حیکایەتی فۆتۆ

ستۆدیۆ رەئوف

10:16 - 2025-04-24
کەلتور
27 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

 

رەئوف حەمەسەعید عەلی

 

رەئوف حەمەسەعید عەلی، ساڵی 1938 لە گوندی وەڵەسم لە بناری شارەزوور لەدایک بووە، مەلا حەمەسەعیدی باوکی پێش نوێژ و بانگخوازی گوندەکە بووە. لە منداڵییەوە هاتۆتە سلێمانی و لە گەڕەکی حاجی حان نیشتەجێ بووە و چۆتە قوتابخانە، پۆلی پێنجی سەرەتایی لە قوتابخانەی فەیسەڵییە تەواوکردووە. هەر لەم شارە لەگەڵ خاتوو قومریە رەشید کە دانیشتووی گەڕەکی سەرشەقام بووە، خێزانی پێكهێناوە، خاوەنی دوو کچ و سێ کوڕ بووە.
ساڵی 1952 لای یەحیا ئەفەندی وێنەگر، فێری پیشەکە بووە. لەوکاتەوە دەستی بەکاری وێنەگرتن کردووە، دواتر لای کاك حەبیب و کاك عوسمانی یادگار بووە بە شاگرد و فلاشگێڕی بۆ ئەو وێنەگرانە کردووە، لەهەمانکاتدا کامێرای شەمسی لەبەردەم مزگەوتی گەورە داناوە و وێنەی معاملاتی بۆ خەڵکی ئەم شارە گرتووە.
ساڵی 1959 ستۆدیۆی خۆی داناوە بە ناوی (ستۆدیۆ رەئوف) لە شەقامی بێکەس بەرامبەر مزگەوتی گەورە و جێگای کاسۆمۆڵی ئێستا.
لە ماوەی کارکردنیدا وێنەی زۆربەی کەسایەتییەکانی شار و زانا و خەتیب و مەلای ئەوکاتەی مزگەوتی گەورەی گرتووە، بەشێك لە کوڕەکانی و براو برازاکانی و خوشکەزاکانی فێری وێنەگرتن کردووە و بوون بە شاگرد لای خۆی، یان ستۆدیۆی خۆیان داناوە، لەناویاندا یاسینی برای کە ستۆدیۆی خۆی داناوە بەناوی (ستۆدیۆ یاسین) لە شەقامی مەولەوی، کاك کەمال بەناوی (ستۆدیۆ کەمال) لە شەقامی کاك ئەحمەدی شێخ ستۆدیۆی خۆی داناوە.
رەئوف حەمەسەعید بە شارەزایی خۆی و لە رێی چاوی کامێراکەیەوە خزمەتێکی گەورەی بەم شارە کردووە، ئەگەرچی بەهۆی زوڵم و زۆری رژێمی بەعسەوە رێگریی زۆر هاتۆتە بەردەم کارەکانی و نەیانهێشتووە ئەو وێنانەی تایبەتە بە هەستی نەتەوایەتی چاپیان بکات. 
بەهۆی رووخاندنی دوکانەکانی بەردەم مزگەوتی گەورە و دروستکردنی کاسۆمۆڵ، زۆربەی وێنە و جامی و فیلمەکان کامێراکانی لەناوچوون، بەشێکی کەمی لای خانەوادە و کەسە نزیکەکانی پارێزراون.
لە ساڵی 2009 بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، ناتوانێت ستۆدیۆکەی بەرێوەبەرێت، جاربەجار سەردانی دوکانەکەی دەکرد، لەلایەن کوڕەکانییەوە درێژە پیشەکەی دەدرا. رۆژی  3/ 1/ 2011 بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە گردی سەیوان بە خاك سپێردرا. لەدوای خۆی، مێژوویەکی پڕ وێنە و ئەرشیفێکی جوانی بەردەم مزگەوتی گەورە و کوچە و کۆڵانەکانی شاری جێهێشت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان