سەرۆك وەزیرانی عیراق و پارێزگاری كەركوك كۆبوونەوە و قسەیان لەسەر بارودۆخی ئەمنی، ئابووری و خزمەتگوزارییەكان كرد.
دوێنێ، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك سەردانی بەغدای كرد و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە پێشوازی لێكرا و لەسەر چەند پرسێكی گرنگ و تایبەت بە كەركوك، گفتوگۆیان كرد.
سەبارەت بە سەردان و كۆبوونەوەكە، پارێزگاری كەركوك، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردستانی نوێ-ی، راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، پرسی خزمەتگوزاری و پڕۆژەكانی گەشەپێدانم لە پارێزگای كەركوك و تەواوی قەزا و ناحیەكانی خستەڕوو، وتیشی: سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بە پلانی حكومەتەكەی كرد كە دەیەوێت ژمارەیەك پرۆژە لە پارێزگای كەركوكیش جێبەجێبكات.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لە كۆبوونەوەكەدا، جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەكان كردووەتەوە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان و پەرەپێدانی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و بوژاندنەوەی ئابووری لە پارێزگای كەركوكدا.
هێمن ئەحمەد