ئا: رەوەست نەوزاد
زیادكردنی رێژەی سەوزایی و بایەخدان بەچاندنی دار و درەخت، بەیەكێك لە رێگەچارەكانی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی پیسبوونی ژینگەی دادەنرێت، بەتایبەتی بۆ شارێكی وەك هەولێر، كە بەهۆی زۆری رێژەی ئۆتۆمبێل و موەلیدەكانی گەڕەك و بوونی پاڵاوگەیەكی زۆری نایاسایی، ژینگەكەی پیسكراوە و لە رابردووشدا چەندینجار هۆشداری بە ئیدارەی شارەكە و لێپرسراوان دراوە، بەڵام تا ئێستا وەكو پێویست كار بۆ باشتركردنی نەكراوە و بەشێكی زۆر لە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگەی هەولێر بەردەوامیان هەیە.
جەمال عومەر، هاووڵاتییەكی شارەكەیە لەو بارەیەوە بۆ كوردستانی نوێ دەڵێت: هەرچەندە من شارەزاییم لەبواری ژینگە نییە، بەڵام ژینگەی شاری هەولێر بەڕێژەیەكی زۆر مەترسیدار پیسبووە، هۆكارەكەشی بۆ بوونی ئەو هەموو موەلیدە و ئۆتۆمبێل و پاڵاوگانە دەگەڕێتەوە، كەچەندین ساڵە باس دەكرێت.
وتیشی: بۆئەوەی زیانەكانی پیسبوونی ژینگە كەمبكرێتەوە، پێویستە لێپرسراوانی شارەوانی و ژینگەی هەولێر، بایەخی زیاتر بەچاندنی درەختی جۆراوجۆر و دروستكردنی باخچە و پارك لەشوێنە جیاوازەكان بدەن.
بەهەمانشێوە ئەكرەم عەلی، هاووڵاتیەكی دیكەی هەولێرە لەبارەی رێژەی سەوزایی شارەكە پێیوتین: هەر شارێك لەوەرزی هاوین پلەكانی گەرمای تێدا بەرزبێت و خەڵكەكەی تووشی بێزاری بكات، بزانە هۆكارەكەی كەمی رێژەی سەوزایی و دار و درەختە، ئەوەی لە هەولێر بەدی دەكرێت، بەتایبەتی مانگەكانی حەوت و هەشت، چونكە لەو ماوەیە گەرمایەكی بەتین و تاقەت پڕوكێن رووی تێدەكات، بەتەئكید ئەگەر رێژەی دار و سەوزاییمان هەبێت بەو جۆرە نابێت.
پێشیوابوو: راستە سەوزكردن و چاندنی درەختی جۆراوجۆرە گرنگ و پێویستە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەش دەبێت خزمەت بكرێن و پارێزگارییان لێبكرێت، چونكە پێشتر كاری زۆر باشكراوە بۆ چاندنی دار و درەخت، بەڵام لەبێ ئاوی و بێ خزمەتی وشكبوون، یان تووشی سووتان و بڕینەوە هاتوون.
دڵشاد حسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بەكوردستانی نوێی راگەیاند: رێژەی ستانداردی سەوزایی لەلای ئێمە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جیاوازی هەیە، ئێمە وەكو دەستەی ژینگەی هەرێم، تەنیا رێژەی درەخت بەسەوزایی هەژماردەكەین كە دەبێت 25 % بێت، بەڵام وەزارەتی شارەوانی لەیەك كاتدا چیمەن و درەخت بەیەكەوە بەڕێژەی سەوزایی هەژماردەكەن، بۆیە تا ئێستا لەشاری هەولێر نەگەیشتووەتە ئەو رێژەیە.
وتیشی: هەرچەندە لەئێستادا داتایەكی تەواویشمان لەبەردەست نییە، بۆئەوەی بزانین رێژەی سەوزایی بووەتە چەند، چونكە لەو چەند ساڵە رووپێومان نەكردووە، بۆیە دەبێت ئەو كارە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەوەشی بەلای ئێمەوە گرنگە و جێگەی بایەخە، چاندنی رێژەیەكی زۆرە لەدار و درەخت لەشارەكە.
سەروەر وەیسی لێپرسراوی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی ئەندازەی پارك و باخچەكانی هەولێر لەسەر هەمان بابەت بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەئێستادا شاری هەولێر رێژەی سەوزاییەكەی نزیكە 20 % هەرچەندە دەبێت رێژەی سەوزایی لەچەقی شارەكان 25 % تا 30 % بێت.
وتیشی: بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی لەشارەكە دەبوایە لەساڵی 2008 پشتێنەیەكی سەوزایی بۆ شارەكە دروست بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هەولێر شارێكە زوو گەشە دەكات، دەبێت بەشێوەی بازنە بازنە بۆی دروست بكرێت.
باسی لەوەشكرد: ئەو شوێنانەی كارگە و پاڵاوگەیان لێوە نزیكە، پێویستیان بە رێژەی سەوزایی زیاتر هەیە، بەراورد بە شوێنەكانی دیكە، لەم حاڵەتەش پێویستە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی هەولێر بڕیاربدات، لەوەی كاتێك هەر كارگەیەك یا پاڵاوگەیەك دروست دەكرێت، پانتایەكی سەوزایی لەو ناوچانەش دروست بكەن.
ئاشكراشی كرد: لەرێگەی دروستكردنی چەند پارك و دوورگەیەك، كار بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر دەكەین، لەوانە لەسەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی 120 مەتری لەسەر شەقامی گشتی رێگای موسڵ، دووەمیان پاركی رەشكین، سێیەم پاركیش لەگەڕەكی نازناز، چوارەم پارك لەگەڕەكی ژیان دەبێت.