پەرێز عومەر: دژی ئەوەم چالاكوانی بكرێت بە پیشە و رێگەیەك بۆ بازرگانی كردن

01:04 - 2025-04-23
دووتوێ
67 جار خوێندراوەتەوە

كوردستانی نوێ، هەولێر

پەرێز عومەر چالاكوانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی کە لە چەندین رێكخراو كاریكردووە، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێ دا، تیشكدەخاتە سەر رۆڵی ئێستای رێكخراو و چالاكوانەكانی ئەو بوارە و وتی: سەرەتا دەمەوێت بڵێم هیچ كات چالاكوانی وەك پیشە پێناسە ناكرێت، من دژی ئەوەشم، بەڵكو من پێموایە هەر كەسێك لە هەر ئاست و پلە و پێگەیەك خۆبەخشانە بەشداری لە هەر كارێكی باش بكات تەنانەت بە یەك وشەش بێت، ئەوە چالاكییەكی مەدەنی كردووە و بەپێی ئاست و شێوازی چالاكییەكەی لەو شوێن و كاتە جێی خۆی دەگرێت.

وتیشی: پێموایە چالاكی مەدەنی ئەركە لەسەر هەموو تاكێك، وەك چۆن لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا فەرمان بۆ باشە و دژایەتی خراپە ئەركێكی ئاینییە، بۆیە چالاكی مەدەنی (ئەو كەشتییەیە كە چالاكوانان لە رێگەیەوە كۆمەڵگە و نیشتمان لە نغرۆبوون رزگار دەكەن) پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت (كلكم راع و كلكم مسئول عن رعیتە)، واتا هەر هەموومان بەرپرسیارین لەسەر دەورووبەرمان. لەبەرئەوە من بەتەواوی دژی ئەوەم چالاكوانی بكرێت بە پیشە و رێگەیەك بۆ بازرگانی كردن. بەداخەوە وەك ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەگەر كەسێك بیەوێت واتای دەستەواژەی (چالاكوانی مەدەنی) بەرجەستە بكات، ئەوە بێ دوو دڵی دەبێت لە ژیان و وتە و هەڵسوكەوتەكانی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بڕوانێت. لەوێوە سەد لە سەد بۆت بەرجەستە دەبێت كە چالاكوانی مەدەنی لە چالاكییەكانیدا بیر لە دەستكەوت ناكاتەوە و بازرگانی لەناو چالاكییە مەدەنییەكانیدا ناكات.
پێشیوابوو، پێچەوانەی رابردوو، بەداخەوە ئێستا هەندێك لە رێكخراوەكان كە لەلایەن حزبەوە هەڵدەسووڕێنرێن كاریگەریی پێچەوانەی زۆر ترسناكیان هەیە. بەتەواوی واتای مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی بە دژایەتی خۆیان دەزانن، بۆیە كاریگەریی دڵسۆزان بۆ بابەتە گشتییەكان زۆر بەرتەسك كراوەتەوە، و ئیتر خەڵك لە لایەك دەترسێنرێت، لە لایەكی تر بە شتی تر سەرقاڵ دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد: بەگشتی چالاكییە مەدەنییەكان رۆژ بە رۆژ بەرەو كەمی دەچێت، لە لایەكی ترەوە برسیكردنی خەڵك وایكردووە خەڵك زیاتر خەریكی پەیداكردنی نان بێت، وەك دەبینن بازرگانی ناڕەوا و نادروستی دەسەڵاتدارانیش هەموو بوارەكانی گرتووەتەوە و دەست بۆ هەر كەیسێك دەبەیت بازرگانێكی دەسەڵاتدار بەرژەوەندییەكانی دەكەوێتە مەترسی، بۆیە هەوڵی لەناوبردنت دەدات. جا بێگومان بەو بارودۆخەی ئێستا چالاكوانان دەبێت ببن بە شۆڕشگێڕ ئینجا چالاكییەكانیان بەردەوامی پێبدەن.
ئەو چالاكوانە لە کۆتاییدا وتی: ئێستا ئەگەر بتەوێت ببیتە بازرگان لە رێگەی رێكخراوەكان رێگەت بۆ ئاوەڵایە و فەرشی سوورت بۆ راخراوە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان