مامۆستا (عارف رەئووف) و وتەیەك بۆ مێژوو

12:41 - 2025-04-23
دووتوێ
48 جار خوێندراوەتەوە
عارف رەئووف هیوا سەرهەنگ

هیوا سەرهەنگ، هۆڵەندا  


مامۆستای نەمر (عارف رەئووف) كەسایەتییەكی دیاری كوردە، مامۆستا و پەروەردكارێكی بە ئەزموون و دڵسۆز و ماندوونەناس و ناخ پڕ لەئازارەكانی رۆژانی سەختی خەبات و تێكۆشان و چەوساندنەوەی نەتەوەییە، یەكێك بوو لەو جوامێر و دڵسۆز و نیشتمانپەروەرانەی كە بە درێژایی تەمەن و ژیانی لە خوێندنگەیەك و دەزگایەكی كاركردن و شارێكدا نەیان هێشتوەتەوە، لەهەر شوێنێكیشدا بوایە هێندەی نەدەبرد جێی دەستی كاروچالاكییەكانی بەدەردەكەوتن و دەبووە پەسەندێكی بێڕكابەر لەسەر دەوروپشتی. 
ئەم مرۆڤە كوردپەروەرە مرۆڤ دۆستە، گەرچی هاوتەمەنی من نەبوو، زۆرتر هاوڕێیەتی لەگەڵ باوكم رەوانشاد (ئیسماعیل سەرهەنگ) هەبوو، وەلێ هێندەی لە باوكم و بیرەوەری خۆم و گێڕانەوەكانی خودی خۆیدا لەسەردانەكانماندا بۆ لای بەڕێزیان، كە هەرگیز مرۆڤ تێر نەدەبوو، لەگوێ هەڵخستن بۆ یادەوەری و باس و رەوانبێژییەكەی،  لەمانەوە 
مامۆستام ناسی.
 هەر مامۆستا خۆی بۆی گێڕامەوە كە بە منداڵی خولیای شیعرم هەبووە و شیعری زۆر شاعیرانم لەبەربووە. لەبیرمە زۆر منداڵ بووم لە پۆلی سێ یان چواری سەرەتایی بووم لە ئاهەنگەكانی جەژنی نەورۆز، لەگەڵ باوكم چووینە رواندز، لە ئاهەنگەكەدا مامۆستا عارف پێناسی ئاهەنگەكە بوو، منی بانگكردە سەر سەكۆی شانۆ و پێشكەشی جەماوەری كردم، منیش شیعرێكی مامۆستا (جەمال شارباژێری)م خوێندەوە لەژێر ناوی كوردم.. كوردم.
مامۆستای نەمر لە هاوڕێ دێرینەكانی مامی مەزنمان (مام جەلال) بوو، هەر لەو دەمانەوە كە باوكی دەگوازرێتەوە بۆ شاری كۆیە، مامۆستا عارف لەكۆیە خراوەتە قوتابخانەی ئولاو لەوێدا لە نزیكەوە دەبێتە هاوڕێی نزیكی هەردوو رەوانشادان (مام جەلال و دكتۆر جەمیل شەرەف).  
لە نەورۆزی 1948دا لەكۆیە شانۆگەریی (گوڵی خوێناوی)یان پێشكەشكرد و مامۆستا رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە شانۆگەریەكەدا و لەگەڵ د. جەمیل شەرەف رۆڵی كچیان بینی، ئەمە یەكێك بوو لەو خەسڵەتانەی كە پیشانی دەدا هەر لەسەرەتای منداڵییەوە مرۆڤێكی بە توانا بووە لەكارەكانیدا.  
مامۆستا عارف رەئووف هەروەكو لەدیدارێكدا خۆی بۆی گێڕامەوە. دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی بەغدا بەشی زمانی ئینگلیزی بوو، سەرەتا لەخوێندنگەی ناوەندی شەقڵاوە دامەزراوە پاشان گوازراوەتەوە شارۆچكەی مەخموور، لەوێ كراوە بە بەڕێوەبەری ناوەندییەكە، لێرەوە كاروانی خەبات و چالاكی نیشتمانپەروەری زۆرتر دەستپێدەكات و ئەمەش وا دەكات كە چەند جارێك زیندانی بكرێت.  
جا ئەو دەمە ئەو تۆمەتانەی بەزۆری دەخرایە پاڵ كوردە چالاكەكان، ئەوانەی یارمەتیدەرو هاوكاری پێشمەرگە بوون، لە ساڵی 1963 دووجار (حەرەس قەومییەكان) دەیگرن و زیندانی دەكەن، دوای ئازادكردنی بۆ ماوەیەك دوورخرایەوە بۆ خوارووی عیراق و پاش ماوەیەك لەوێوە گەڕێنرایەوە دواناوەندی رواندز.
مامۆستا لە ساڵەكانی 1968 تا 1970 لەبەغدا بووە لە وەزارەتی كاروباری ژوروو، پاشان وەك یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كاروباری خوێندنی كوردی تا ساڵی 1972، پاشان لە دیوانی وەزارەت بۆتە (مفتش) و لەوێشەوە لە نزیكەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ رەوانشاد مامۆستای نەمر ئیبراهیم ئەحمەد و هەر یەكە لە رەوانشادان (مامۆستا خالید دلێر و عومەر دەبابە و شەهید خاڵە شەهاب)دا هەبووە و ئاگاداری سیاسەتی رۆژو گۆڕانكارییەكان بووە، سەردانی كتێبخانەی (بیری نوێ)ی كردووە، كە ئەوكاتە شوێنی گردبوونەوەی رووناكبیرە پێشكەوتووخوازەكان و سیاسییەكانی كورد بووە. 
مامۆستا عارف هەر وەك باسی لێوە دەكرێت، یەكێك بووە لە هەڤاڵە نزیكەكانی سەرۆك مام جەلال، هەر دەرفەتێكی بۆ رەخسابێت سەردانی مامی كردووە، لە ساڵی 1984 ـ یش بە نیاز بوو بچێتە شاخ ، بەڵام لەسەر داوا و رێنمایی مام جەلال لە شار مایەوە، لە پاش راپەڕینیشەوە هەمیشە یەكێك بووە لە كەسایەتییە دڵسۆز و دۆستە نزیكەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەرئەنجامی شەڕی ناخۆی ناپەسەند، كە بێ ئارامی و نابەدڵی لای زۆر لە نیشتمانپەروەران سازاندبوو، مامۆستاش ناچار وڵات جێدەهێڵێت بەخێزانەوە لە وڵاتی هۆڵەندا نیشتەجێ دەبن. 
مامۆستا پیاوێكی كۆمەڵایەتی بوو، خاوەن شارەزاییەكی زۆر بوو لە كەلتوری كوردی و پەند و ئامۆژگاری، زۆر بەداخەوە رۆژی 2ی مارتی ساڵی 2019 دڵە گەورەكەی لەلێدان كەوت و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە گەل و 
نیشتمانەكەی كرد. 

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان