ئاوڕدانەوەیەك لە كتێبی (رزگاركردنی جوانی، بیۆنگ-چول هان)

جوانی لەنێوان گۆشەنیگای سێكسی/ وزەی ئیرۆتیکیدا

11:45 - 2025-04-24
ئەدەب و هونەر
220 جار خوێندراوەتەوە


عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا


چەمكی جوانی، لە شارستانیەتی یۆنانەوە پەڕیوەتەوە نێوشارستانیەت و كەلتوری گەلانی دیكەوە، بەڵام هەتا ئێستا هزری مرۆڤایەتی پێوانەیەكی دیاریكراوی بۆ جوانی نییە، رەنگە هەرواش بمێنێتەوە. لە سەردەمی مۆدێرنەدا جوانی لەگەڵ نەرمی تەواو هاوئاهەنگە، نەرمی وەك هۆکاری سەرەکیی چێژ، وەک پێکهاتەیەکی جوانیی بینراو ئەژمار دەکرێت. بەو مانایەش نەرمی لەوێوە بۆ چێژوەرگرتن گونجاوتر دەردەكەوێت، كە هیچ بەرگرییەک نیشان نادات.. بەڵام ئەو شتانەی بە زبر و تووند و تیژن، ئەندامەکان دەڕووشێنن، دەبنە هۆی ئازار و برینداركردن... ئەوەش دەبێتە هۆی گرژبوونی تووندوتیژ، یان گرژبوونی ریشاڵی ماسولکەکان. نەرێنیبوونی ئازار هەستی جوانی تا رادەیە تووندی لاواز دەکات، جوانی کەم دەکاتەوە.
سرودی جوانی 
لەنێو چاوانتەوە، هەم ئاوابوونی خۆر
هەم سەرهەڵدانی كازیوە بەدی دەكرێن.
وەك رەشەبای ئێواران
 بۆن و بەرامە دەپڕژێنی
ماچت شەرابی عیشقە و 
زارت هەر چەشنی گۆزەیە
قارەمان، ترسنۆك و منداڵانیش
 بوێر و ئازا دەكەی.
پێم بڵێ تۆ لە كەندڕانەوە بەرز دەبیتەوە
یان لە هەسارەكانەوە دادەبەزی
(بۆدلێر)
 بیۆنگ -چول هان
فەیلەسوفی (ئەڵمانی بە رەگەز کۆریای باشوور) بیۆنگ -چول هان (لەدایکبووی 1959/ سیئۆل)، مامۆستای زانکۆی هونەرەکانە لە (بەرلین)، بە هۆی توێژینەوە و وتارە سەرنجڕاکێشەکانییەوە لە ماوەی (10) ساڵی رابردوودا بە یەکێک لە رەخنەگرە هەرە وردەکانی(سەرمایەداری دیجیتاڵ) دادەنرێت. لە كۆی رەخنەكانیدا جەخت لەسەر چەمكی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ و زستانی شارستانیەت و ژیانی ساتەوەختی پچڕ پچڕ و لاوازكردنی پەیوەندیی راستەقینە و چێژی هونەری و جوانی.. دەکاتەوە. بیۆنگ -چول هان لە رێگای کارکردنی لەسەربیری رۆمانتیکی ئەڵمانی و فەلسەفەی رۆژهەڵاتی، ئاماژە بەدەرفەتی جێگرەوە دەکات. هەرچەندە دەستنیشان کردنەکانی هەندێجار رەها دەردەکەون! بەڵام کارەکانی تێڕوانینی بەنرخ دەربارەی کۆمەڵگای ماندوو (پڕتوكاو) پێشکەش دەکات.
پرسیاركردنی ئه‌مڕۆ بۆ ژیان زیاد له‌ ئاستی خۆی مردووین، بۆمردنیش زیاد له‌ ئاستی خۆی زیندووین.. ناڕاستەوخۆ پرسیارێكە لەسەر چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ.. پرسیارێكە لەبارەی زستانی شارستانیەت و خۆشەویستی و جوانی و چێژی ئەدەبی و هونەری. ئەمڕۆی(کۆمەڵگای دەستکەوت) لەسەرخودی ئەرێنی کار دەکات، لەسەر دەنگی بەردەوامی ناوەوە، کە دەڵێت «تۆ دەتوانیت» لە جیاتی «تۆ دەبێت» ئەوەش ئازادییە دژ بە ئازادی، کە مرۆڤ زیاد لە پێویست ماندوو دەکات، نەک رزگار بکات. چونکە دەبێ تاکەکان لەسەر ژیان بەردەوام کێبڕکێ لەگەڵ خۆیاندا بکەن.
 دڵی جوانی شكاوه
ئاسمان دیار نییە، هەتا وەك (ئیمانۆیل كانت) باس لە ئه‌ستێره‌كانی بكەین. یاسای مۆڕاڵیش له‌سه‌ر كورسی له‌ناوەوەی منی ئاقڵدا دیار نییە. له‌ دەرەوە لە هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بە(گرتەی نزیك)دیمەنەكان رووناك دەكرێتەوە. ئیتر رۆحی هیگڵی و ئه‌قڵـی كانتی دژ به‌ كاره‌سات و به‌رانبه‌ر به‌ ده‌ره‌وه رۆڵیان تەواوبووە. (جوانیی سروشتی) لە ‌به‌رانبه‌ر گرتەی ژیانی لەناكاوی «تۆ دەتوانیت» به‌ دڵشكاوی ده‌رده‌كه‌وێت.
(تیۆدۆر ئادۆرنۆ) دووبارە ژیان بە بەر جوانی سروشتیدا دەكاتەوە و دەڵێت: نه‌فی شكاو، بەردەوام دروستكه‌ری جوانییه‌. بێ ئه‌ونه‌فی شكانه‌، جوانی لاواز ده‌بێت، بەڵام ئه‌و فۆرمه‌‌(ئادۆرنۆ)ییە بێ به‌ری نییه‌ له‌ نێودژی، چونكه‌ یه‌كێتی ئه‌و فۆرمه‌ له‌ لایه‌ن ئەوی دیكەی جوانییەوە تێكدەشكێت. بەو مانایەی بەردەوام دڵی جوانیی دەشكێت.
   ئەی جوانی، تۆ لە بەرزایی  
ئاسمانەكانەوە دێیتە خوارێ
یان لە قووڵایی خەرەندانەوە؟
سیمات هەم دۆزەخین و هەم یەزدانی
لە هەمان كاتدا، خێر و تاوان
 تێكدەچڕژێنی
بۆیە دەشێ بە شەرابت بچوێنین...
ئەی جوانی!
گاڵتەجاڕانە بەسەر لاشەی مردواندا
 گوزەر دەكەی
خشڵی سامناكییەكانت بێ ئەفسوون نین
ئەی شەمی شەوان،
 پەپوولە بەرەو تۆ دەفڕن
باڵەكانیان هەڵدەكڕووزێن و دەڵێن:
ستایشت لێ بێ ئەی چرا!

عاشقی سووتاو شۆڕبۆتەوە 
بە سەر مەعشووقدا
رۆحی لە ترپە ترپ دەكەوێ و
 نەوازش لەگەڵ گڵكۆ دەكا

(چەند كۆپلەیەك لە سرودی جوانی- 
گوڵی خراپە، شارل بۆدلێر، ئاراس، هەولێر، 2001. وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: ئەحمەدی مەلا).
لە (گوڵه‌كانی خراپه)‌ی بۆدلێردا له‌ سرودی (ئاوازی جوانی) جوانی كاره‌ساتێكه‌ كه‌ رێكخستنی ئه‌ستێره‌كان ده‌شێوێنێت. جوانی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌یه په‌پووله‌ خۆی لێ نزیك ده‌كاته‌وه‌ و باڵەكانیان گڕده‌گرێت. مه‌شخه‌ڵ و گۆڕ(لە زمانی فەڕەنسی) له‌گه‌ڵ یه‌كد اهاوسه‌روان، جوانی به ‌هەمان شێوه‌ی مه‌شخه‌ڵ له‌سه‌ر گۆڕیش هه‌ڵكۆڵراوه‌. نه‌فیبوونی كاره‌سات، چركه‌ساتی جوانییه‌. جوانی ،ئێمه‌ له‌ ترس ده‌پارێزێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ترس له‌ رێگای جوانییه‌وه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌. جوانی وێنه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌رده‌یه‌كی نمایشه‌. (بڕوانە جوانیناسی كارەسات، بیۆنگ- چول هان. له‌ فەڕه‌نسییه‌وه‌: فازڵ مه‌حموود، كردوویە بە كوردی. سایتی ژنەفتن، 19ی نیسان، 2021).
  بە گشتی جوانی لە ئەرێنیدایە، هۆکاری سەرەکیی چێژوەرگرتن لە ئەرێنیدایە،  لە  ئارەزووكردنی خواردن دایە، بەو مانایەش چەمكی ئەرێنی وەك بە بەشێکی دانەبڕاوی جوانی، مەعریفە دەگەیەنێت، وەك چۆن خەیاڵ و تێگەیشتن لە بەرهەمهێنانی مەعریفەدا بەشدارن. لەوێشەوە وەك یارییەكی ئازاد و جیاواز بەسەر جوانیدا دەكرێنەوە و رۆڵی خۆیان لە چاوەڕوانی جوانیدا وەك زانین و كردار دەگێڕن.. بە دیوەكەی دیكە رەنگە جوانی لەسەرخۆی مەعریفە بەرهەم نەهێنێت! بەڵام میکانیزمی جووڵەی مەعریفی دەپارێزێت. هەر بەو مانایەش خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، کاتێک خود رووبەڕووی جوانی دەبێتەوە، عاشقی خۆی دەبێت. كەواتە جوانی هەستێکی ئیرۆتیکییە، نەك هەستکردن بەشتەکان، هەستکردنە بە خۆی. چێژ لە جوانیدا چێژە لە خودی خۆیدا. چەمكی خود، وەک (ئیمانۆیل کانت) بیری لێکردۆتەوە، بەردەوام خۆی هەڵدەگرێت بۆ خۆی. هەرگیز خۆی لەدەست نادات، هەمیشە خۆی لە دەستێوەردانی دەرەکی دەپارێزێ و كار بۆ خۆبوونی ئۆتۆماتیکی دەكات. لێرەوە ئادۆرنۆ لە (جوانیناسی)یەکەیدا جەخت لەسەر توخمە ئۆتۆ-ئیرۆتیکەکە دەكاتەوە، بەو مانایەی كە هیچ شتێک نەتوانێ ببێتە هۆی رووشاندنی. بەڵام ئایا چێژ لەجوانیدا، چێژی خودە لە خۆیدا؟ جوانی دەستبەجێ دڵخۆشمان دەكات، بەڵام هەستیاری دەستبەجێ نابێتە هۆی هەستکردن بەدڵخۆشی، چونكە دەكەوێتە دەرەوەی خەیاڵ و مەعریفەوە بۆ نموونە: هەستكردن بە ئازار یان ناڕەحەتی، ترس لە مردن. سروشت لە بێدەنگی خۆیدا بەشێكی گەورەی جوانی هەڵگرتووە، كە ئامانجی ئەوە نییە لە رێگای دەنگدانەوەی «واو چەند جوانە»بەرجەستەی بكەیت. لەو حاڵەتەدا «واو چەند جوانە» جۆرێکە لەسووکایەتیکردن بەو بێدەنگییەی بەسەر دیمەنەکەدا زاڵە، كورتكردنەوەی تێگەیشتنی جوانییە بۆ تەنیا وشە-دەنگ...سروشت لە بێدەنگی خۆیدا جوانی دەنوێنێ و بە تەواوی خۆی لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەخاتەوە. هەمیشە جوانی سروشتیی بە داخراوی دەمێنێتەوە! جوانی سروشتی خۆی لەهەر هەوڵێکی پێناسەکردن دەدزێتەوە. پەیوەندییەکی جەوهەریی لەگەڵ مۆسیقادا هەیە.
ئەوەی لە سروشتدا دەدرەوشێتەوە لەو ساتەدا نامێنێت کە هەوڵی گرتنی دەدەیت! بەو مانایەش جوانی سروشتی بەپێچەوانەی (جوانی دیجیتاڵی)یەوە  وەستاوە. جوانی دیجیتاڵی بەتەواوی نەرێنی ئەوی دیكە لەناو دەبات. جوانییەکی تەواو نەرمە، جوانی دیجیتاڵی فەزایەکی نەرم بۆ رۆح پێکدەهێنێت، کە رێگا نادات هیچ شتێکی نامۆ، یان سەر بە ئەوی دیكە بێتە ژوورەوە... بەهۆی دیجیتاڵکردنی کۆی ئەو شتانەی هەن، مرۆڤ تەنها لەگەڵ خۆیدا کۆدەبێتەوە.
جوانی سروشتی خۆی لە پێناسەكردن و بەکاربردن دوور دەخاتەوە، بەڵام جوانی دیجیتاڵی جیهان بۆ تۆڕێکی فرەچەشنی یەکگرتووی کۆنترۆڵكراو دەگۆڕێ و لەناو فەزای رووت و نەرم و ئەرێنی بینراوی سەرسوڕماودا، درێژ دەبێتەوە. كەواتە جوانی سروشتی كراوەیە و جوانی دیجیتاڵی كۆنترۆڵكراو... پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا جوانی شاراوەیە، یان رووت؟
شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە، بۆیە ناتوانرێت بەرگەکەی لێ بکرێتەوە، یان پەردەی لەسەر لابدرێت. بە زەحمەت دەرخستنی جوانی، بەشێکە لە سروشتی جوانی خۆی، ناشێ رووتی بكەینەوە و سەرپۆشەكەی لەبەر داماڵین، جوانی لە شاردنەوەی خۆیدا جوانە و لە بنەڕەتدا جوانی تەمومژاوییە. جوانبوون بەتەواوەتی واتە شاردنەوە.. لێرەوەیە (ڤاڵتەر بنیامین) رەخنەی هونەری بە تیۆری شاردنەوە ناودەبات. واتە ئەرکی رەخنەی هونەری، پەردە لادان لە بەرهەمی هونەری نییە، بەڵكو ئەوەیە، وردتر هونەر لە پشت پەردەكەی خۆیەوە بناسێتەوە، ئەوەیە کە دوور لە هاوسۆزی درۆ و دیدگای بێ هەڵوێست، جوانی ببینێ! وەک نهێنی وردتر چاودێری دەرکەوتنی دیدگای راستەقینەی جوانی بكات.. چونكە بەرهەمی هونەری راستەقینە جگە لەو شوێنە نەبێت کە بە نهێنی خۆی تێدا دەنوێنێ، ئەگینا لە هیچ شوێنێكی دیكە خۆبەدەستەوە نادات. كەواتە رەخنەی هونەری لە كۆی پەیوەندییەكانی لە كار بە شوێنەوە، یان بە كەلتورەوە دەكۆڵێتەوە. 
جوانی بابەتێکە هەمیشە درەنگ دێتە پێشەوە. كەواتە شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە. چونكە جوانییەکان بە هیچ شێوەیەکی تر جیا ناکرێنەوە. وەك ئەوەی بینینی جوانی نهێنی بیت، هەمیشە ناسینی جوانی لە دۆخی شاراوەی خۆیدایە. بەو مانایەش پەردە گرنگترە لەو بابەتەی كە شاراوەتەوە. پەردە خەیاڵی دەقیش دەوروژێنێت. دەستەواژەی وزەی ئیرۆتیکا و چێژی ئیرۆتیکیی دەق جیاوازە، لە چێژی رووتی جەستەیی کە لە پەردەلادانی وردە وردەدا دەردەكەوێت، یان راستەوخۆ دەردەكەوێت. وزەی ئیرۆتیکی جۆرێکە لە دیاردەی پەیوەست بە شاردنەوە، كە پۆڕنۆگرافی راستەوخۆ لەناوی دەبات. وزەی ئیرۆتیکی لە وەسوەسەوە بۆ خۆشەویستی، پاشان بۆ ئارەزوو، دەستبازی، پاشان سێکسییەت هەنگاو دەنێت. پۆڕنۆگرافیا نوێنەرایەتی کۆتایی رەهای رووتی دەکات.

 

جوانی سروشتی بە پێچەوانەی (جوانی دیجیتاڵی)یەوە وەستاوە، جوانی دیجیتاڵی بەتەواوی نەرێنیی ئەوی دیكە لەناو دەبات. جوانییەکی تەواو نەرمە، جوانی دیجیتاڵی فەزایەکی نەرم بۆ رۆح پێکدەهێنێت، کە رێگانادات هیچ شتێکی نامۆ، یان سەر بە ئەوی دیكە بێتە ژوورەوە... بەهۆی دیجیتاڵکردنی کۆی ئەو شتانەی کە هەن، مرۆڤ تەنها لەگەڵ خۆیدا کۆدەبێتەوە

بە بڕوای (رۆڵان بارت) لە ئیرۆتیكادا پەردە بەشێکی سەرەکی لە ورووژاندنی سێكسیی پێكدەهێنێ. واتە سێکسیترین بەش لەجەستەدا ئەو شوێنەیە کە لە كەلێن- شەق- كرانەوەی جل و بەرگدا دەردەكەوێت. كۆی ورووژاندنی سێكسی لە ئیرۆتیكدا لە خەونێکی هەرزەکارانە دەچێت، ئەو پەیوەندیی و سۆزدارییەیە کە خۆشەویستی پێشکەشی دەکات، وەسوەسەی زانین... ئارەزووییەكە بەبێ بوونی واقیعێکی راستەقینە لە خەیاڵدا گەمە دەكات، وزەی ئیرۆتیكی سیحرێكە لە پشت پەردەکانەوە بۆ ئەو خەیاڵە راتدەكێشێ.
ئیمانۆیل کانت، لە لێدوانێکدا لەسەر شیعری (هۆڵدەرلین)دەنووسێت: سروشت لە رێگای فۆرمە جوانەکانییەوە قسە دەکات و ئەو دیارییەی پێبەخشیوین، کە نووسینی نهێنی لەناوهەستی ئەخلاقیماندا شیبکەینەوە. لێرەدا كانت فۆرمی جوانی بە نهێنی و نهێنی بە هەستی ئەخلاقییەوە دەبەستێتەوە.. ئەومەبەستە پێویستی بە هێزێکی خەیاڵی هەیە، توانای خەیاڵکردنی ئەو بیرۆکە ئەخلاقیانەی هەبێت، کە لە رەوتی پرۆسەی پەروەردەی پێشکەوتوودا بەدەستیان هێناوە. بەپێی ئەو کارەکتەرە ئایدیاڵەی کە جوانی لەخۆی دەگرێت، کانت باس لە جوانی وەک ئەخلاق و باس لە ئەخلاق وەک جوانیناسی دەکات. بەو مانایە جوانی پەیوەندی بە یاساکانی پەیوەست بەجۆرە هونەرییەکانەوە هەیە.
جوانی ئیرۆتیكی پەیوەستە بە هێزی خەیاڵ و سۆز و ئارەزووی سەرسوڕهێنەر و خۆشەویستی و شۆکەوە، بەڵام جوانی پۆڕنۆگرافی سەر بە فۆڕمی راکێشان و لایكە، هیچ شۆكێكی تێدا نییە. یەكەمیان دوور بە دوور بێ ئەندازە حەزی بینین دەورووژێنێ، حەزی بینین قووڵ دەكاتەوە، رامان و چڕبوونەوەی تێیدایە، وێنەكە دوورە تا جارێکی دی بیری لێبکەمەوە، سەرەڕای روونییەکەی تا ماوەیەک خۆی ئاشکرا ناکات. یان بە مانایەكی دیكە تا نەتخاتە حاڵەتی ئارەزووكردن، تا شۆكت نەكات، خۆی ئاشكرا ناكات.
بەڵام پۆڕنۆگرافیا وێنەیەكی فۆتۆگرافی نزیك و پۆلێشراو و شەفافە، هیچ درزێک و ناڕوونییەکی تێدا نییە، هەموو شتەكان بەرەو دەرەوە دەگۆڕێت و نمایشی دەکات، هیچ بڕە تایبەتمەندی و شاردنەوە و نهێنییەك لەخۆ ناگرێت، بە تەواوی تایبەتە بە نمایشکردنی تەنها یەک شت: سێکس! هیچ بابەتێکی چاوەڕواننەکراوی دیكەی نییە، کە بێتە سەر ئەوەی شتێک دوابخات ،یان سەرقاڵ بکات.. بەو مانایە پۆڕنۆگرافیا- رووتی راستەوخۆ و قێزەونە، هیچ شتێکی مانادار و شاراوە ناپارێزێت،  بەڵكو لەبری ئەوە ماناكان رادەست دەکات، بۆ ئەوەی كات بە فیڕۆ نەدات و لە نزیكەوە و لە هەموو رووییەكەوە نمایشی خۆی بکات.
كەواتە ئیرۆتیک جیاوازە لە پۆرنۆگرافی، چونکە یەکەمیان پەنا بۆ دەربڕینی ناڕاستەوخۆ و بازنەیی هەست و رامان و ئارەزو ودەبات. پۆرنۆگرافی دەستبەجێ ییە، هیچ چڕییەکی سیمیۆلۆژیی تێدا نییە، خاوەنی هیچ شتێک نییە، کە بتوانرێت بکرێتە ئامانج، بەڵكو بابەتێکە بۆ (لایك- واتە من حەزم لێیە). دواخستن و خاوبوونەوە و سەرلێشێواوی ئامرازی کاتیی ئیرۆتیکن.بەکارهێنانی روون و فریودەرانە، سێكس و ئاماژەکردنی راستەوخۆ بە بابەتەکە، پێکهاتەی پۆرنۆگرافیایە.. 

رزگاكردنی جوانی
(بیۆنگ -چول هان) لە هەڤپەیڤینێكدا بە ناوی(تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆرۆنا)، كە(هاوڕێ خالید) بۆ كوردیی وەریگێڕاوە، دەڵێت: «نەمانی نەریت و ریتواڵەکان، دەلالەت لە نەمانی کۆمەڵگا دەكەن، (شۆڕشی پەیوەندییەكان) کە تەقینەوەی دیجیتاڵی لێكەوتۆتەوە، گوایە پەیوەندییەكان بەیەکەوە تۆخ دەكاتەوە، بەڵام لەیەکتری نزیک نەکردوونەتەوە، بەڵكو نەك هەر رەهەندی کۆمەڵایەتیی فەرامۆشكردووە، بەڵكو پەیوەندیی نێوان ئەستێرەکانیشی لا بردووە و ئیگۆی کردووە بە ناوەند و سێنتەری بەرژەوەندییەکانی خۆی..»
بۆیە سەرەڕای شۆڕشی پەیوەندییەكانی دنیای دیجیتاڵی، كەچی هەستکردنمان بە تەنیایی و گۆشەگیری زیاتر گەشەیكردووە.. راستە هەموو جارێک بانگهێشت دەکرێین بۆ دەربڕینی بۆچوون و پێداویستی و ویست و هەڵبژاردن و تەنانەت باسکردنی ژیانی تاکەکەسیمان(بەڵام تەنها بە لایك)، (تەنها بە لایك) دووبارە ناساندنەوە و نوێنەرایەتی و نمایشی خۆمان دەکەین، (من، خۆمم) راهێنان بە خۆشەویستی و پەرستن دەکەین.(بیۆنگ -چول هان) لە رەخنەگرتنی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵ زیاتر دەڕوات و تاوتوێی ئەوە دەکات، چۆن بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەزموونی ئێمە لە کات، خۆشەویستی و هونەر... بۆ لایك دەگۆڕێت!

 

جوانی لە جەوهەری خۆیدا بەهای خۆی بەدەست دەهێنێت، بۆیە ناکڕدرێت و بە تەواوی لەبەرژەوەندییەكان دوورخراوەتەوە. لێرەوەیە دەڵێن: هونەر لەگەڵ سەرمایەداریدا ناگونجێت! سەرمایەداریی هەموو شتێک دەخاتە بەردەم بەکاربردن و دابینکردن و داواکارییەوە

لەوەش سەرنجڕاکێشتر دۆخی ئێستامان بە زستانی شارستانیەت ناو دەبات.. لە تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵیدا شته‌كان به‌ره‌به‌ره‌ گرنگییان نامێنێت. شته‌كان خۆیان خستووه‌ته‌ ژێر ركێفی زانیارییه‌كان. هەر تەنها پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو كۆتایی نابنەوە، هەر تەنها ژیانی پچڕ پچڕ نەكردووە، هەر تەنها لاوازكردنی پەیوەندیی راستەقینە و چێژی هونەری و جوانی لێنەكەتۆتەوە..بەڵكو به‌ واتای كۆتایی هاتنی مرۆڤی سیاسیش دێت، كاتیگۆریكاتیش له‌ سیاسه‌تدا له‌ ناو ده‌بات. هەر تەنها بانگەشەی شەفافییەتی پۆڕنۆیی ناكات، بەڵكو بانگه‌شه‌ی شه‌فافییه‌ت له‌ نووسینشدا بە ئەركی خۆی دەزانێت، بەو مانایەش ده‌بێته ‌هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چۆنێتی و جیدییەتی نووسین. ئه‌گه‌رچی نووسینه‌كه‌ی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی تایبه‌تی بێت، یان پێكه‌وه‌یی شه‌فاف بێت، بەڵام ته‌نیا كه‌ڵه‌کەكردنی پیته ‌و هیچی تر. ئیتر تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی عه‌وامگه‌رییەكی بەرفرەوانی لە زۆربەی بوارەكاندا لەگەڵ خۆی هێناوەتە ناوەوە.
تۆڕی دیجیتاڵی لە جیهاندا کار بۆ گۆڕینی جوانی بۆ بابەتی ئەرێنی چێژ دەکات، وەك چۆن جەستەی بە هەستەوەری دیجیتاڵی تەیار كردووە و هەموو زانیارییە پەیوەندییدارەکان بە جەستە تۆمار دەکات. بە هەمان شێوە پێوانەکردنی چەندایەتی جەستەش دەکاتە شاشەی چاودێریی و کۆنترۆڵكردن، هەروەها كۆی ئەو زانیارییانەش لە ئینتەرنێتدا کۆدەکرێنەوە و بۆ ئاڵوگۆڕکردن بەردەست دەخرێن! بە دیوەكەی دیكەدا رەوتی زانیاری جەستە بۆ کۆمەڵێک داتا دەشێوێنن، بە جۆرێک کە دەبێتە کۆمەڵێک داتای چاودێریكردن. لە هەمان کاتدا جەستە بۆ شتگەلێکی بەشەکی هەڵدەوەشێتەوە، کە لە ئەندامە سێکسییەکان دەچن. بەمجۆرە بابەتی رووتیی چیتر وەک دیمەنی گێڕانەوەی خەیاڵ، چیتر وەك تێڕامان و هونەری ئیرۆتیكی کار ناکات، بەڵكو دەبێتە پۆڕنۆگرافیا، دەبێتە داتای زیادکراو یان كۆمەڵێ بابەتی بەشەکی.
خەیاڵ وەك بنەمای داهێنان چەندان زانیاری هەستیاری لە رێگای -حدس- ەوە بە دەستدەهێنێ، بە دیوەكەی دیكەدا لەسەر ئاستی هونەر توانا مەعریفیەکانی خەیاڵ پراكتیزەی تێگەیشتن و راڤەكردن و بەجێهێنان دەكەن، لە یارییەكی ئازادا وەک کرانەوە دێنە گۆڕەپانەوە و جوانیش وەك بەرهەمی ئەو پراكتیزەكردنە چێژدەخاتەوە. کەواتە چێژ لە ئەنجامی هاوئاهەنگیی توانا مەعریفیەکان و بەجێهێنانەوە دێتە ئاراوە، یان لە هاوئاهەنگی رێکخستنی هێزەکانی مەعریفەدایە. بەو مانایەش جوانی هەستکردن بە شتەکان نییە، بەڵكو هەستکردنە بە خۆی. 
كاتێ خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، پەنا دەباتە ناوەوەی خەیاڵە زیندووەكانی خۆی، بەڕاستی مرۆڤ دەبێ مێشکی خۆی لە هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەك ئازاد بکات. بیرۆکەی بێکۆتایی لە عەقڵی مرۆڤدایە، بەڵام خود لە ناوەوەی خۆی دوور ناکەوێتەوە، نە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی جوانی، نە کاتێک مرۆڤ رووبەڕووی بابەتێكی زاڵ دەبێتەوە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، خود جەخت لە ناوەوەی خۆیدەكاتەوە. 
دواجار ئیرۆتیكا، جوانی سرووشتی، خەیاڵی داهێنان... تێڕامان و چڕبوونەوەی ناوەوەیە، هەمیشە لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەكەوێتەوە!
 گومان و دواخستن، شاردنەوە و هەڵەكردن هەموویان ستراتیژی فەزایی جوانی و کاتی جوانیین. جوانی پێش دەرکەوتنی دوودڵی پێوەدیارە، بۆیە بەردەوام پرشنگی نهێنییەکانی لە بەرکەوتنی راستەوخۆ دەپارێزێت. بەڵام پۆرنۆگرافیا هیچ بڕە گومانێکی لە دەركەوتندا نییە، لەگەڵ دەركەوتندا مافی بەدەستهێنان لەدەست دەدات و بۆ جۆرێک لەفۆتۆگرافی ورووژێنەر دەگۆڕێت.
  بە بڕوای (تیۆدۆر ئادۆرنۆ) جەوهەری جوانی لە دەوری نەریتی سەرلێشێواوییەوە نییە، بەڵكو بریتییە لە فۆرمێک خۆی لە بێفۆرمییەوە هەڵدەگرێتەوە. وێنەی جوانی وەک شتێکی ناوازە و جیاواز لە ئازادی، لە ترس، لە کۆی باڵادەستی و هێزی سرووشتییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام دەرکەوتنی جوانی بەتەواوی سەرلێشێواوی رەتناکاتەوە، وەك چۆن شێوە رواڵەتی دەرەوەی جوانیش، ناسک و مەترسیدارە، پەیوەندی نێوان جوانی و ترسناکیی مەرج نییە دژ بەیەک بن. واتە مەرج نییە جوانی بە تەواوی لە پاراستنی خۆیدا سەرکەوتوو بێت، بەڵام هەرگیز ترسناکیی بە سادەیی رەتناکاتەوە. مەبەست لە (ترسناکی)ی ئەوەیە،  دەشێ جوانی بكەوێتە نێوان کارەسات و تاریکی و ناشیرینی و نادیاری و دەستێوەردانی ئەوانی دیكە و گۆشەگیریی سوبێكتەوە.
 دەتوانم بڵێم، جوانی بریتییە لە گۆڕینی روویبینراو(رووخسار) بۆ ئاسۆی بێکۆتایی نەبینراو (جەوهەر)، كەواتە هەمیشە رووخساری جوانی لە شۆكی گومان و دڵنیایی، ناسک و مەترسیدار، دیار و نادیار، ئەرێنی و نەرێنییدا. دەردەكەوێت. بەڵام ئەوە جەوهەری رووخسارە کە جوانی دادەمەزرێنێت. جەوهەری جوانی لە هەموو شتێکدا دەتوێتەوە، کە نەرم و نیان بێت. كەواتە جوانیناسیی بە فۆرمولەی دژبەیەکەوە فۆرمی جوانی باس دەکات. ئەو جۆرە لە بیركردنەوە، وەك لە كتێبی (رزگاركردنی جوانی، وەرگێڕانی بۆ عەرەبی، بەدرەدین مستەفا، چاپی یەکەم: 2020)دا هاتووە، بەرەو نهێنییەكانی ئیرۆتیكا دەچێ و دژ بە پۆڕنۆگرافیایە!
 بەمجۆرە مەودایەکی جوانکاری هەیە، کە وامان لێدەکات بتوانینقەدری جەوهەر جوانی بزانین. قەدرگرتنی جوانی لەبەکارهێنانی جەوهەرەکەیدا نییە، بەڵكو لە تێڕامانی رووخساری جوانیدایە، بەڵام ئەو ستایشكردنە لەو شوێنانەنائادەیە کە مەودای تێڕامان لەنێوان سوبێكت و ئۆبێكتدا بە پێوانەی ئەندازەیی شۆڕشی پەیوەندییەكان دەپورێت، لەوشوێنانەی كە نەتوانین لە جوانی رابمێنین.
 جەوهەری جوانی ئازادییە
زیادەڕەویی لە بەدیهێنانی جەوهەری جوانی، لەسنووردارکردنی خودی ژیاندایە. مردن،  ژیان بۆ شتێکی مردوو دەگۆڕێ، ژیان پەرت دەبێت و دەڕژێت. نێگەتیڤی هێزی بزوێنەری ژیان خۆی دەشارێتەوە و جەوهەری جوانی پێکدەهێنێت. بەهۆی ئەو جەوهەرە عەقڵانییەوەی کە هێزی بزوێنەری ژیان لەخۆدەگرێت، ئایدیالی جوانی خۆی لە هەر جۆرە بەکاربردنێکی راستەوخۆ بەدوور دەگرێت! بەڵام لاوازی و ناسکی و شکاوی هەر هەموویان سیفەتی سرووشتیی جوانیین. بە پشتبەستن بەو مانایە، جوانی بە هەموو توانا و هێزی خۆیەوە قەرزاری وەسوەسەیە، وەسوەسەی جوانی دژە ژەهرێکی چارەسەری وەهایە، ژیاندەگرێت، هەر لەبەرئەوەشە هەمیشە ژیان دەیخواتەوە. بەمجۆرە ئەگەر زەوی لە پێناو ژیاندا فەتح بکرێت، ژیان ناتەواو دەبێت.
 كەواتە بابەتی جوان بابەتێکە لەبەردەم شتێکدا وەستاوە، کە تیایدا هەر جۆرە وابەستەیییەک، یان زۆرەملییەك، قبووڵ ناكات. جوانی بە تەواوی ئازادە لە هەر زاڵبوونێک لە دەرەوەی خۆیدا كە بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆی کاردەکات. جوانی هەرگیز دیلی ئەرک و ناچاریی و مەبەستێك نییە، هەرگیز سوبێكت هەوڵی بەدەستهێنانی جوانی بۆ گەیشتن بە نیازەكانی نادات، بەڵكو سەربەخۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. سوبێكت وەک ئامانجی جوانی لە خۆیدا مامەڵە لەگەڵ جوانیدا دەکات. بەرژەوەندیی تەواو لە ئامانج جیا دەبێتەوە و دەبێتە هەڵوێستی جیاکەرەوەی جوانی بەرانبەر بە جوانەکان. كەواتە لە دەرەوەی بەرژەوەندییەكانەوە تەنها جوانی فێری ئازادیمان دەکات. جوانی بۆ خۆی ئامانجە، ئامانجەکانی جوانی لە جەوهەری جوانیدا پەنهانە. جوانی لە جەوهەری خۆیدا بەهای خۆی بەدەست دەهێنێت، بۆیە ناکڕدرێت و بە تەواوی لەبەرژەوەندییەكان دوورخراوەتەوە. 
لێرەوەیە دەڵێن: هونەر لەگەڵ سەرمایەداریدا ناگونجێت! سەرمایەداری هەموو شتێک دەخاتە بەردەم بەکاربردن و دابینکردن و داواکارییەوە.
ئیتر دوای رووبەڕووبوونەوەی جوانی و ئازادی و سازش، ئارەزوو و پابەندبوون نامێنێت و ئەگەری پەیوەندییەکی ئازاد لەگەڵ جیهان و لەگەڵ جوانیدا دێتە ئاراوە. لەبەرانبەر جوانیدا، سوبێكت لەبری ئەوەی لە پێشەوەی پەیوەندییەكان بوەستێت، هەنگاوێکی لاوەکی دەگرێتەبەر و دەبێتە کارەکتەرێک لە پەراوێزدا.. سوبێكت هەنگاو دەنێیت بۆدواوە بۆ بەرژەوەندی ئەوی دیكەی جیاواز. بێ كۆتاییبوونی جوانی لە بوونی ئەبەدیی ئەوی دیكەوەیە، بەمجۆرە ئەبەدیەتی جوانی دەست پێدەکات، ئەبەدیەتی جوانی ئەوەی وەک رووناکییەک لە جەوهەردا دەدرەوشێتەوە، کە بەناو ئەوی دیكەدا بڵاودەبێتەوە، دواجاریش وەك دەردەکەوێت ئەرکی هونەر لە ئازادکردنی ئەوی دیكەدایە، هەربۆیە رزگارکردنی جوانی رزگارکردنی ئەوی دیكەی جیاوازە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان