یادگار ساڵح
شاری سلێمانی بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق، پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بۆ وەرزشی یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەتی لەخۆگرت، ئەم پاڵەوانێتییەش بوو بە پرۆڤەیەکی باش بۆ رێكخستنی پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی گەورەتر.
رۆژانی 23 تا 28ی ئەم مانگە لەهۆڵی نێودەوڵەتی پارائۆڵۆمپی یانەی رۆژ -ی تایبەت بەوەرزشی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ یاریی گۆڵ بۆڵ رێكخرا، ئەم یارییە تایبەتە بە یاریزانانی نابینا، شەش یانە و دوو هەڵبژاردە تێیدا بەشداربوون.
چەند ناوبژیوانێكی نێودەوڵەتیی یارییەكانیان بەرێوەبرد و ئەم تیپانەش بەشداربوون: یانەكانی (رۆژ-سلێمانی، ئامەد-باکووری كوردستان، سنە-خۆرهەڵاتی كوردستان، عەجمان-ئیمارات، وسام مەجد-بەغدا، بەسرا)، لەگەڵ ئەم تیپانە، هەڵبژاردەكانی (ئێران و سوڵتان نشینی عومان) یش بەشدارییانکرد.
سەبارەت بە پاڵەوانێتییەكە، فرسەت شاڵی جێگری سەرۆكی لیژنەی پارائۆڵۆمپی عیراق، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هاوكاری و پاڵپشتی رێكخستنی پاڵەوانێتییەكە کراوە و بەچاودێری بەرێزیان بەرێوچوو.
هەروەها وتی: ئەم پاڵەوانێتییە وەك تاقیكردنەوە و پرۆڤەیەک بوو بۆ ئەوەی لەداهاتوویەكی نزیكدا پاڵەوانێتییەكی گەورەتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رێكبخەین، كە پاڵەوانێتیی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكاریمان دەستپێكردووە و لەوەش دڵنیاین لەم تاقیکردنەوەیەماندا سەركەوتوو بووین.
یاریی گۆڵ بۆڵ تایبەتە بەیاریزانانی نابینا، یارییەكی پارائۆڵۆمپییە، هەر تیپێك لە 6 یاریزان پێكدێت، پێكهاتەی سەرەكی 3 یاریزان دەبێت و سێ یاریزانیش یەدەک دەبن.
بۆ بەڕێوەبردنی هەر یارییەك، 11 ناوبژیوان هەیە، یارییەكە لەدوو گێم پێكدێت، كە هەر گێمێك لە 10 دەقیقە یان 12 دەقیقە پێكدێت، یاریگای یارییەكەش پانیی 9 مەتر و درێژیی 18 مەترە.