سەرەڕای قەدەغەكردنی، راوكردن لە دەشتی هەولێر بەردەوامە

11:25 - 2025-04-30
دووتوێ
24 جار خوێندراوەتەوە
ئاسک و ئاژەڵی کێوی لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمبوونەتەوە

ئا: هێدی گەڵاڵی


راوی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان مێژووییەكی كۆنی لە كوردستان و عیراق هەیە، لەرابردوو بەچەندین شێواز ئەنجامدراوە، دوای ئەوەی راوكردن كاریگەریی زۆری كردە سەر سروشتی كوردستان و تێكدانی ژینگەكەی، بڕیاری قەدەغەكردنی راوكردن درا، بەڵام هێشتا وەكو پێویست كۆنتڕۆڵ نەكراوە و بەشێك لە هاووڵاتیان پابەندی بڕیار و رێنماییەكان نابن، ئەمەش مەترسی لەسەر ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان دروستكردووە.
بەدران حەیدەر، یەكێكە لە راوچیانی سنووری گوندەكانی ناحیەی دیبەگە و كەندێناوەی دەشتی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئاژەڵی كێوی بە تایبەتی مامز (ئاسك) و كەروێشك لە سنووری ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا زۆر كەمبووەتەوە، بە بەراورد لەگەڵ سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراق.
 وتیشی: هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە راوچیانی كورد و كەسانی دەست رۆیشتوو لەو سنوورە دەتوانێت چەك هەڵگرێت و بەكاری بهێنێت بۆ راوی ئاژەڵە كێویەكان بە تایبەتیش ئاسك، بەڵام لە سنووری حكومەتی عیراقدا رێوشوێنەكان توندتر كراون.
شاخەوان عەبدولڕەحمان، یەكێكی ترە لە راوچییەكانی دەشتی شەمامك پێی راگەیاندین: راوكردن لەسنووری دەشتی هەولێر رووی لە زیادبوون كردووە، بەتایبەتی لەلایەن كەسانی بەرپرس و دەستڕۆیشتوو و بە چەك و تەقەمەنی، شەوانە لەو سنوورانە جۆرەها ئاژەڵ و پەلەوەر  راو دەكەن و سزاش نادرێن و چاوپۆشیان لێدەكرێت. 
باسی لەوەشكرد: بێ بەرنامەی و كەمتەرخەمی ئیدارەی خۆجێی هەولێر بە تایبەتیش پۆلیسی ژینگە و پاراستنی دارستان، وایكردووە تا ئێستا نەتواندرێت سەرژمێری راوچییەكانی كوردستان بە تایبەتی راوچیانی سنووری پارێزگای هەولێر بكەن و ناسنامەیان بۆ دروستبكەن، بە پێچەوانەی ئەوە لە سنووری ئیدارەی خۆجێی سلێمانی هەموو ساڵێك ناسنامە بۆ راوچییانی سنووری پارێزگاكەیان دروست دەكەن و ساڵانەش بۆیان تازەدەكرێتەوە.
 روونیشیكردەوە؛ یەكێك لە هۆكارەكانی دیكەی كەمبوونەوەی ئاژەڵە كێوییەكان لە سنووری دەشتی هەولێر و شەمامك و كەندێناوە، بۆ كەمتەرخەمی و ناهۆشیاری بەشێكی زۆر لە راوچییەكانی ئەو سنوورە دەگەڕێتەوە، بەوەی لە وەرزی خۆیدا راوناكەن.
پێشیوابوو: زۆربەی راوچییەكان لە وەرزی زاوزێ و كاتی دروێنەدا راوەكانیان زیاتر دەكەن، بۆئەوەی بێچووەكانیان بە ئاسانی دەستگیر بكەن، هەروەها بەهۆی زۆری ئەو پاڵاوگە نەوتییە نا یاساییانە و پیسكردنی خاك و ئاوی دەشتاییەكان، هاوكات تەلبەند و سیمكردنی زۆربەی زەوییەكانی ئەو سنوورانە، هەموو ئەوانە چەند هۆكاری دیكەن بۆ  كەمبوونەوەی باڵندە و ئاژەڵی كێوی.
لەلایەن خۆیەوە دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: راوكردن لە هەموو هەرێمی كوردستان بەهەموو جۆرەكانییەوە قەدەغەكراوە، ئینجا چ ئاژەڵی كێوی بێت یان باڵندە و كەروێشك و خشۆك، هەرچەندە ساڵانی پێشوو لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر مۆڵەتی رێپێدانمان بە راوچییەكانی دەشتی هەولێر و شەمامك و كەندێناوە داوە، بەڵام لە ئێستادا مۆڵەتیان لێسەندراوەتەوە.
 وتیشی: وەك فەرمانگەی ژینگەی هەولێر سوپاسگوزاری ئەو كەس و لیژنە و چاودێرانە دەكەین، كە ئاگادارمان دەكەنەوە لەوەی كات و شوێنی راوچییەكان ئاشكرا دەكەن، هەر راوچییەك بەڵگەی لەسەر بێت كە راوچییە و یان لە ئان و ساتی راوكردندا بێت، ئەوە دەدرێتە دادگا، زۆرجاریش ئاشكرابوونە و سزا دراون.
روونیشیكردەوە: سزاكانی راوكردن زیاتر ماددین، بۆ هەر جۆرێك لە ئاژەڵ و باڵندە و خشۆكەكان بڕی پارەی جیاواز هەیە، بۆ ئاژەڵی كێوی و مامز (ئاسك) بڕی 10 ملیۆن دینار، پڵنگ و ورچ 20 ملیۆن، پشیلە 5 ملیۆن، رێوی 300 هەزار، سمۆرە 500 هەزار، كەو و سوێسكە و ریشۆڵە 200 هەزار، باز بە هەموو جۆرەكانییەوە 10 ملیۆن و خشۆكەكانیش 100 هەزار دینار.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان