لە یەكی ئایاردا

كرێكاران داوای سەلامەتی شوێنی كار و دەستەبەركردنی مافەكانیان دەكەن

11:23 - 2025-04-30
دووتوێ
11 جار خوێندراوەتەوە
بەهۆكاری جیاواز، هەرێمی كوردستان نەبووەتە خاوەن یاسایەكی تایبەت بە كرێكاران

 ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر

ساڵانە، لە یەكی ئایار بەبۆنەی جەژنی كرێكاران چەندین چالاكی و رێوڕەسمی تایبەت بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت، ئەویش لەپێناو رێگەگرتن لە پێشێڵکردنی مافی كرێكاران و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر گرفتی زۆریان هەیە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە كرێی رۆژانە و سەلامەتی شوێنی كاركردنیان و دەستەبەركردنی مافەكانیان دەكەن.
لەو بارەیەوە حەسەن رەمەزان  لێپرسراوی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەكو سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان تەئكیددەكەینەوە، پێویستە بەگوێرەی یاسای كاری ژمارە 71ی ساڵی 1987 شوێنی سەلامەتی بۆ كرێكاران دابین بكرێت، بۆئەوەی تووشی رووداوی نەخوازراو نەبنەوە و ژیانیان پارێزراو بێت.
وتیشی: ساڵانە بەهۆی پابەندنەبوونی بەشێك لە كۆمپانیا و خاوەنكارەكان لە هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە شاری هەولێر، چەندین كرێكار تووشی رووداوی نەخوازراو دەبن، بەهۆیەوە بەشێكیان گیان لەدەست دەدەن، یان بریندار و كەمئەندام دەبن، بەداخەوە تەنیا لە یەكی ئایار باس لەو گرفتانە دەكرێت، كە كرێكاران رووبەڕوویان دەبێتەوە.
 لێپرسراوی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیكای كرێكاران راشیگەیاند: تەنیا لە ساڵی رابردوو بەهۆی رووداوی نەخوازراو، 9 كرێكار لە سنووری هەولێر گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەكیش برینداربوون.
لەبارەی كەموكوڕی لەیاساكان و نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە كار لە هەرێمی كوردستان راگەیاند: لەماوەی زیاتر لە سی ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان هیچ یاسایەك دەرنەچووە تایبەت بێت بە كار و مافەكانی كرێكاران، هەرچەندە هەوڵ هەبووە ‌و پڕۆژە یاسا بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكراوە، بەڵام بەهۆكاری جیاواز هەرێمی كوردستان نەبووەتە خاوەن یاسایەكی تایبەت بە كرێكاران.
وتیشی: ئەوەی لەكاتی ئێستا كاری پێدەكرێت لەبواری كار و مافەكانی كرێكاران سێ یاسان، ئەوانیش یاسای كار ژمارە 71ی ساڵی 198‌ و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران ژمارە 39ی ساڵی 1971‌ و یاسای رێكخستنی سەندیكای كرێكاران ژمارە 52ی ساڵی 1987، ئەوانیش یاسای كۆنن و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەم سەردەمە یەكناگرنەوە، بۆیە ئێمە وەك سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، چەندینجار داوای دەركردنی یاسایەكی سەردەمیمان بۆ كرێكاران كردووە و تێیدا مافەكانی كرێكاران بپارێزێت.
 ئاماژەی بەوەشكرد: هەر بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە كار و مافەكانی كرێكاران، رۆژانە تووشی ئاستەنگی زۆر دەبینەوە، لەوانە  پێشێڵكردنی مافەكانی كرێكاران لە پێنەدانی دەستحەقی كاركردنیان، هەروەها نەبوونی شوێنی سەلامەتی كاركردن، ئەمە جگە لەوەی سەعاتی كاركردنی كرێكاران رەچاو ناكرێت، ئەمانە هەمووی وایكردووە توێژی كرێكاران وەك توێژێكی هەژار و كەمدەرامەت بمێننەوە و نەتوانن بەو كارەی دەیكەن، ژیانێكی شایستە بۆ خۆیان دابین بكەن.
حەسەن رەمەزان ئاماژەی بەوەشكرد: خاڵێكی تر پێویستە ئاماژەی  پێبكەین، ئەویش دەستەبەركردنی كرێكار یان زەمانی كۆمەڵایەتییە، راستە لە یاسا كۆنەكە هاتووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لەلایەن كۆمپانیا و خاوەنكارەكانیان جێبەجێ ناكرێت، بۆیە كاتێك كرێكار تووشی رووداوێك دەبن یان توانای كاركردنیان نامێنێت هیچ مافێك وەرناگرن، لەم حاڵەتەش جگە لەوەی خۆیان تووشی گرفتی گەورە دەبنەوە، هاوكات دەبنە بارگرانی بەسەر كەسوكارەكانیان، بۆیە ناكرێت بارودۆخی كرێكاران بەم جۆرە بەردەوامبێت.
هەر پەیوەست بەو بابەتە نۆژەن ئازاد عوزێری ئابووریناس بۆ كوردستانی نوێ وتی: لەهەر كۆمەڵگەیەك مافەكانی كرێكار پێشێڵبكرێت و وەك توێژێكی پەراوێز خراو سەیر بكرێت، ئەو كۆمەڵگەیە پێش ناكەوێت و ناتوانێت بۆ جێبەجێكردنی كارەكانی پشت بە كرێكاری ناوخۆ ببەستێت، بۆ ئەمەش ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بە یاسای سەردەمی هەیە، بە جۆرێك لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ئێستا بگونجێت.
 وتیشی: ناكرێت حكومەت لە رێكخستنی پەیوەندی نێوان كرێكار و خاوەنكارەكان تەنیا پشت بە رێنمایی  ببەستێت، كە بێگومان بەشێكی زۆری جێبەجێ ناكرێت ‌و بەشێك لە خاوەنكارەكانی پابەندی نابن، بەڵام لەكاتی دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە كار و مافەكانی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان ‌و چاودێریكردنی لەلایەن لیژنە پەیوەندارەكان، ئەوكات بەشێكی زۆر لەومافانە بۆ كرێكاران دەگەڕێتەوە، كە لەكاتی ئێستا پێشێڵ دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد: بوارێكی تری كاركردن كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان  فراوانبووە، ئەویش كاركردنە لە ماڵان یان كۆمپانیاكان، لەو بوارەش كەموكوری زۆرمان هەیە، چونكە هیچ یاسایەك نییە بۆ پاراستنی مافەكانیان و جیاكردنەوەی كرێكاری رەگەزی نێر و مێ، بۆیە لە كاتی پاراستنی مافەكانیان لە رێگەی یاسایەكی گونجاو، رەنگە لەجیاتی هێنانی كرێكار لەدەرەوە، دەتواندرێت سوود لە كرێكاری ناوخۆ وەربگیرێت، بەمەش رێژەی بێكاری كەمدەكرێتەوە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان