ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
لەم سەردەمی جەنگی بازرگانییەدا، كە بازاڕی جیهانی بە تەواوی شێواوە و گۆڕانكاریی جیۆپۆلەتیكی بەڕێوەیە، ئێران و روسیا بە نیازن هاوكاریی ستراتیژی نێوانیان بەهێزتر بكەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیشیان پەرەپێبدەن، بە جۆرێك ئێران بە نیازە ساڵانە 55 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لە روسیا بكڕێت و روسیاش وێستگەیەكی ئەتۆمی لە ئێران دابمەزرێنێت، ئەم سەودایە بە رادیەك گەورەیە كە نەخشەی هاوپەیمانییەكانی بواری وزە لە جیهاندا دەگۆڕێت، ئەمەش پێچەوانەی خواستی ئەمریكایە كە سزای ئابووریی زۆر و زەوەندی بەسەر هەریەكە لە روسیا و ئێراندا سەپاندووە و لەولاشەوە جەنگی گومرگ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ چین و وڵاتانی جیهاندا بەرپاكردووە و زۆربەی هاوبەشە بازرگانییەكانی لەخۆی كردووە بە دوژمن.
زۆر وردەكاری هێشتا ئاشكرا نەكراوە
روسیا و ئێران بەم رێكەوتنە ستراتیژییە بە نیازن كۆت و بەندی گۆشەگیریی سیاسی و ئابووری سەپێنراوی ئەمریكا بشكێنن و سەردەمێكی نوێ لە هاوكاریی نێوانیان دەستپێبكەن، كە بە قازانجی هەردوولا تەواو دەبێت بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان لە بواری وزە و داهات و هەنگاونان بەرەو گەشەی ئابووریدا، پاڵنەری هاوبەشیش بۆ هەردووكیان بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئابووریی و سیاسی ئەمریكایە.
لە مانگی كانونی دووەمی رابردوودا هەردوو وڵات رێكەوتنێكی ستراتیژییان ئیمزاكرد، كە تایبەت بوو بە هاوكاریی نێوانیان لە بوارەكانی وزە و تەكنەلۆژیا و پیشەسازیدا، لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی هەینی رابردوو موحسن پاكنەژاد وەزیری نەوتی ئێران و سێرگی تسیفیلێڤ-ی وەزیری نەوتی روسیا، لە مۆسكۆ كۆبوونەوە و لەبارەی هەناردەكردنی غازی روسیا بۆ ئێران و دروستكردنی وێستگەیەكی ئەتۆمی لەلایەن روسیاوە لە ئێران گفتوگۆیان كرد و قسە لەسەر چەندین پرۆژەی دیكەش كرا، كە پەیوەندییان بە پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی ئێرانەوە هەیە، لەوانەش رێكەوتنێكی تایبەت بە پەرەپێدانی حەوت كێڵگەی نەوتی ئێران بە بڕی چوار ملیار دۆلار و زۆر وردەكاریی دیكەش، كە هێشتا ئاشكرایان نەكردووە.
سەنتەرێك بۆ دابەشكردنی غاز
رێكەوتنەكە، كاراكردنی یاداشتێكی لێكگەیشتنی نێوان كۆمپانیای گازپرۆمی روسی و كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێرانیش دەگرێتەوە، كە ساڵی رابردوو ئیمزاكراوە و تایبەتە بە هەناردەكردنی غازی روسیا بۆ ئێران.
ئێران غازی زۆرە و دووەم گەورەترین وڵاتە لە رووی یەدەگی غازی سروشتییەوە، بەڵام توانای دەرهێنان و بەكارهێنانی وەك پێویست نییە، لەبەرئەوە بە ناچاری دەبێ غاز بكڕێت، ئێستاش ئەگەر ئەم رێكەوتنە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێران نەك هەر بەشی بەكارهێنانی ناوخۆ غازی دەبێت، بەڵكو بیر لەوەش دەكاتەوە، كە سەنتەرێكی ئیقلیمی بۆ دابەشكردنی غاز دابمەزرێنێت و رەنگە قەتەر و توركمانستانیش بەشداریی بكەن. چونكە ئەو 55 ملیار مەتر سێجا غازەی روسیا بە نیازە هەناردەی بكات بۆ ئێران، یەكسانە بە هەمان بڕی غاز كە جاران لە هێڵی (نۆردستریم1)ەوە دەینارد بۆ ئەوروپا.
سەرچاوە: سكای نیوز