کاروان عومەر
یەک
کاتێک پەتی سێدارەکەیان خستە گەردن، جەلادەکە بە گاڵتە جاڕییەکەوە پێی وت:
مردن ئەوەندە ترسناک نییە میز بکەیت بەخۆتدا.
وتی: گەمژە ناترسم، دایکم دەیووت هەر جارێک بە منداڵی کە میزت دەکرد بە خۆتدا، تێر پێدەکەنیم!
دوو
بۆئەوەی هەست بەبێ باوکی نەکات، بەیانیان پێلاوەکانی باوکی هەڵدەگرت و ئێواران لەبەردەم دەرگای حەوشەکەیان دایدەنایەوە. پێیان وتم: کێ؟ باسی کێ دەکەیت؟ لەبەرخۆمەوە وتم: کچی شەهیدێک!
سێ
پیاوێکی نابینا، کچێکی چاوگەشی فێری بینین کرد!
چوار
لەبری ناوی ئەو، ناوی خۆی لەسەر کێلی گۆڕەکە نووسی. هەمووان بە سەرسامییەوە لێیان پرسی: بۆچی ناوی خۆت دەنووسیت؟!
لە وەڵامدا وتی: ئەوەی مردووە منم... من!