناوچە دابڕاوەكان زیانی زۆری پێگەیاندووم، چونكە وەكو پێویست ناتوانم سوود لە بەشەخۆراكی مانگانە و نەوتی ساڵانە وەربگرم، ئەمە جگە لەوەی بۆ هەر مامەڵەیەكی فەرمانگە حكومییەكان یان پڕۆسەی هەڵبژاردن و سەرژمێری دانیشتوان، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ كەركوك، ئەمەش خەرجییەكی زۆرمان لەسەر دەكەوێت.
پێشیوابوو: ئەمە جگە لەوەی ماوەی چەند ساڵێكە گواستنەوە و زیادكردنی ئەندامانی خێزانەكانمان لە فۆڕمی خۆراكی وەستێندراوە، بەمەش هەر كەسێك لە خێزانەكەمان زیادبێت لە بەشە خۆراك بێبەش دەبێت.
ئەكرەم سەعید، هاووڵاتیەكی دیكەی سنووری ناوچەدابڕاوەكانە لەو بارەيەوە دەڵێت: مانەوەی ئێمە لێرە و نەگەڕانەوەمان بۆ ئەو ناوچانە بۆ ماوەیەكی زۆر، وادەكات منداڵەكانمان ئامادەنەبن بگەڕێنەوە، چونكە ئەوكاتە ژیانی خۆیان لێرە دەست پێدەكات، ئەمەش وادەكات رێژەی كورد لە سنووری ماددەی 140 زۆر كەمبێتەوە.
باسی لەوەشكرد: مانەوەی خێزانێكی زۆر لە كوردی ئەو ناوچانە لە هەولێر و سلێمانی و شوێنەكانی دیكە لە كاتێكدایە، لە كاتی هەڵبژاردنەكان بەزەحمەت دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان، بەمەش رێژەیەكی زۆر لە دەنگی كورد لەو ناوچانە دەفەوتێت.
ئەوەشی خستەڕوو: بە پێچەوانەوە خێزانە عەرەبەكانی قەرەبووی ماددەی 140 یان وەرگرتوە هەر لە سنووری ناوچەدابراوەكان ماونەتەوە، بۆئەمەش لەلایەن حكومەتی عیراق و حزبە سیاسییەكانیان ئاسانكارییان بۆ دەكرێت.
هەرلەو چوارچێوەیەدا ئازاد عەبدوڵڕەحمان، وەك ئاوارەیەكی دیكەی كەركوك و دانیشتووی هەولێر بە هەمانشێوە نیگەران بوو لەوەی تاكو ئێستا قەرەبووی 10 ملیۆن دینارەكەی ماددەی 140ی وەرنەگرتووە، هۆكاری نەگەڕانەوەشی بۆ كەركوك بۆ ئەوە گەڕاندەوە ئەوكات پێشمەرگە بووە و لە كەركوكیش خانووی نەبووە تا بگەڕێتەوە و تێیدا نیشتەجێبێت.
وتیشی: ئێمە تاكو ئێستاش بەنیازی گەڕانەوەین بۆ زێدی خۆمان، ئەگەر هاوكاریمان بكرێت، هەرچەندە ئاسانیش نییە، چونكە ئەو ماوە زۆرەی لە هەولێر دەژین، دەوام و خوێندن و ئیش و كارەكانمان هەمووی لێرەیە، تەنیا فۆڕمی خۆراكمان كەركوكە، بەڵام ئەوە بەس نییە، بەڵكو پێویستە هەموو ئەو خێزانانەی وەك ئێمە لە شارەكان ماونەتەوە بگەڕێنەوە.