سامان عوسمان*
زیندان ئەو شوێنەیە كە مرۆڤ لە لایەك خۆڕاگر دەبێت، لە لایەكی تر ئەزموونی تازە فێر دەبێت و بەهرەكانی دەردەكەوێت، مێژووی زیندانی بەعسییەكان پڕە لە كارەسات و تاوانی جۆراوجۆر، كەم كەس هەیە بەرگەی بگرێت، بەڵام ئەوە رۆڵەكانی گەلی كورد بوو، بێباكانە و چاو نەترسانە بەرگەیان گرت و بەرگرییان لە بیروبۆچوون و هەڵوێستەكانی خۆیان دەكرد، ئەگەر بە دەربڕینی سیاسی و هەڵوێستەكانییان نەیانتوانی بێت، پەیامی ئازادیەتی و خۆڕاگری بگەیەننە دوژمن، ئەوا لە رێگەی هونەر و دەست رەنگینی خۆیان سەلماندیان كە گەلێكی هۆشیارن.
ئەو كاتەی ئێمە لە دائیرەی ئەمنی هەولێر بووین، دواتر گوازراینەوە زیندانی ئەبوغرێب لە نزیك بەغدا، ژمارەیەك گەنجی دەست رەنگینمان لەگەڵ بوو، هەرزوو بەهرەكانیان دەركەوت، بە كاری دەستی و نەقش و نیگار و كارە هونەرییەكانیان چەندین كەرەستە و پێداویستی ئەوكاتەیان دروست دەكرد، كە گوزارشت بوون لە خۆڕاگری زیندانیان و قوربانیدان و شەهیدان، بە جۆرێك لە كەلوپەل و پێداویستی زۆر سادە و سەرەتایی ئەوەی بیانویستایە دروستیان دەكرد.
ئەو گەنجە زیندانیكراوانەی كاری هونەرییان دەكرد دوو جۆر بوون، بەشێكیان هەر بۆ خۆشی و كات بەسەربردن حەز و ئارەزووی خۆیان جێبەجێدەكرد، بەشێكی تریان بۆ بە دەستهێنانی بژێوی ژیانی خێزانەكەیان بوو لە دەرەوەی زیندان، چونكە ئەوەی دروستیان دەكرد ئەوەندە ئاست بەرزبوون، هەر لەزیندان بە پارەیەكی باش لێیان دەكڕینەوە.
یەكێك لەو دەست رەنگیانە هۆشیاری كەریم ئاغای خەڵكی شارۆچكەی دوكان بوو، ئەو كەسێكی زۆر دەست رەنگین و هەمیشە داهێنانی دەكرد، بەتایبەتی لە دروستكردنی ئامێرەكانی عود و ساز و گیتار، بۆئەمەش دار و داوی لایلۆنی بەكاردەهێنا كە لەوەی دەست دەكەوت، ئەوانی تریش لەكاتی سەردانی كەسوكارەكانیان، ئەو پێداویستیانەیان بۆ دەهات، كە پێویست بوو بۆ دروستكردنی كارە هونەرییەكانیان.
ئەو گەنجە زیندانیكراوانەی كاری هونەرییان دەكرد دوو جۆر بوون، بەشێكیان هەر بۆ خۆشی و كات بەسەربردن و حەز و ئارەزووی خۆیان بوو، بەشێكی تریان بۆ بە دەستهێنانی بژێوی ژیانی خێزانەكانیان بوو لە دەرەوەی زیندان
سەردار محەمەد قادری خەڵكی كاوانیان، سەلیقەیەكی باشی لە هونەری شێوەكاری هەبوو، هەروەها هیشام سدیقی خەڵكی كەركوك زۆر دەست رەنگین بوو لە وێنەكێشان، هەر لە نێو ئەوانە ئەحمەد جوامێر شارەزاییەكی باشی لە ئالەتی گیتار و جەمیل بۆرە لە ژەنینی ساز بەتوانا بوون، جگە لە كورد كەسانی عەرەبی دەست رەنگینیشی تێدابوو، یەكێك لەوانە ئەبو توفاح بوو لە ژەنینی رەبابە و ئەبو ئەیاد و ئەبو فالح لە هونەری وێنەكێشی بەتوانا بوون.
هەر لەنێو زیندان لەكاتە گونجاوەكان بە ژەنینی ئەو ئامێرانەی دروستیان دەكرد، ساتێكی خۆشمان بەرێدەكرد و تۆزێك لەخەم و ئازارەكانمان كەمدەبووە، بەشێكی زۆری ئەو كەرەستانەی لە زیندان دروستكراون یان وێنەیان كێشراوە، تاكو ئێستا وەك یادگاری لەلای خۆمان ماوەتەوە.
باسكردن لە بەهەرە و دەست رەنگینی گیراوانی كورد لە زیندانەكانی بەعس زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت، بەڵام لە نووسینێكی ئاوادا هەر ئەوەندە باس دەكرێت یان لە بیروهزرمان ماوە، داوای لێبوردنیش لەوانە دەكەین كە ناومان نەهێناون، بەڵام بە دڵنیاییەوە خەڵكی زۆر زیاتر هەبوون لە زیندان دەست رەنگین بوون، بە بەهەرەكانیان مێژوویەكی دیكەیان نووسیەوە.
*زیندانی سیاسی