سابیر رەشید: یەكەم چیرۆكم لە ساڵی 1976 بەناوی (شەوێكی ژوان) نووسی

01:08 - 2025-04-23
دووتوێ
40 جار خوێندراوەتەوە
سابیر رەشید

سابیر رەشید، یەكێكە لە چیرۆكنووس و رۆماننووسەكانی شاری هەولێر، چەندین توێژینەوەی لەبارەی ئەو دوو ژانرە ئەدەبیە نووسیووە، لەبارەی سەرەتای كاركردنی خۆی لەبواری ئەدەبی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دەستپێكردنی من بە چیرۆك نووسین لەوكاتە بووە كە لەگەڵ چەند برادەرێكم وتمان با دەست بە نووسینی چیرۆك بكەین، ئەوەبوو رۆژێكیان هەر یەكێكمان چیرۆكێكمان نووسی، ئەوەی من سەرچاوەكەی بەسەرهاتی خۆشەویستی كوڕی پورێكم بوو، بەناوی (شەوێكی ژوان) كە لەگوندێك روویدابوو. 
وتیشی: جگەلە نووسینی چیرۆك بە زمانی كوردی، لێكۆڵینەوەشم سەبارەت بە چیرۆك و رۆمانی كوردی بە زمانی عەرەبی نووسیوە، لە ساڵی 1976 یەكەم كتێبم بە هاوبەشی لەگەڵ د. كەمال سەعدی بەناوی (شەش كورتە چیرۆكی كوردی) چاپكرد، دواتر لەساڵی 1988 ئەمانە عامەی رۆشنبیری و لاوانی ئەوكاتە یارمەتی نووسەرانی دەدا، منیش كۆمەڵە چیرۆكی (خەونە سەوزەكان)م ناردە بەغدا و لەوێدا بۆمان چاپكرا، هاوكات لەساڵی  2008 بەهەمانشێوە كۆمەڵە چیرۆكێكی ترم بەناوی (گیای سەروەری) نووسی كە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم 
بۆمیان چاپكرد.
سابیر رەشید جگە لە چیرۆك، نۆڤلێت و رۆمانیش دەنووسێت، لەو بارەیەوە دەڵێت: لەساڵی 1999 یەكەم نۆڤلێتم بەناوی (مەرگی بازنەیی) نووسی، كە رۆشنبیرانی نوێخواز لە هەولێر بڵاویان كردەوە، دواتر هەوڵی رۆمان نووسینیشمدا، بۆیە تا ئێستا 3 رۆمانم نووسیووە، یەكەم رۆمانم (شمشێری موسا) بوو، دووەمیشم (كوێرەی چاوساغ) بوو، سێیەمیشم (كتێبفرۆش) بوو، هەروەها لە ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار 100 كورتیلە چیرۆكم چاپكردووە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان