رە‌نگه‌ شۆك دروست بكات

11:41 - 2025-04-29
وەرزش
26 جار خوێندراوەتەوە

کیڤن دی برۆین-ی ئەستێرەی تۆپی پێی بەلجیکا و یانەی مانچستەر سیتی، بڕیاریدا هاوینی داهاتوو یانەکەی به‌جێ بهێڵێت، ئەم یاریزانە، ئەم وەرزە، رۆیشتنی لە یانەکەی یەکلا بۆتەوە، جگە لەوەش گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی، مانگی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت.
لەگەڵ ئەمانەدا، دی برۆین رایگەیاند، بۆ گوێگرتن لە سەرجەم ئەو ئۆفەرانەی لە یانەکانی تری پریمەرلیگەوە پێی دەگات، ئامادەیە، چونكه‌ ئه‌وه‌ دەتوانێت دەرگا بکاتەوە بۆ گواستنەوەیەکی شۆک هێنه‌ر و بۆ یانەیەکی دیکەی خوله‌كه‌.
ئەم یاریزانە، لە لێدوانێکیدا بۆ ڤیاپلای فۆتبۆڵ ده‌ڵێت:  هەمیشە تەحەددا هەیە، نازاشنم وەرزی داهاتوو چی ڕوودەدات، به‌ڵام ئەگەر یانەیەک پڕۆژەیەکی وەرزشیی باشی هەبێت، ئەوا لەبەرچاوی دەگرم، چونکە هێشتا دەتوانم لە بەرزترین ئاستدا یاریی بکەم.
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ژیانی وەرزشیی لە ئینگلتەرا کۆتایی هاتووە، دی برۆین وتی؛ راستگۆیانە بڵێم، ئەوە نازانم ژیانیی وەرزشیم لێرە کۆتایی هاتووە یان نا، ماوەیەکی زۆر نییه‌ بڕیاری رۆشتنم داوه‌، بۆیه‌ نازانم.
لە کۆتاییدا ناوبراو وتی: لە یەک هەفتەدا هیچ شتێک یەکلایی نابێتەوە، لەوەتەی بڕیارەکەم داوە، خێزانەکەمم نەبینیوە، دەبێت قسەیان لەگەڵ بکەم، دواتر بزانم کام تیپ منی دەوێت، بۆیە ئێستا هیچ بیرۆکەیەکم نییە.
شایەنی باسە، ده‌وترێت دی برۆین پەیوەندیی بە یانەی ئینتەر میامی ئەمریکییەوە كردووه‌ و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەیەوێت لەگەڵ خێزانەکەی لە فلۆریدا جێگیر بێت.
دیبرۆینی تەمەن 33 ساڵ، یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی پریمەرلیگ، لە 415 یاریدا لەو خولەدا، 107 گۆڵی کردووە، 177 ئەسیست -یشی هەیە، لەو کاتەوەی پەیوەندی بە یانەی مان سیتییوە کردووە (ساڵی 2015)، 18 نازناوی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە.
هەوراز کاوە

#وەرزش

بابەتە پەیوەندیدارەکان